دادگای یهكێتیی ئهوروپا پەکەکە لە لیستی "تیرۆر" دەهێڵێتەوە
رووداو - هەولێر
دادگای یەکێتیی ئەوروپا لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا پەکەکەی لە لیستی تیرۆردا هێشتەوە. لە هەمانکاتدا دادگاکە پێیوایە لهنێوان ساڵانی 2014 بۆ 2017 پهكهكه "بەناحهقی" له لیستی تیرۆردا بووە.
دادگای دادی ئهوروپی ئهمڕۆ (پێنجشهممه 2018-11-15) له بڕیارێكی نوێدا رایگهیاند "لهنێوان 2014 بۆ 2017 هێشتنەوەی پارتی كرێكارانی كوردستان لە لیستی تیرۆر ناحهقی بووە". بهپێی حوكمهكهی دادگای یهكێتیی ئهوروپا، ئهنجوومهنی وڵاتانی ئهندام بۆ بڕیار و رێكاری دهركراو، هۆكاری پێویستیان نهخستووهتهڕوو، كه پهكهكهیان لەو ساڵانەدا لە لیستی تیرۆردا هێشتووەتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا دادگاکەی لۆكسمبۆرگ رایگەیاند "رێکارە یاساییە نوێیەکانی ئەنجوومەنی ئەوروپا ئەوە دەخوازێ پەکەکە لەناو ئەو لیستەدا بمێنێتەوە و ئەكاونته بانكییەکان و سهرمایهكهشی بهسڕكراوی دهمێنێتەوە".
یهكێتیی ئهوروپا، پارتی كرێكارانی كوردستان بهوه تۆمهتبار دهكات كه بههێزی چهك و هێرش ههوڵی دروستكردنی دهوڵهت یاخود ئۆتۆنۆمی له باشووری رۆژههڵاتی توركیا (باکووری کوردستان) دەدات و له ئهنجامیشدا ههزاران كهس بوونهته قوربانی.
پەکەکە 40 ساڵە دامەزراوە و عەبدوڵڵا ئۆجەلان -کە لە ئیمراڵی زیندانیکراوە- رێبەری پارتەکەیە. پەکەکە ماوەی نزیکەی 20 ساڵە لەلایەن ئەمریکا و ئەوروپاوە خراوەتە لیستی رێکخراوە "تیرۆریستییەکان". ئەو وڵاتانە خەباتی پەکەکە دژی تورکیا بە نایاسایی و دژی سەروەری وڵات دەزانن. پەکەکەش چەندینجار هەوڵیداوە لەو لیستە بهێندرێتە دەرەوە بەڵام تاوەکو ئێستا ئەنجامی نەبووە.
دوایین بڕیاری ئەمریکاش لەبارەی سێ سەرکردەی پەکەکە جارێکی دیکە ئەو پارتە کوردییەی نیگەرانکردەوە، کاتێک ئەمریکا دوای گفتوگۆ لەگەڵ تورکیا بڕیاریدا بڕی 12 ملیۆن دۆلار وەک بەخشش بدات بە هەر کەسێک کە زانیاری لەبارەی شوێنی جەمیل بایک، موراد قەرەیڵان و دووران کاڵکان بە هێزەکانی ئەمریکا بدات، بۆ ئەوەی بیانکاتە ئامانج.
ئەو بڕیارەی ئەمریکا لەکاتێکدایە، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لەگەڵ شەڕڤانانی یەپەگە - کە هێزێکی نزیک لە پەکەکەیە لە رۆژئاوای کوردستان- لە شەڕی دژی داعش لە هاوئاهەنگیدان، ئەوەش تورکیای نیگەرانکردووە و پێیوایە یەپەگە هەر پەکەکەیە و نابێ ئەمریکا مامەڵەی لەگەڵدا بکات.
سەرەڕای نیگەرانییەکانی ئەنقەرە و فشارەکانی بۆ پاشگەزکردنەوەی واشنتن، بەڵام هەردوو ئیدارەی باراک ئۆباما و دۆناڵد ترەمپ وەک تاکە هێزی باوەڕپێکراو لە شەڕی دژی داعش لە سووریادا مامەڵەیان لەگەڵ یەپەگە کردووە و ئێستا ئەو هاوئاهەنگییە بەردەوامە، ئەوەش لە چوارچێوەی پێکهێنانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کە یەپەگە هێزی سەرەکییەتی.
دوای گفتوگۆ و دانوستاندنی ناڕاستەوخۆ، لە نەورۆزی 2013 پەکەکە و حکومەتی تورکیا ئاگربەستیان راگەیاند و کۆتایی قۆناخی شەڕ راگەیێندرا، بەڵام ئەو ماوەیە زۆری نەخایاند، دوای ئەوەی لە ناوەڕاستی ساڵی 2015 جارێکی دیکە شەڕ دەستیپێکردەوە و لە ماوەی ساڵی رابرووشدا تورکیا بەچڕی دەستی بە بۆردوومانی پەکەکە کردووە.
داڕشتنەوە: حەکیم داود