چیرۆکی ژن و مێردێکی کوردی دانیشتووی ئۆزبەکستان؛ منداڵی پێشمەرگەی مەلا مستەفا بارزانین
رووداو دیجیتاڵ
مەحموود و هەدیە دوو هاوژینی کوردن، هەردووکیان منداڵی پێشمەرگەی مەلا مستەفا بارزانین. باوکی مەحموود بەناوی رەحمان مەحموود ئەحمەد، خەڵکی مهاباد بوو، باوکی هەدیە بەناوی بابەکر محەممەد زوبەیر خەڵکی بارزان بوو. ئەوان لە تاشکەند لە پایتەختی ئۆزبەکستان دەژین.
دوای رووخانی کۆماری کوردستان، لە ساڵی 1947، ئەو دووانە پێکەوە لەگەڵ 499 پێشمەرگە، بە سەرکردایەتیی مەلا مستەفا بارزانی، چوونە ناو خاکی یەکێتیی سۆڤێت و لە ساڵی 1948 گواستراونەتەوە بۆ ئۆزبەکستان و لە ناوچەی نەمانگان نیشتەجێ بوون.
مەحموود رەحمان، کوڕی پێشمەرگە دەڵێت، "لە نامانگان دەستمان کرد بە فێربوونی زمانی رووسی. لە ساڵی 1954 باوکم رەفیقە ئوسمانۆڤای دایکمی ناسی و هاوسەرگیریی لەگەڵ کرد. لە ساڵی 1955 خوشکم ساشا لەدایکبوو. پاشان لە ساڵی 1958 مەلا مستەفا بارزانی رایگەیاند کە دەگەڕێینەوە بۆ وڵات. لەو سەردەمەدا زۆرێک لە کوردەکان لە گوندی ڤرێڤسکی، کە بە زمانی ئەلمەزارای ئێستا، هاوسەرگیریان کردووە. کێ ژنی تێتەری هێنا، کە ئۆزبەکی هێناوە، کێ تێتەری لە کریماوە هێناوە، کێ تێتەری لە کازانەوە هێناوە. هەریەکەیان دوو سێ منداڵیان هەبوو. هەموویان سواری کەشتی (گورزیە) دەبن و دەگەنە بەسرەی عێراق و پاشان خۆیان دەگەیێننە کوردستان."
لە درێژەی گێڕانەوەکەدا مەحموود رەحمان گوتی، "لە ساڵی 1961 جارێکی دیکە شەڕ دەستی پێکردەوە. من لە ساڵی 1962 لە شاری هەولێر لەدایکبووم. دایکم هەموو منداڵەکانی برد بۆ بەغدا و لەوێ ناسنامەیەکی نوێی بۆ دروستکردم و ناوی کۆتایی خۆی بە حەبیبولین داوە. هەروەها نووسراوە کە من لە بەغدا لەدایکبووم. ئەمە لە ناسنامەکەمدا بنووسە: بەغدا - عێراق. لە ترسەوە ئەو قسەیەی نووسیوە، چونکە دەنگۆیەک بڵاوببووەوە کە کوڕێکی رەحمان لەدایکبووە و مەترسیی ئەوە هەیە بیکوژن یان بیگرن، بۆئەوەی باوکم بگرن. بە هاوکاریی باڵیۆزخانەی سۆڤێت، دایکم عێراقی جێهێشت و گەڕایەوە ئۆزبەکستان."
هەدیە بابەکر، کچی پێشمەرگە دەڵێت، "دایکم بەرگەی سەختییەکانی شەڕی نەدەگرت. منداڵەکانی بچووک بوون، بۆیە دەترسا. مانگێک پێکەوە بە کەشتیی (گورزیە) گەشتمان کرد و گەیشتینە شاری ئۆدێسا، لەوێشەوە بەرەو مۆسکۆ و لەوێشەوە بۆ تاشکەند."
ساڵی 1964 جارێکی دیکە ئاگربەست لەنێوان عێراق و کوردستان راگەیێندرا؛ مەحموود رەحمان دەڵێت، "پاشان باوکم دەزانێت دایکم عێراقی بەجێهێشتووە. بڕیاری دا خێزانەکەی بدۆزێتەوە و لە ساڵی 1965 بە شێوەیەکی نایاسایی عێراقی بەجێهێشت. هەروەها لە ئێرانەوە بەسەر رووباری ئێرزەوە سنوور دەبڕێت. هەموو رێگاکەی بە باشی دەزانی، بەڵام لە سنوور دەستگیری دەکەن. بۆ ماوەی یەک دوو مانگ وەک زیندانی دەمێنێتەوە. پاشان دایکم کە هاووڵاتیی یەکێتیی سۆڤێت بوو، داواکاری پێشکێش کرد و لە پاییزدا باوکم گەیشتە تاشکەند."
ئامانجی باوکی، وەکو مەحموود رەحمان دەڵێت، هێنانەوەی خێزانەکەی بوو، "بەڵام کەی جی بی، یان هەواڵگریی سۆڤێتی ئەوکات پێی دەڵێن، تۆ بڕۆ و بگەڕێوە، بەڵام خێزانەکە لێرە دەمێنێتەوە، چونکە خێزانێکی سۆڤێتییە. باوکم ئیدی هیچ بژارەیەکی نەماوە. بەبێ خێزانەکەی نەیدەتوانی بگەڕێتەوە. لە ئەنجامدا ئەویش دەمێنێتەوە."
لە بەشێکی گێڕانەوەکەیدا هەدیە بابەکر ئاماژەی بەوە کرد، "ساڵی 1972 باوکم هەوڵیدا خێزانەکەی بگەڕێنێتەوە بۆ کوردستان. هەموو بەڵگەنامەکان ئامادە دەکات و دەینێرێت. لێرەدا حکومەتی سۆڤێت 48 رۆژی پێداین بۆئەوەی بڕیاری خۆمان بدەین. براکانی دایکم دەستیان کرد بە قەناعەت پێکردنی دایکم کە بمێنێتەوە. گوتیان: هەڵەی پێشووت دووبارە مەکەرەوە. بیر لە منداڵەکانتان بکەرەوە. بەڕاستی دایکم حەزی دەکرد بگەڕێتەوە. بەڵگەنامەکانیش ئامادە بوون، بەڵام دەمێنێتەوە. پەیوەندیمان بەردەوام بوو، باوکم بە بەردەوامی نامەی دەنارد. یارمەتیی نارد، بەپێی دەرفەتی خۆی. وەکو پێشمەرگە کارەکانی خۆی ئەنجام دەدا، ئێمەی لەبیر نەکرد. باشە ئەوە چارەنووسی ئێمە بوو. پەیوەندیی ئێمە تەنیا کاتێک پچڕا کە روویان لە ئێران کرد، بەڵام دواتر ئەو پەیوەندییە دروست بووەوە. باوکم لە نەغەدەوە نامەی بۆ دەناردین. دایکم لە ساڵی 1993 کۆچی دواییکرد. ئەو ئامۆژگاریی کردین: بە دڵنیاییەوە سەردانی وڵاتەکەت بکەین، پەیوەندیتان لەدەست مەدەن، چونکە گەڕانەوەمان بۆ ئۆزبەکستان چارەنووسسازە."
کاتێک یەکێتیی سۆڤێت رووخا، باوکی مەحموود رەحمان بڕیاری دا بچێتە ئەو وڵاتە، بۆ ئەو مەبەستەش ماڵەکەی فرۆشتووە تاوەکو بە هەمان پارە بگاتە عێراق، بەڵام مانگێک پێش ئەوەی بڕوات، پاسێک لێیداوە و لە بینینی وڵاتەکەی بێبەش بووە.
مەحموود رەحمان دەڵێت، "لە ساڵی 2004 پەیامێک بۆ ژنەکەم هات، کە باوکی بابەکر لەوێ هاوسەرگیریی کردووەتەوە. بنەماڵەی دووەمیشی پەیامێکیان ناردووە کە بێن، کوردستان ئێستا ئازادە، بارودۆخی وڵات زۆر باشە. سەرەتا بە ژنەکەمم گوت کە ئەو بڕوات، چونکە تەلەفۆنیان بۆ کرد. زوبەیری برای ئەو کاتە لە ژیاندا بوو. چوونە ئێران. لە ئێران نادری برای بەخێرهاتنیانی کرد. بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2004 هەنگاویان ناوە سەر خاکی کوردستان. پاشان ژنەکەم لەوێوە تەلەفۆنی بۆ کردم و گوتی، مەحموودیش با بێت. من و کوڕەکەمیش چووینە کوردستان."
هەدیە بابەکر دەڵێت، "لە سەر سنوور هەموو خزمەکانمان هاتبوون بۆ پێشوازیکردنمان. براکانم، خوشکەکانم، تەنانەت خاڵۆزا و پورەکانیشم هاتبوون. زۆر بە گەرمی پێشوازییان لێکردین. هەموومان گریاین. پێکەوە سنوورمان بەزاند، گەیشتینە ماڵی باوکم. بەم شێوەیە وڵاتەکەمان دەبینی. براکانم زۆر باشن. فکری دەرهێنەرە، فیلمی دیکۆمێنتاری و سینەماکاری دەکات. نادر مێژوونووسە. تا دەیتوانی پشتگیریی کردین. ماوەیەک لەگەڵ براکانمان دەژیاین، لەگەڵ دایکی دووەمم. دوای ئەوەی هاوسەرەکەم و کوڕەکەم دەستیان بە کار کرد، خانوویەکمان بە کرێ گرت."
مەحموود رەحمان ئاماژە بەوە دەکات، "لە کوردستان ماینەوە. ساڵ و نیوێک لەوێ ژیاین. پاشان لەگەڵ خێزانەکەم هاتینەوە تاشکەند؛ بەڵام هەموو ساڵێک دەگەڕێمەوە، چونکە مووچە وەردەگرم. هەردوو خزم و کەسوکاری ژنەکەم لەوێ دەژین. بێگومان خەونم ئەوە بوو کە لەوێ بمێنمەوە. پشتیوان بە خوا ئەگەر دەرفەتێکی وا هەبێت، ئەگەر خانوویەکمان پێ بدەن، بۆئەوەی بتوانین وەکو خێزان لەوێ بژین، من بە خۆشی لەوێ دەمێنمەوە."
هەدیە بابەکریش گوتی، "سوپاسگوزارم بۆ وڵاتەکەم. دەمەوێت هەمیشە پێشمەرگایەتیمان لەبیربێت. لەبیرمان نەچێت چۆن خەباتیان بۆ ئازادی کرد. سوپاسگوزاری حکومەتی کوردستانم، کە هاوکارە بۆ پاراستنی یادەوەریمان، هاوکاریی منداڵەکانمان دەکات، وەکو منداڵی خۆیان. زۆر سوپاس!"
پێشمەرگە بابەکر، باوکی هەدیە لە بارزان بەخاک سپێردرا. پێشمەرگە رەحمان، باوکی مەحموودیش لە تاشکەند. مەحموود و هەدیە تەنیا یەک کوڕ و دوو نەوەیان هەیە؛ هەمیشەش پێکەوە سەردانی گۆڕی باپیرانیان دەکەن.