"رووسیا بۆ پشتگیری ترەمپ دیموکراتەکان هاک دەکات"
رووداو - ئاژانسەکان
بەرپرسی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی حزبی دیموکراتی ئەمریکا رایگەیاند، هاککەرەکانی حکومەتی رووسیا تۆڕی کۆمپیتەرەکانی ئەو دامەزراوەیان هاک کردووە بۆ دەستکەوتنی زانیاری لەبارەی دۆناڵد ترەمپ.
بەپێی گوتەی دێبی واسێرمەن شۆڵتز، بەرپرسی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی حزبی دیموکراتی ئەمریکا "مەبەستی ئەو هاکكەرانە ئەوە بووە زانیارییەکانی حیزبی دیموکرات لەبارەی دۆناڵد ترەمپ بەدەستبهێنن".
شۆڵتز ئەو هێرشەی بە هێرشێکی جیدی وەسف کردووە و، رووسیاش رەتی دەکاتەوە دەستی لەو هێرشە سایبەرییەدا (ئینتەرنێتییەدا) هەبووبێت، دیمێتری پێسکۆف، گوتەبێژی کریملین لەمبارەیەوە رایگەیاندووە "من بەهەموو شێوەیەک بوونی دەستی حکومەت، یان دامەزراوە حکومییەکانی رووسیا لەم بابەتەدا رەتدەکەمەوە".
دۆناڵد ترەمپ بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، پێشتر بە ستایشەوە باسی لە ڤلادیمیر پوتین، سەرۆککۆماری رووسیا کردووە و، گوتوویەتی دەبێ ئەمریکا لە ناتۆ بچێتە دەرەوە، لە بەرامبەریشدا پوتینیش ستایشی ترەمپی کردووە.
ئەم تۆمەتبارکردنەی حکومەتی رووسیا دوای ئەوە دێت لە ساڵی 2015-دا هاککەرەکانی رووسیا بە هاککردنی ئیمەیلەکانی باراک ئۆباما تۆمەتبار کران.