پێشبینی دەکرێت ژمارەی کورسییەکانی حیزبوڵڵا لە هەڵبژاردنەکەی لوبنان کەمبکات
رووداو دیجیتاڵ
لە لوبنان 718 بەربژێر کێبڕکێیان لەسەر 128 کورسی پەرلەمانی لوبنان کرد. پێشبینی دەکرێت نزیکەی چوار ملیۆن لوبنانی بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاتەکەیاندا کردبێت.
هەڵبژاردنی ساڵی 2022 دوای چەند رووداوێکی مێژوویی دێت کە لەو وڵاتە روویاندا. خۆپێشاندانەکانی ئۆکتۆبەری 2018، داڕمانی لیرە لوبنانی لە 2019 بۆ نزمترین ئاست لە 22 ساڵی رابردوودا و تەقینەوەکەی بەندەری بەیرووت لە ساڵی 2020 کە زیاتر لە 215 کەس کوژران.
حوسەین بایدۆن، هاووڵاتییەکی لوبنانییە و دەڵێت، "دەبێت خەڵک دەنگ بدات و بۆچوونی خۆی دەربڕێت. ئەوە تاقیکردنەوەیەکە بۆ خەڵک لە داهاتوو بۆ ئەوەی بەهێزییان لە وتنی نەخێر لە سندووقەکانی دەنگدانەوە پیشانبدرێت."
پێشبینی دەکرێت رووداوەکانی ساڵانی رابردوو گۆڕانکاری لە پەرلەمانی لوبناندا دروستبکەن و دەنگی حیزبەکانی سەر بە حیزبوڵڵا کە خاوەن 71 کورسی بوون لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018 کەمبێتەوە.
مەها یەحیا، بەڕێوەبەری سەنتەری ماڵکۆم لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت، "گۆڕانکارییە لەناکاوەکان دۆخێکی دروستکرد لە وڵاتەکە کە خەڵک پێویستی بە هاوکاریبێت بۆ ژیان. لەگەڵ داڕمانی ئابووری و ژیان، هیچ ئۆپۆزیسیۆنێکی راستەقینە دەرنەکەوت بۆ رووبەڕووبوونەوەی سیستمە سیاسییەکە و دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ دۆخەکە."
هەلومەرجەکانی هەڵبژاردنی ساڵی 2022ـی لوبنان، رەنگە گۆڕانکارییەک بێنێتە ئاراوە. بەشێوەیەک کورسی حیزبە پاڵپشت لێکراوەکانی وڵاتە رۆژهەڵاتییەکان زیادبکەن و کورسییەکانی حیزبوڵڵاش کەمببنەوە.