سپەیس ئێکس رۆبۆتێکی بۆ سەر مانگ رەوانەکرد
رووداو دیجیتاڵ
بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، دوای نزیکەی پێنج دەیە، کۆمپانیای سپەیس ئێکس، رۆبۆتێکی لە رێگەی مووشەکی فالکۆن 9ـەوە رەوانەی سەر مانگ کرد.
ئەوە یەکەم گەشتی سەر مانگە کە لایەنی حکومی پێی هەڵنەسابێت و کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت ئەنجامی بدات.
کەشتییە ئاسمانییەکە رۆبۆتێکە ناونراوە ئۆدیسوس، لەلایەن کۆمپانیای Intuitive Machines دروستکراوە کە بارەگاکەی لە هیوستنی تێکساسە.
کاژێر 08:30 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ، رۆکێتێکی فالکۆن9 لە سەنتەری بۆشایی ئاسمانی کەنەدیی ئاژانسی ناسا لە فلۆریدا رۆبۆتەکەی نارد بۆ سەر مانگ.
مارکوس روفەر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سکۆرپیوس پێشتر رایگەیاندبوو، "نیشتنەوەی ئامێرەکە چیرۆکە راستییەکەیە، سەرکەوتنێکی راستەقینەشە بۆ هەموومان و بۆ کۆمپانیاکە و بۆ IM و بۆ پیشەسازییەکە بە گشتی، چونکە باوەڕموایە گەڕاوینەتەوە نێو کێبکڕکێکە کە بریتییە لە گەڕانەوە بۆ سەر مانگ، بەو هیوایەی بتوانین لەکۆتاییدا خەڵکیش لەوێ بەجێبێڵین کاری خۆیان بکەن و لەوێ بژین."
بڕیاربوو رۆبۆتەکە رۆژی چوارشەممە رەوانە بکرێت، بەڵام ناسا رایگەیاند پلەی گەرمی گازی میسانەکەیان جێگیر نییە.
گازی میسانەکە لەنێو تانکێکی نوێ هەڵدەگیرێت کە کۆمپانیای سکۆرپیوسی کالیفۆرنیایی 20 ساڵە خەریکی بونیادنانییەتی تاوەکو ناسا پێی رازیبوو. تانکەکە لە کاربۆن دروستکراون، کێشیان سووکە و لە فرۆکەشدا بەکاردەهێندرێن.
بەگوێرەی پلان بێت، رۆبۆتەکە لە 22ی شوبات لەسەر مانگ دەنیشێتەوە.
رۆبۆتەکە کەرەستەی ناسا هەڵدەگرێت و ئامانج لە ناردنی زەمینەسازییە بۆ یەکەمین نیشتنەوەی مرۆڤ لەسەر مانگ لەدوای ئاپۆڵۆ 11 لە ساڵی 1972.
چونکە کێبکڕکێکە گەرمە و ئەگەر ئەمریکا لە ئەیلوولی 2026 مرۆڤ نەنێرێتە سەر مانگ، لە 2030 چین کارەکە دەکات.
بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، دوای نزیکەی پێنج دەیە، کۆمپانیای سپەیس ئێکس، رۆبۆتێکی لە رێگەی مووشەکی فالکۆن 9ـەوە رەوانەی سەر مانگ کرد.
— Rudaw (@Rudawkurdish) February 15, 2024
رۆبۆتەکە ناونراوە ئۆدیسوس و لەلایەن کۆمپانیای Intuitive Machines دروستکراوە https://t.co/WbFq8bbXqr pic.twitter.com/J4mpmVBqbo