کوردانی دیاسپۆرا لەڕێگەی کامپەینەوە کۆمەک بۆ قوربانییانی بوومەلەرزە کۆدەکەنەوە

رووداو دیجیتاڵ

کوردانی دیاسپۆرا دەستیان بە کامپەینی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ قوربانییانی بوومەلەرزەکان کردووە، یەکێک لەو شوێنانەی هاریکاریی لێ کۆکراوەتەوە شاری ڤۆلفسبۆرگە کە 80 تۆن کەلوپەل و 100 هەزار یۆرۆی تێدا کۆکراوەتەوە. 
 
دەنیس ڤایلمان، سەرۆکی شارەوانیی گەورەی شاری ڤۆلفسبۆرگ باس لەوە دەکات "لەبەر ئەو رەوشەی هەیە، ئێمە زوو هەموو کۆمەڵە بەشدارەکانمان بانگهێشتی شارەوانی کرد و گفتوگۆمان کرد لەبارەی ئەوەی چۆن دەتوانین هاوکار بین و ویستمان زوو پاڵپشتی بکەین".
 
ئەو کوردانەی لەو شارە نیشتەجێن، بەتایبەتی کوردانی رۆژئاوای کوردستانن، بەشێکی سەرەکیی ئەو کەمپەینە بوون، بەڵام تەنیا کورد لەو کامپەینەدا بەشدار نەبوون، بەڵکو خەڵکی تورکیا و نەتەوەی دیکەش بەشدار بوون.
 
ئیرینا رێشکە، راسپێردراوی ئینتەگراسیۆنی شاری ڤۆلفسبۆرگ باس لەوە دەکات ئەو کارە بۆ ئەو تایبەت بووە، "من، شانازی بە هەموو ئەو کەسانەوە دەکەم، کە پاشخانی کولتووری و ئایینی جیاوازیان هەیە و یارمەتیدەر بوون".
 
بەنگین و هاوڕێکانی بەبێ ئەوەی هیچ رێکخراو و کۆمەڵەیەک هاوکارییان بکات، هاوکاریی: خۆراک، خواردنەوە و پێویستیی پاککردنەوەیان کۆکردووەتەوە و ئێستاش 11 بارهەڵگریان ئامادەن بۆ رەوانکردنیان. ئەوان چاوەڕوانن دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەماهەنگییان بۆ بکات تاوەکو کۆمەکەکان بگەیەننە باکوور و رۆژئاوای کوردستان.
 
نەک تەنیا لە ئەڵمانیا، بەڵکو لە تەواوی وڵاتانی ئەوروپی هاووڵاتییانی کوردی دیاسپۆرا و رێکخرای هاوکاری و خێرخوازی بە شێوازی جیا هاوکاری و کۆمەکی دارایی و کەلوپەل بۆ قوربانییانی بوومەلەرزەکان دەنێرن.
 
بەپێی دوایین ئاماری فەرمیی تورکیا، تائێستا 35 هەزار و 418 کەس بەهۆی بوومەلەرزەکانی 6ـی 2ـی 2023 گیانیان لەدەستداوە، کە بە گوڕی 7.7 و 7.6 پلەی رێختەر روویاندا و ناوەندەکەیان مەرەشی باکووری کوردستان بوو. بوومەلەرزەکان لە رۆژئاوای کوردستان و سووریاش بەپێی دوایین ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی 7396 کەس.