ئەنتۆنی بلینکن: لەگەڵ تورکیا بەرژەوەندیی هاوبەشمان هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر
رووداو دیجیتاڵ
وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و تورکیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا و پێکەوە چەند بابەتێکیان تاوتوێکرد، لەوانەش شەڕی نێوان سوپای تورکیا و پەکەکە و قەیرانی سووریا.
نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە گوتی، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ئەمڕۆ لەگەڵ مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا جەختیکردەوە لە "گرنگیی ماوە درێژیی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان و تورکیا، بەرژەوەندییە هاوبەشەکەمان لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریزم، گرنگی دامەزراوە دیموکراسییەکان، حوکمڕانیی گشتگیر و رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ".
نێد پرایس دەڵێت، هەردوو وەزیری دەرەوە لەبارەی سووریاش قسەیانکردووە و بەڵێنیاندا هاوئاهەنگیی نێوان هەردوو وڵات و پاڵپشتییان بەهێزبکەن بۆ بەدەستهێنانی چارەسەرێکی سیاسی بۆ قەیرانی ئەو وڵاتە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتووە، "وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەرەخۆشیی خۆی بۆ مردنی دیلەکانی تورکیا لە باکووری عێراق دەربڕی و هەڵوێستی ئێمەی دووپاتکردەوە کە تیرۆریستانی پەکەکە بەرپرسیارن".
پێشتر هەپەگە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو، تورکیا ئەو کەسانەی کوشتووە و ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکەشی بۆ کوشتنیان بووە نەک ئازادکردنیان.
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوای لە هاوشانە تورکییەکەی کردووە، ئەنقەرە سیستەمی ئێس 400ی رووسی لای خۆی نەهێڵێتەوە و پاڵپشتیی خۆیشی دەربڕی بۆ گفتوگۆ بەردەوامەکانی نێوان تورکیا و یۆنان، کە هەردوو وڵات ئەندامی ناتۆن.
باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنقەرە بانگکرایە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، دەڤید ساتەرفیڵد، باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنقەرە بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا کراوە و کاردانەوە و رەخنەی تورکیای لەبارەی هەڵوێستی واشنتن لە بابەتی کوژرانی 13 سەرباز و پۆلیسەکەی تورکیا پێ راگەیێندراوە.
هاوکات تورکیا کاردانەوەی بەرامبەر ئەو راگەیێندراوەش نیشاندا کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاویکردووەتەوە و گوتوویەتی "ئەمریکا نیگەرانە بەرامبەر کوژرانی 13 هاووڵاتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستانی عێراق. ئێمە لەپاڵ تورکیای هاوپەیمانی ناتۆداین و سەرەخۆشی لە خانەوادەی ئەوانە دەکەین کە لە دوایین پێکدادانەکاندا گیانیان لەدەستدا. ئەگەر هەواڵی کوژرانی ئەو هاووڵاتییانەی تورکیا بەدەستی پەکەکە راست بێت، بەوپەڕی تووندییەوە سەرکۆنەی دەکەین".
ئەمڕۆ دووشەممە 15ی شووباتی 2021 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی کوژرانی ئەو 13 سەرباز و پۆلیسە گوتی "ئێستا پێشنیازێکی بەدواداچوون ئاراستەی پەرلەمان دەکەین. وەزیری ناوخۆ یان وەزیری بەرگری لە پەرلەمان وردەکارییەکان دەخەنەڕوو، چونکە نوێنەرانی ئەمانە لە پەرلەمان درۆیان زۆرە. بۆیەش ئەم کارە دەکەین تاوەکو راستییەکان رۆشن ببنەوە". ئەردۆغان رەخنەی لە واشنتن گرت بەوەی پشتیوانی لە یەپەگە و پەیەدە دەکات.
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی چڕنووکی هەڵۆ - 2 لە چیای گارە کە کاژێر 02:55 خولەکی 10ی شووبات دەستیپێکرد و 14ی هەمان مانگ کۆتایی هات، بەپێی ئامارە جیاوازەکان ژمارەیەک لە سەرباز و گەریلاکانی پەکەکە کوژراون و بریداربوون.