زانزێبار؛ ئەو وڵاتەی بەدەستی خۆی سەربەخۆیی لەدەستدا

رووداو – زانزێبار

لە رۆژهەڵاتی ئەفریقا دوورگەیەكی بچووك هەیە بەناوی زانزێبار. وڵاتێكی زۆر بچووكە و دەتوانین 31 زانزێبار لەهەرێمی كوردستاندا جێ بكەینەوە. دانیشتووانەكەی تەنیا یەك ملیۆن و سێ سەد هەزار كەسن. 

زانزێبار كەشوهەوایەكی گەرمی هەیە، زۆربەی كات ئاسمانی ساف و ساماڵە. لەبەر گەرمیی كەشوهەواكەی میوەو درەختی جۆراوجۆری لێ دەڕوێت. خەڵكی گوندنشینی دوورگەكە لەژێر سێبەری كەپرەكانیاندا، مۆز، ئاناناس، مانگۆ، لیمۆ و پرتەقاڵی تازەیان هەڵچنیوە بۆ فرۆشتن. میوەكانیان زۆر بەتام و ئاودار و هەرزانیشن. هەروەها لەبەرئەوەی ئاوی دەریای سوێر چواردەوری زانزێباری گرتووە، چەندین جۆر خۆراكی دەریایی وەك رۆبیان، ئەختەبووت، ماسی لە چێشتخانەكانیاندا هەیە بەتام و رەنگی جیاوازەوە. ئەمەش لەبەرئەوەیە كە زانزێبار بە دوورگەی بەهارات ناسراوە. چەندین كێڵگەی زەنجەفیل، دارچین، بیبەری توند و ئاڵەت، ڤانیلا و مێخەك لە سەرتاسەری دوورگەكە هەن.

ئەم دوورگە جوان و دڵگیرە وڵاتێكی سەربەخۆ نییە. هەرێمێكی ئۆتۆنۆمییە و سەر بە تانزانیایە. زانزێبار رۆژێ لە رۆژان سەربەخۆ بوو، بەڵام بەدەستی خۆی وازی لە سەربەخۆیی هێنا و خۆی كردە بەشێك لە تانزانیا.

ئێوارەیەكی درەنگ، كەمێك پێش خۆرئاوا بوون، بە بەلەمێكی گەورە گەیشتینە بەندەری سەرەكیی زانزێبار. هەر كە بە پەیژەی بەلەمەكەدا دێیتە خوارەوە، هەست دەكەی لە وڵاتێكی جیاوازی لەچاو تانزانیا. پێش ئەوەی بگەیتە نێو شار، كەسێك بانگت دەكات و داوای پاسپۆرتت لێدەكات، مۆرێكی زانزێبار لە پاسپۆرتەكەت دەدا. هەرچەندە بەشێكە لە تانزانیا، بەڵام بۆ ئەوەی جیاوازبوونی خۆی بسەلمێنێ، حكومەتی زانزێبار مۆری خۆی لە پاسپۆرتی هەموو گەشتیارێك دەدات.

زانزێبار لەدێر زەمانەوە پەیوەندییەكی كولتووری و سیاسی و ئاینی لەگەڵ وڵاتانی كەنداوی عەرەبی هەیە. جلوبەرگی زۆر لە دانیشتووانەكەی، بە ژن و پیاوەوە لە عەرەبەكان دەچێ‌، هەرچەندە بە رەنگ رەشپێستی ئەفریقین. بە زمانی كیسواحیلی قسە دەكەن كە پڕیەتی لە وشەی عەرەبی و 98%ی دانیشتووانەكەی موسوڵمانن. هەر ناوی زانزێبار خۆیشی لە وشەی زەنجییەوە هاتووە كە بە عەرەبی و فارسی واتە رەشپێست.

سێ سەد ساڵ لەمەوبەر زانزێبار بە تەواوی كەوتە ژێر دەسەڵاتی سوڵتانەكانی عوممان. دوورگەكە بۆ بازرگانی لەگەڵ ئەفریقا ئەوەندە گرنگ بوو كە ساڵی 1830 سەید بن سووڵتان، سوڵتانی ئەوكاتی عوممان بەیەكجاری پایتەختی سەڵتەنەتەكەی خۆی لە عومانەوە گواستەوە بۆ زانزێبار.

دوورگەی زانزێبار مێژوویەكی رەش و خەمناكی هەیە. ساڵانێكی زۆر بنكەی سەرەكیی كڕین و فرۆشتنی كۆیلە بوو.  بازرگانانی عەرەب بۆ كڕینی عاجی فیل و كەركەدەن دەچوونە ناو دەشت و جەنگەڵەكانی ئەفریقا، بەڵام لەوسەریشەوە بە زەبری چەك و چەقۆ و شمشێر خەڵكی رەش و رووتی گوندەكانی ئەفریقایان دەگرت و كۆت و زنجیریان لە مل دەكردن و دەیانهێنان لە زانزێبار دەیانفرۆشتن.

زانزێبار تەنیا شوێنی بازرگانانی عەرەب نەبوو. لە چین و هیندستانیشەوە بە بەلەم بۆی دەهاتن و بازرگانیی بەهارات و عاج و كۆیلەیان دەكرد، بەڵام هەمیشە چینی دەسەڵاتدار و خاوەنپارە عەرەبەكان بوون كە مۆركی خۆیان بەسەر سیاسەت و حكومەت و ئابووریی ئەم دوورگەیەدا هەتا ئەمڕۆش بەجێهێشتووە.

كاتێك بەنێو كوچە و كۆڵانە تەنگەبەرەكانی زانزێباردا رێ دەكەی، هەموو پەنجەرە و دەرگایەك چیرۆكێكی خۆی هەیە. هەندێ لەسەر شێوازی هیندی دروستكراون، هەندێكیان بەستایلی چینی و هەندێكیش بە ئەفریقی و عەرەبی. پەرستگای هیندۆس و مزگەوتی موسوڵمانان و كڵێسای مەسیحی لە نزیك یەك دروستكراون. دەمێك گوێت لە دەنگی بانگە و ساتێكیش لە زەنگی كڵێسا.

زانزێبار لەژیر فەرمانڕەوایی عەرەبەكان و چاودێریی بەریتانیادا مایەوە هەتا ساڵی 1963، ئەو ساڵانە بەریتانیا سەربەخۆیی بەخشی بۆ كۆمەڵێ وڵاتی ئەفریقی، لەوانەش زانزێبار، دەسەڵاتدارانی ئەوێ دەوڵەتێكی سەڵتەنەتیان بۆ خۆیان دامەزراند و كابرایەكیان بەناوی جەمشید بن عەبدوڵڵا كردە سوڵتان.

 تەمەنی سەربەخۆیی زانزێبار كەم بوو. یەك مانگ دوای سەربەخۆیی، چەند هەزار كەسێك كە بە خۆیان دەگوت شۆڕشگێڕانی ئەفریقی، هێرشیان كردە سەر بنكەكانی پۆلیس و دامودەزگای و دەوڵەت و حكومەتەكەی سوڵتان جەمشیدیان لەسەركار لابرد. لە رۆژانی دوای شۆڕشدا، چەندین هەزار كەسی مەدەنی كۆمەڵكوژكران كە زۆربەیان عەرەب بوون. 

شۆڕشگێڕەكان دەیانگوت ئێمە خەڵكی رەسەنی ئەم دوورگەیەین كەچی عەرەب و ئاسیاییەكان هەموو دەسەڵاتێكی سیاسی و ئابوورییان بۆ خۆیان پاوان كردووە. لەبەرئەوە مافی خۆمان وەك خەڵكی رەشپێست دەستێنین. كەسێكیشیان بەناوی عەبد كەرۆمێ كردە سەرۆك و ناوی وڵاتیان لە سەڵتەنەتی زانزێبارەوە گۆڕی بۆ حكومەتی شۆڕشگێڕی زانزێبار.

هەرچەندە گومان هەبوو كە شۆڕشگێڕەكان ماركسین و زانزێبار دەكەنە دوورگەیەكی داخراوی چەپڕەوی سەر بە سۆڤیەت وەكو كووبا، بەڵام وڵاتانی رۆژئاوا، بەتایبەت بەریتانیا و ئەمریكا هیچ كاردانەوەیەكیان بەرامبەر بە شۆڕشەكە نەبوو جگە لەوەی كەشتییان نارد و هاووڵاتیانی خۆیان لەو دوورگەیە دوورخستەوە.

دەكرێ هەندێجار شۆڕشێك ژیانی خەڵكی وڵات بگۆڕێت و باشتری بكات، بەڵام بەقسەی خەڵكی زانزێبار، ئەو شۆڕشە لەبەرژەوەندیی ئەوان نەبوو. نەك ژیانیان نەگۆڕا، بەڵكو هەر بەهەژاری مانەوە. هۆكارەكەی ئەوە بوو كە تەنیا سێ مانگ دوای شۆڕش، سەرۆكە نوێیەكەیان لەگەڵ حكومەتی تەنگانیكا كەوتە گفتوگۆ و رازی بوو كە زانزێبار لە وڵاتێكی سەربەخۆوە بكاتە هەرێمێكی ئۆتۆنۆمی. بەوشێوەیە تەنگانیكا و زانزێبار یەكیانگرت و ئەو وڵاتە دروست بوو كە ئەمڕۆ پێیدەڵێن تانزانیا.

ئێستا خەڵكی زانزێبار باوەڕیان وایە كە سەرۆكی ئەوكاتەیان كەسێكی یان خائین بووە یان نەزان و گەمژە كە بەدەستی خۆی سەربەخۆیی وڵاتی داوەتە وڵاتێكی دیكە.

خەیری، شۆفێری ئەو تاكسییەی دەمانگوازێتەوە، خەفەت بۆ رابردووی وڵاتەكەی دەخوات و دەڵێت "سەرۆكەكەی ئێمە كەسێكی نەخوێندەوار بوو، سەرۆكی تەنگانیكاش وریا و شارەزا. پێیگوتبوو ئێوە دوورگەیەكی بچووك و هەژارن، بە تەنیا ناتوانن بژین و ئەگەر هێرشتان بكرێتە سەر كەس نییە پارێزگاریتان لێ بكات. بۆیە باشتر وایە ببنە بەشێك لە وڵاتەكەی من. ئەمیش هەڵخەڵەتاو گوتی باش".

زۆر كەسی دیكەی دوورگەكە وەكو خەیری بیردەكەنەوە. ئەوان دەڵێن ئەگەر سەربەخۆ بن، بەو هەموو گەشتیارەی لەبەر خۆشیی كەشوهەوا و سامانی سروشتی و ناوبانگی دوورگەكەیان روو لەوێ‌ دەكەن، دەتوانن بە ئاسوودەیی بژین. 

بەلەمەوانێك لە دوورگەكە گوتی "تانزانیا بەو گەورەیی و دەوڵەمەندییەی خۆیەوە بەردەوام داوای پارە لەم دوورگەیەی ئێمە دەكات". گوتیشی "خەونی هەموو زانزێبارییەكە كە رۆژێ لەرۆژان ببینەوە بە خاوەن دەوڵەتی خۆمان".

حكومەتی ناوەندیی تانزانیا زۆرباش ئاگاداری خواستی خەڵكی زانزێبارە بۆ سەربەخۆیی، بەڵام بەهەموو شێوەیەك دژایەتی ئەم خواستە دەكات و ئامادە نییە گوێ لە باس و خواسی جیابوونەوە بگرێت، بەڵام بەربەستەكان هەرچەند زۆر بن، خەڵكی زانزێبار بەردەوام لە ژێر سێبەری درەختە بەرزەكانیاندا و لەبەردەم شنەبای كەنارەكاندا، خەون بە جیابوونەوە دەبینن لەو وڵاتەی كە تەنیا چەند كیلۆمەترێك دەریا پێكەوەی بەستوونەتەوە.