سەرۆکی کۆریای باشوور دەستگیرکرا

رووداو دیجیتاڵ
 
دوای دوو هەفتە لە دەرچوونی بڕیاری دادگە، یوون سووک یۆل، سەرۆکی کۆریای باشوور لە لایەن پۆلیسی وڵاتەکەیەوە دەستگیرکرا.
 
دەستگیرکردنی سەرۆکی کۆریای باشوور بە تۆمەتی "گەندەڵی و راگەیاندنی باری نائاسایی ناپێویستە" لە مانگی 12ـی 2024.
 
یەکەمین جارە لە مێژووی کۆریای باشوور سەرۆکێک لەکاتی خولی سەرۆکایەتیدا دەستگیردەکرێت.
 
یوون سووک یۆل بەر لە دەستگیرکردنی رایگەیاند، رازییە بە لێپرسینەوە "ئەگەرچی نایاساییە و لەپێناو ئەوەدایە خوێن نەڕژێت".
 
بەزوویی دادگەییکردنی سەرۆکی کۆریای باشوور دەستپێدەکات و ئەگەری دوورخستنەوەی لە سەرۆکایەتیی وڵاتەکە بەهێزە.
 
لە کۆریای باشوور چی روویداوە؟
 
رۆژی سێشەممە 03-12-2024، سەرۆکی کۆریای باشوور باری لەناکاوی لە وڵاتەکە راگەیاند، دەسەڵاتی مەدەنی هەڵپەسارد و دەسەڵاتی سەربازی خستەکار. هەروەها سەرجەم چالاکییە سیاسییەکانی وڵاتەکەی قەدەخە کرد و گوتیشی، میدیا و بڵاوکراوەکان دەبێت لەژێر کۆنتڕۆڵی سەربازیدا بن.
 
بڕیارەکە ناڕەزاییێکی زۆری لێکەوتەوە، ئەندامانی پەرلەمان لە باڵەخانەی پەرلەمان کۆبوونەوە و پاش تەنیا شەش کاژێر هەنگاوەکەی سەرۆکیان رەتکردەوە.
 
لەکاتی راگەیاندنی بڕیاری رەتکردنەوەکەی پەرلەمان، سەرۆکی کۆریای باشوور لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بە پشتگیریکردنی کۆریای باکوور و هەوڵدان بۆ کودەتا تۆمەتبار کرد.
 
تێکچوونی دۆخی کۆریای باشوور، لەدوای ئەوە دێت پارتی دەسەڵاتداری ئەو وڵاتە (پارتی هێزی گەلی کۆریای باشوور) کە سەرۆکی کۆریای باشووریش سەر بە پارتەکەیە، لەگەڵ بە‌هێزترین پارتی ئۆپۆزیسیۆن (پارتی دیموکراتی کۆریای باشوور)، لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی 2025ـی وڵاتەکە بووە کێشەیان و سەرۆکی کۆریای باشوور، لایەنی ئۆپۆزیسیۆنی بەوە تۆمەتبار کرد، دەیانەوێت بە کەمکردنەوەی بودجە، وڵاتەکە لە بەرامبەر هەڕەشەکانی کۆریای باکوور لاواز بکەن.