گرووپی ڤاگنەر کێن کە لە ئۆکراینادا شەڕ بۆ رووسیا دەکەن؟
رووداو دیجیتاڵ
چەند سەرچاوەیەک لە هەواڵگریی رۆژئاوا دەڵێن، لەم کاتەدا نزیکەی 20 هەزار چەکداری ڤاگنەر لە ئۆکراینادا شەڕ بۆ رووسیا دەکەن. ئەوان ئەندامی رێکخراوێکن بە ناوی "گرووپی ڤاگنەر" کە چەندین لقیان لە جیهاندا هەیە و لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی رووسیادا بەشدارن.
لە مانگی کانوونی یەکەمی 2023دا جۆن کێربی، گوتەبێژی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا گوتی، بە مەزەندەی ئەوان، گرووپەکە 50 هەزار چەکداری لە ئۆکراینا هەیە. گوتیشی مانگانە 100 ملیۆن دۆلار بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی گرووپەکە لەنێو ئۆکراینادا خەرج دەکرێت.
گرووپی ڤاگنەر لە ئۆکراینا چی دەکات؟
بەگوێرەی حکومەتی بەریتانیا، چەکدارانی گرووپی ڤاگنەر 10٪ـی کۆی هێزەکانی سوپای رووسیا لە ئۆکراینا پێکدێنن. میدیای بەریتانی دەڵێت، هەزاران چەکدار لەوانە، لە گرتووخانەکانی رووسیاوە دەرهێندراون و دامەزرێندراون. ئێستاش بەشێوەیەکی چڕ لە ئۆپەراسیۆنی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا بەشدارن بۆ ئەوەی شاری باخمووتی هەرێمی دۆنێتسکی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا لە بەرژەوەندیی رووسیادا کۆنتڕۆڵبکەن.
سەربازانی ئۆکراینا دەڵێن، رووسیا چەکدارانی ڤاگنەر بە ژمارەیەکی زۆرەوە بۆ شەڕ دەنێرێت و "لە ئەنجامدا ژمارەیەکی زۆریان کوژراون".
قەبارەی ئێستای گرووپی ڤاگنەر لە ئۆکراینا و کۆنترۆڵکردنی چەند شار و شارۆچکەیەکی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا، وەکو خاڵێکی وەرچەرخان بۆ سوپای رووسیا لە سەرەتای جەنگەکەوە دەبیندرێت.
پێش هێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا لە 24ـی شوباتی 2022 دا، گرووپەکە چەند هەزار سەربازێکی کەمی هەبوو. زۆربەشیان وابڕوادەکرێت کە سەربازانی پێشووی خاوەن ئەزموون بن، لەنێویدا هەندێکیان بەشێک بوونە لە لیوا و هێزە تایبەتەکانی رووسیا.
بەرپرسانی هەواڵگریی بەریتانیا دەڵێن، دوای ئەوەی رووسیا هێرشی بۆسەر ئۆکراینا راگەیاند، گرووپەکە دەستی بە وەرگرتنی سەربازی زیاتر کردووە.
گرووپی ڤاگنەر لەدوای شەڕی ئۆکرایناوە، بەشێوەیەکی فەرمی و ئاشکرا بنکەیەکی سەربازییان لە سان پیتەرسبێرگ کردەوە.
د. ساموێل رامانی، توێژەری لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی رۆیاڵ یونایتیدی بەریتانیا دەڵێت، گرووپەکە "بەشێوەیەکی کراوە لە شارەکانی رووسیادا خەڵکی وەردەگرێت و لەلایەن میدیای رووسیاوە بە رێکخراوێکی نیشتمانی ناودەبرێت".
گرووپی ڤاگنەر چۆن دروستبوو؟
لێکۆڵینەوەیەکی بنکۆڵکاریی میدیای بەریتانی لەبارەی گرووپی ڤاگنەر دەڵێت، دمیتری ئوتکین، کە فەرماندەیەکی پێشووی سوپای رووسیایە، دەستی لە دامەزراندنیدا هەبووە. دمیتری ئوتکین، بە سەربازێکی پلەباڵای جەنگی رووسیا لە چیچان دەناسرێت، وابڕوادەکرێت کە گرووپی ڤاگنەری دامەزراندبێت و ئەو ناوەی لێنابێت.
سەرۆکی ئێستای گرووپەکە یەڤگێنی پریگۆژینە، هاوپەیمانی ڤلادمیر پووتینی سەرۆکی رووسیا، بازرگانێکی دەوڵەمەندە و نازناوی "شێفی پووتین"ی هەیە، چونکە پێشتر خۆراکی بۆ کۆشکی کرێملن دابینکردووە.
لە سەرەتای جەنگی ئۆکراینادا، پریگۆژین رەتیدەکردەوە پەیوەندیی بە گرووپەکەوە هەبێت، بەڵام ئێستا بە ئاشکرا باس لە ئۆپەراسیۆنەکانی گرووپەکە لە ئۆکراینا دەکات.
ترەیسی جێرمان، پرۆفیسۆر لە بواری شەڕ و پێکدادان و ئاسایش لە زانکۆی کینگز کۆڵێجی لەندەنی بەریتانیا پێیوایە، یەکەم ئۆپەراسیۆنی گرووپی ڤاگنەر لە ئۆکراینا یارمەتیدانی رووسیا بوو بۆ لکاندنی نیمچە دوورگەی کریمیا بە رووسیاوە لە ساڵی 2014 دا. ئەوکات، سەربازەکان بە جلوبەرگی یەکپۆش و بەبێ هێما رژانە سەر شەقامەکانی کریمیا و بە "پیاوە بچووکە سەوزەکان" دەناسران.
پرۆفیسۆر جێرمان دەڵێت، "وابڕوادەکرێت بە کرێگیراوەکان بەشێک بن لە 'پیاوە بچووکە سەوزەکان' کە هەرێمەکەیان داگیرکرد".
لەدوای ئەوەش، نزیکەی 1,000 "بەکرێگیراوی" گرووپی ڤاگنەر یارمەتیی هێزە جووداخوازەکانی سەر بە رووسیایان لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا دا بۆ ئەوەی شەڕ لە دژی سوپای ئۆکراینا بکەن.
بەشێکی بەرپرسانی رۆژئاوا پێیانوایە چەند هەفتەیەک بەر لە هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، گرووپی ڤاگنەر هێرشێکیان لەژێر ناوی سوپای ئۆکراینادا کردووە بۆ ئەوەی بیانوو بەدەست سوپای رووسیاوە بدەن تاوەکو "رەوایەتی" بداتە هێرشەکەی بۆ سەر ئۆکراینا.
ڤاگنەرەکان لە کوێی دیکە ئۆپەراسیۆن دەکەن؟
بەرپرسانی رۆژئاوا دەڵێن، لە ساڵی 2015ـەوە گرووپی ڤاگنەر لە سووریا هەن؛ هاوشانی هێزەکانی سەر بە حکومەتی سووریا شەڕدەکەن و پارێزگاری لە کێڵگەکانی نەوت دەکەن.
رۆژنامەی ڤۆنتانکا رۆی رووسی نووسیویەتی: "لە سووریا، ڤاگنەر بە تەواوی بووە ئەو باڵە سەربازییەی رووسیا، لەو شوێنانەدا دەردەکەوێت کە حکومەتی مۆسکۆ نایەوێ بوونی هێزەکانی خۆی بە فەرمی تێدا دەربخات، یان بە هەر هۆکارێک بێت، ناتوانێت کارە سەربازییەکانی بە ئاشکرا لەو ناوچانەدا بکات".
ئەندامی گرووپەکە لە لیبیاش هەن، پاڵپشتی لە هێزەکانی خەلیفە حەفتەر دەکەن.
لە کۆماری ئەفریقای نێوەڕاستیش هێزەکان بۆ پارێزگاریکردن لە کانەکانی ئەڵماس بەکاردەهێندرێن و لە سوودانیش پاسەوانی لە کانەکانی زێڕ دەکەن.
حکومەتی مالی لە رۆژئاوای ئەفریقا، گرووپی ڤاگنەر لە دژی هێزە چەکدارەکانی دژبەری حکومەت بەکاردەهێنێت.
وابڕوادەکرێت کە یەڤگێنی پریگۆژین پارەیەکی زۆری لە رێگەی ئۆپەراسیۆنەکانی گرووپەکە لە وڵاتە جیاجیاکاندا دەستبەکەوێت.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەڵێت، پریگۆژین بوونی گرووپەکە لە زۆر لە وڵاتان "وەک بەرگێک" بەکارهێناوە بۆ دەوڵەمەندکردنی کۆمپانیاکانی هەڵکەندنی کانەکان کە خۆی خاوەندارێتی دەکات، وەکو کۆمپانیای M Finans و Lobaye Invest. وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئەو کۆمپانیایانەی خستوونەتە لیستی سزاکانییەوە.
کۆشکی سپی دەڵێت، رەنگە پریگۆژین بیەوێت بە گرووپی ڤاگنەر باخمووت بگرێت بۆ ئەوەی بتوانێت کۆنترۆڵی کانەکانی خوێ و گەچ لە ناوچەکەدا بکات.
سەرچاوەی داهاتی ڤاگنەر
لۆس ئەنجلۆس تایمز دەڵێت، بناخەی سەرەکیی ڤاگنەر، ژمارەیەک سەربازی خانەنشینی رووسین، لەلایەن سەرکردە سەربازییە دێرینەکانی سوپای رووسیاوە سەرکردایەتیی دەکرێن، لە نێویاندا یافگینی بریگۆجین کە لە ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیاوە زۆر نزیکە و بە "شێفی سەرۆک" ناسراوە، ئەمە جیا لە یۆری ئۆتکین.
رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، لەبەرئەوەی دروستکردنی کۆمپانیای سەربازیی لە رووسیا رێگەپێدراو نییە، کۆمپانیاکە لە ئەرجەنتین تۆمارکراوە. سەرچاوەی داهاتی ڤاگنەر بریتییە لە "گرێبەستە قازانجهێنەکانی سەرچاوە سرووشتییەکان لەو وڵاتانەی کاری تێدا دەکەن، وەک مافی دۆزینەوەی کانزاکان، جیا لە کارەکانی بە کرێگرتن لەپێناو لێسەندنی پارە لە بەرامبەر ترساندن و هەروەها دابینکردنی سیکیوریتی بۆ کەس و کۆمەڵە جیاوازەکان".
بریگۆجین کە بە خاوەنی راستەقینەی کۆمەڵە سەربازییەکە دادەنرێت (کە خاوەنی گەورەترین مامەڵەی بازرگانییە لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی رووسیادا)، لەلایەن وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا لە کانوونی یەکەمی 2016دا، سزای بەسەردا سەپێنرا، دواتر واشنتن کۆمەڵەی ڤاگنەری لە لیستی ئەو سزایانەدا دانا کە بەسەر دامەزراوە رووسیەکاندا سەپاندی لە حوزەیرانی 2017، بەهۆی پرۆسەکانییەوە لە ئۆکراینا و پەیوەندییەکانی بە یاخیبووانی ئۆکرانی لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە.
ئەمە لە کاتێکدایە وەزارەتی بەرگریی رووسیا هەموو پەیوەندییەک بەو کۆمپانیا تایبەتانەوە رەتدەکاتەوە، لەگەڵ بوونی هەر جۆرە پەیوەندییەک بە هەر بزنسمانێکەوە کە خاوەنداریەتی ئەو کۆمپانیایانە دەکەن، بەتایبەت ڤاگنەر.
ژمارەی شەڕکەرەکانی ڤاگنەر
سەرچاوە ئاسایشی و سەربازییەکان دەڵێن، چەند هەزار کەسێکن. لە ئابی 2016دا، رۆژنامەی "ئار بی کا"ـی رووسی بڵاویکردەوە کە ژمارەی شەڕکەرەکانی کۆمپانیاکە 1600 سەرباز بووە، بەڵام لەگەڵ دەستبەکاربوونی کۆمەڵەکە لە پرۆسە سەربازییەکانی سووریادا، ژمارەکە چەندینجار بەرز بووەوە.
لە کاتێکدا هەندێک سەرچاوەی رۆژئاوایی دەڵێن، ژمارەی شەڕکەرەکانی کۆمپانیاکە پێنج هەزار سەرباز و راهێنەرە، بناخەی سەرەکیی هێزەکان لەسەرەتاوە، سەربازە خانەنشینەکان و شەڕکەرانی رووسیا لە ئەفغانستان و چیچان بوو، بەڵام لەگەڵ فراوانبوونی ژمارەی سەربازە نوێیەکاندا کە خاوەنی ئەزموونێکی سەربازیی دیاریکراو بوون، ژمارەکە زۆر زیاتر بوو.
ئەو سەرچاوانە دەڵێن پاش چەند هەفتەیەکی کەم لە مەشقدان، ئەو شەڕکەرانە بۆ ناوچەکانی شەڕ دەنێردرێن و مووچەیەکی زۆر بەرزتر لەو داهاتانە وەردەگرن، کە هاونیشتمانییەکی ئاسایی رووسی وەریدەگرێت. ماڵپەری ڤۆنتانکای رووسی دەڵێت، "مووچەی شەڕکەرانی کۆمپانیاکە 4 هەزار دۆلارە".
دوای چەندین ساڵ لە کارکردنی نهێنی لەبارەی شەڕکەرەکانی ڤاگنەرەوە "لە ناوچە ململانێ لەسەرەکان" لە شاردنەوەی ناسنامەی کەسەکانی سەر بە کۆمپانیاکە، گورزی گەورە بۆ ئاشکرابوونی کارە گوماناوییەکانی ڤاگنەر، ئەوکات دەرکەوت کە مایک پۆمپیۆ، سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا (سی ئای ئەی)، لە نیسانی 2018دا رایگەیاند: وڵاتەکەی لە شەڕێکی گەورەدا لە سووریا، لە سەرەتاکانی شوباتی ئەمساڵدا، دەیان رووسی کوشتووە.
ئاژانسی رۆیتەرز دەڵێت: "ئەم راگەیاندنە سەرەتای گۆڕانکاری بوو لە چالاکییەکانی ڤاگنەردا، چونکە سەرنجی زیاتری بۆسەر کارەکانی راکێشا، ئەمە پاش ئەوەی بەشداریی شەڕکەرەکانی لە جەنگی سووریادا، تا ئەوکات بەنهێنییەکی زۆرەوە بەڕێوەدەچوو و تەنانەت ناوی کوژراوەکانیشیان ئاشکرا نەدەکرا. جیا لەوەش پرسەی ئاشکرایان بۆ دانەنرا وەک ئەوەی بۆ کوژراوەکانی سوپای رووسیا دەکرا.
ڤاگنەر بۆچی دامەزرا؟
وێڕای سووربوونی دەسەڵاتدارانی رووسیا لەسەر نەبوونی هیچ بەڵگەیەک، کە بیسەلمێنێت پەیوەندی راستەوخۆیان بە دامەزراوە فەرمییە سەربازییەکان یان کۆمپانیا تایبەتە سەربازییەکانەوە هەبێت، چاودێران لە چەندین پایتەختی جیاوازەوە، پێیانوایە ئەو کۆمەڵەیە بەشێکی سەرەکی ستراتیژیەتی مۆسکۆ پێکدەهێنێت کە بریتییە لە باڵکێشان، باڵادەستبوون لەپێناو بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی، لە رێگەی بڵاوەپێکردنی ئەو شەڕکەرانەی جلی فەرمیی سەربازە رووسییەکان لەبەر ناکەن.
پاڤل فیلگنهاوەر، یەکێک لە شرۆڤەکارانی رۆژنامەی نۆڤیا گازێتای رووسی دەڵێت: "بەکارهێنانی ئەو بەکرێگیراوانە چەندین ئامانجی جیاواز بۆ رووسیا دەستەبەر دەکات، دیاترینیان کۆتاییهێنان بە مەترسییەکانی ئەوانە، چونکە هەڕەشە لەسەر ئاسایش و سیاسەتی وڵات دروستدەکەن، بەهۆی مەشقی باڵا و توانای تایبەتییانەوە. ئەمە جیا لە رێگەخۆشکردن بۆ کرملین، بە چاودێریکردنی ئامانجە سیاسییەکانی دەرەوەی بە نهێنی و بەبێ ئەوەی ئاشکرا ببێت و بەرژەوەندییەکانی رووسیا لەگەڵ هاوبەشە ستراتیژییەکانیدا بخاتە مەترسییەوە."
پاڤل فیلگنهاوەر ئاماژەی بەوەداوە کە شەڕکەرەکانی ڤاگنەر، لە ژێر کۆنترۆڵی دەزگا ئاسایشی و سەربازییەکانی رووسیادا کاردەکەن، بەبێ ئەوەی رووسیا گڵۆپی سەوزیان بۆ هەڵبکات.
ئەرکە زۆر مەترسیدارەکان
بەپێی راپۆرتێکی فۆرین پۆلسی، پرۆسە بەرزە مەترسیدارەکان بە هێزەکانی ڤاگنەر دەسپێردرێت لە ناوچە کێشەلەسەرەکاندا، ئاماژەی بەوەداوە کە ئەندامانی ئەو گرووپە بەشدارییان لە پرۆسەی رزگارکردنی تەدمور لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا کردووە لە ئابی 2017 دژ بە رێکخراوی داعش.
گۆڤارە ئەمریکییەکە دەڵێت: "لەگەڵ فرەبوونی ئەو بەرانەی کە مۆسکۆ دەستیان تێوەردەدات، پەنای بردە بەر کەمکردنەوەی ژمارەی کوژراوەکانی لە ریزەکانی هێزە فەرمییەکانیدا، چونکە ژمارەی کوژراوەکانی سوپای رووسیا، زۆرجار گوشاری ناوخۆیی دەخستە سەر حکومەتی رووسیا، ئەمەش بەپشتبەستن بە هێزەکانی ڤاگنەر".
چاودێران دەڵێن لە ساڵانی رابردوودا، پرۆسەکانی پاسەوانی و پاراستنی دامەزراوە نەوتییەکان و ناوچەکانی سەرچاوە سرووشتییەکان، لەو دەوڵەتانەدا کە رووسیا دەستی سەربازیی هەیە تێیاندا، بە کۆمەڵەی ڤاگنەر سپێردراوە. ئەم ئەرکە هەمان ئەو ئەرکەیە کە پێشتر بە کۆمپانیای ئیڤرۆپۆلیس لە ئەستۆی دەگرت کە سەرچاوەکان دەڵێن: هەردوو کۆمپانیاکە موڵکی یفگینی پریگۆڤینن.
ئەو تۆمەتانە چین کە دەدرێنە پاڵ گرووپی ڤاگنەر؟
بەرپرسانی ئۆکراینا گرووپی ڤاگنەر بە کوشتن و ئەشکەنجەدانی خەڵکی سڤیل لە مانگی نیسانی 2022 دا تۆمەتبار دەکات.
هەواڵگریی ئەڵمانیا لەبارەی گرووپەکەوە دەڵێت، چەکدارانی گرووپی ڤاگنەر دەکرێت بەرپرس بووبن لە کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی سڤیل لە شارۆچکەی بووچای رۆژئاوای کیێڤ لە ئاداری 2022دا، ئەوەش لە سەروبەندی کشانەوەی هێزەکانی رووسیا بوو لە دەوروبەری کیێڤ.
هەریەکە لە نەتەوە یەکگرتووەکان و حکومەتی فەرەنساش چەکدارانی گرووپی ڤاگنەر بە دەستدرێژیی سێکسی و دزیکردن لە خەڵکی سڤیل لە کۆماری ئەفریقای نێوەڕاستدا تۆمەتباردەکەن و لەو سۆنگەوە، یەکێتیی ئەوروپا سزای بەسەر گرووپەکەدا سەپاندووە.
لە ساڵی 2022 دا، سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڤاگنەری بە چاندنی مین و تەقەمەنیی دیکە لە دەوروبەری تەرابلوسی پایتەختی لیبیا تۆمەتبارکرد.