رووسیا لە پەیماننامەیەکی نێودەوڵەتی دەکشێتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
رووسیا کشانەوەی خۆی لە پەیماننامەی ئاسمانە واڵاکان راگەیاند و روونیکردەوە بەهۆی کشانەوەی ئەمریکا لە پەیماننامەکە، ئەو بڕیارەیان داوە.
 
پەیماننامەکە رێگە بە وڵاتانی بەشداربوو دەدات لە رێگەی فڕۆکەی ئاساییەوە چاودێریی جموجوڵە سەربازییەکان و چەکی یەکدی بکەن، ئەمەش بۆ نیشاندانی نیازپاکی و بەهێزکردنی متمانە لەنێوانیاندا.
 
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا راگەیاند ئەوان نیگەرانن بە هەبوونی چەند بەربەستێک، کە ناهێڵن پەیماننامەکە لەم دۆخەدا کاری خۆی بکات. هەروەها جەختیکردەوە دەستیان بە رێکارەکانی کشانەوە لە پەیماننەمەکە کردووە. 
 
ئایاری ساڵی رابردوو، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، ئەمریکا لە پەیماننامەی ئاسمانە واڵاکان دەکشێتەوە، چونکە پێیوابوو رووسیا بەندەکانی پەیماننامەکەی پێشێلکردووە.
 
پەیماننامەی ئاسمانە واڵاکان لە ساڵی 1992 لەلایەن 27 وڵاتەوە واژۆی لەسەر کراوە و ئێستا زیاتر لە 30 وڵات تێیدا بەشدارن. 
 
ئەمریکا مانگی ئایاری 2020 رایگەیاند، لەوە بەدواوە رووسیا دەتوانێت لە جیاتی بەکارهێنانی فڕۆکەکانی خۆی بۆ چاودێری، بە تێچوویەکی کەمتر زانیاری لە مانگە دەستکردە بازرگانییەکانی ئەمریکا بکڕێت.
 
لە هەمانکاتدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو ئەوان ناچنەوە نێو پەیماننامەکە تاوەکو رووسیا بە سەرجەم بەندەکانی پابەند نەبێت. 
 
ترەمپ هەروەها گوتبووی واشنتن بە نیازە رێککەوتنێکی نوێ واژۆبکرێت یان گۆڕانکاری لە پەیماننامە کۆنەکەدا بکرێت، بەجۆرێک کە لەگەڵ مەرجەکانی ئەمریکا بگونجێت.
 
دوای کشانەوەی ئەمریکا لە پەیماننامەکە، رووسیا هۆشداری دا لەوەی کشانەوەی ئەمریکا لەو پەیماننامەیە نەک تەنیا گورزێک دەبێت بۆ ئاسایشی وڵاتە ئەوروپییەکان، بەڵکو گورزێکە بۆ بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی هاوپەیمانەکانی ئەمریکاش.