دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' لە دەروازەی براندنبێرگی بەرلین دەنووسرێت
رووداو دیجیتاڵ
بە زمانی کوردی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"، لەسەر دیواری دەروازەی براندنبێرگی مێژوویی ئەڵمانیا نووسراوە؛ سەدان کەس لە بەرلین، پایتەختی ئەڵمانیا بە گوتنەوەی دروشم و گۆرانی، چیرۆکی خۆپێشاندانە بەردەوامەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە زیندوویی دەهێڵنەوە.
دوتسن تێکال، نووسەر دەڵێت، "وەک شاری ئازادی، لەگەڵ هەموو ئەو ژن و پیاوە قارەمانانەی ئێران دەوەستین کە شەڕ بۆ بەدەستهێنانی ماف و دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان دەکەن. ئەوەی لە ئێران روودەدات خۆپێشاندان نییە، بەڵکو شۆڕشێكە لە هەموو جیهان بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی، دەدرەوشێتەوە".
لە تشرینی دووەمی ئەمساڵ، پەرلەمانی ئەڵمانیا کۆمەڵێک سزای بەسەر حکومەتی ئێران سەپاند و خۆپێشاندانەکانی بە گەورەترین ئاڵنگاریی بەردەم دەسەڵاتی ئێران ناوبرد. حکومەتی ئێران لەماوەی کەمتر لە هەفتەیەک، دوو خۆپێشاندەری لە سێدارەداوە و 20 دەستگیرکراوی دیکەش لە لیستی چاوەڕوانی مەرگدان.
لە رێپێوانەکەی بەرلین، سەرۆکشارەوانیی شارەکە کە سەر بە پارتی سۆسیال دیموکراتە بەشداریکرد و سەرکۆنەی مامەڵەی دەسەڵاتی ئێرانی کرد.
فرانزیسکا گیفای، سەرۆک شارەوانیی بەرلین گوتی، "لەسێدارەدانی گەنجەکان کارێكە کە وشەی تۆقێنەر هەرگیز گوزارشتی لێ ناکات؛ ئێمە هەموومان لێرە لە بەرلین، لە ئەڵمانیا و لە ئەوروپا ئەرکی سەر شانمانە لەگەڵ ئەوانە بووەستین کە شەڕ بۆ ئازادی و دیموکراسی دەکەن. ژن، ژیان، ئازادی بۆ هەموو ئەوانەیە کە لە زیندانەکان لەژێر هەڕەشەی لەسێدارەدان و ئەوانەش کە لە شەقامەکانن و شەڕی ئازادی دەکەن".
لە 22ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، زیاتر لە 80 هەزار کەس لە کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەشدارییان لە گەورەترین رێپێوانی پاڵپشتیکردن لە خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە بەرلین کرد و داوای هەڵوێستی تووندی ئەوروپا و رۆژئاوایان بەرامبەر دەسەڵاتی ئێران کرد.