ئیسلامۆفۆبیا لە رۆژئاوا تەشەنەی كردووە
رووداو- هەولێر
رۆژانی شەممە و یەكشەممەی داهاتوو كۆنفرانسێكی تایبەت بە ئیسلامۆفۆبیا لە لەندەن بەڕێوەدەچێت، لەو كۆنفرانسەدا باس لەو هەستە دەكرێت كە ئێستا لە ئەوروپا و رۆژئاوا لەبەرامبەر موسڵماناندا دروست بووە، كە هەندێك جار دەبێتە هۆی تەشەنەكردنی بۆ ترس و رق لە موسڵمانان، هێرشەكانی سەرەتای ئەمساڵی پاریس و دواتریش لە 13ی نۆڤەمبەر بوونەتە هۆی تەشەنەكردنی ئەم هەستە واتە ئیسلامۆفۆبیا.
لەو كۆنفراسەدا كۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی ئیسلامی لە لەندەن و ئەنجوومە جیاوازەكانی موسڵمانان و ژمارەیەك مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕ لە ئەوروپا و ئەمریكاوە تێیدا بەشداری دەكەن، ئەوان باس لەوە دەكەن كە ئیسلامۆفۆبیا ئێستا دیاردەیەكی راستەقینەیە و پێویستی بە لێكۆڵینەوە هەیە، چونكە مەترسی ئەوە هەیە ئەم هەستە ببێتە هۆی دووبارەبوونەوەی ئەزموونە تاڵەكانی رابردووی ئەوروپا و ترس و رق جارێكی دیكە مێژووێكی خوێناوی دووبارە دەكاتەوە.
لەدوای هێرشەكانی پاریسەوە، لێكۆڵینەوەكان ئاماژە بەوە دەكەن ئیسالمۆفۆبیا و هەستی ترس و رق لە موسڵمانەكان لە ئەوروپا بەڕێژەی 30% زایدیكردووە لەچاو ساڵانی رابردوودا.
ئارزو مێرالی، دامەزرێنەری كۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی ئیسلامی دەڵێت " لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا بەهۆی ئەو لێكۆڵینەوانەی كراون دەریدەخەن ئێستا بەرەو ئیسلامۆفۆبیا دەڕۆین، ئەم هەستە خەریكە دەگاتە لووتكە، ئەمە شتێكە بەردەوام دەبێت كاتێك سەیری گوتاری سیاسی دەكەیت یان گوتاری میدیایی لەبارەی موسڵمانانەوە، دەبینیت دۆخێكی زۆر نێگەتیڤ دروست بووە"