وەزیری بەرگریی ئەمریکا بۆ پووتین: هەڕەشەکردن بە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی، قسەیەکی نابەرپرسیارانەیە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی ئەمریکا هۆشداریی دەداتە سەرۆکی رووسیا و دەڵێت، باسکردن لە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی، کارێکی "نابەرپرسیارانەیە" و دەرهاوێشتەی "مەترسیدار"یشی لێدەکەوێتەوە.
دوای کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگریی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ لە بروکسلی پایتەختی بەلجیکا و لە کۆنفڕانسێكی رۆژنامەڤانیدا، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند: "گوتاری نابەرپرسیارانە و پڕوپوچ شتێكی مەترسیدارە، رووسیا کە ئێستا باس لە چەکی ئەتۆمی دەکات، شتێكی خراپ، بێسوود و مەترسیدارە."
لە ماوەی رابردوودا، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی کرد ئەگەر هێرش بکرێتە سەر خاکی وڵاتەکەی، ئەوەش لە دوای بڕیاری مۆسکۆ بە لکاندنی هەر چوار ناوچەی باشوور و باشووری رۆژهەڵاتی ئۆکراینا بە رووسیا؛ ئەمەش نیگەرانی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی ناتۆی لێکەوتەوە کە وایان لێکدایەوە هەڕەشەکانی پووتین ناوچە تازەلکێندراوەکانیش دەگرێتەوە.
وەزیری بەرگریی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد: "وڵاتانی ناتۆ هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر رووسیا پێکناهێنن. پووتین شەڕێكی دەستپێکردووە و دەشتوانێت بڕیار بدات و بارودۆخەکە هێور بکاتەوە. ئەو دەتوانێت کۆتایی بە رەفتارە دوژمنکارییەکەی بهێنێت و هێزەکانی لە خاکی ئۆکراینا بکشێنێتەوە."
سەبارەت بە ئەندامیێتی هەردوو وڵاتی فینلاندا و سوێد، ئۆستن ئاماژەی بە بەشداری وەزیرانی بەرگری هەردوو وڵات کرد لە کۆبوونەوەکەی ناتۆ و گوتی: "ئەو دوو وڵاتە دیموکراسییە نزیکن لەوەی ببنە ئەندامی ناتۆ. داواش لە هەموو هاوپەیمانەکانمان لە رێکخراوی ناتۆ دەکەم پەلە لە جێبەجێکردنی رێکارەکانی بە ئەندامبوونی هەردوو وڵات بکەن."