جۆ بایدن هۆشداریی تووند دەداتە بزووتنەوەی تاڵیبان

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی ئەمریکا ژمارەی ئەو سەربازانەی سوپای وڵاتەکەی کە دەنێردرێنە ئەفغانستان بە مەبەستی یارمەتیدانی گواستنەوەی ستافی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی و بەشێک لە هاووڵاتیانی ئەفغانستان زیاد دەکات و هۆشداریش دەداتە تاڵیبان کە کێشە بۆ ئەو گواستنەوەیە دروست نەکەن. 
 
ئەمڕۆ شەممە 14-8-2021 جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و فەرماندەی گشتیی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتمانیی ئیدارەکەی کۆبووەوە و دواتر رایگەیاند، "نزیکەی 5 هەزار سەرباز دەگوازینەوە ئەفغانستان بە مەبەستی رێکخستنی گواستنەوەکە و کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازیی ئێمە لەو وڵاتەدا، ئەوەش دوای ئامادەبوونمان لە زیاتر لە 20 ساڵ لەو وڵاتە". 
 
جۆ بایدن هۆشداریشی دایە تاڵیبان لە کاردانەوەی سەربازیی "خێرا و بەهێز"، ئەگەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا هێرشیان بکرێتە سەر. 
 
سەرۆکی ئەمریکا پشتگیری لە هەڵوێست و بڕیاری ئیدارەکەی بۆ کشانەوەی سوپای وڵاتەکەی لە ئەفغانستان کرد و رایگەیاند: "من چوارەم سەرۆکی ئەمریکام کە سەرپەرشتی بوونی سەربازییانەی ئەمریکا لە ئەفغانستان دەکەم. دووان لەوان کۆماری بوون و دووانەکەی دیکەش دیموکرات. ئەم شەڕە بۆ سەرۆکی پێنجەم بەجێ ناهێڵم". 
 
ئەم گوتەیەی سەرۆکی ئەمریکا لە کاتێکدایە، پێشڕەوییەکانی بزووتنەوەی تاڵیبان بەردەوامن و تاوەکو ئێستا لە کۆی 34 ویلایەت، ناوەندی 26 ویلایەتی کۆنتڕۆڵکردووە و رۆژ دوای رۆژیش لە کابوول نزیکتر دەبێتەوە.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ تاڵیبان کۆنتڕۆڵکردنی ناوەندی ویلایەتی لەغمانی راگەیاند. پێشتر تاڵیبان ناوەندی دووەم و سێیەم گەورەترین پارێزگای ئەفغانستانی کۆنترۆڵکردبوو کە قەندەهار و هیراتن، هەروەها لە کابوولی پایتەختی وڵاتەکەش نزیکبووەتەوە.
 
دوای کۆنترۆڵکردنی چوار ناوەند تەنیا لە رۆژێکدا، ئێستا تاڵیبان نیوەی ناوەندی پارێزگاکانی ئەفغانستانی بەدەستەوەیە، هاوکات زیاتر لە 65٪ی خاکی ئەفغانستانی کۆنترۆڵکردووە.
 
جۆن کێربی، گوتەبێژی پێنتاگۆن دەڵێت، "دڵنیایی دەدەین کە جارێکی دیکە هەڕەشەی تیرۆر لە ئەفغانستان سەرهەڵناداتەوە، ئەوەش بە پاراستنی هێز و توانای شەڕی دژی تیرۆر. بەردەوام دەبین لە هەوڵدان بۆ ئەفغانستانێکی سەقامگیر؛ دەمانەوێ چارەسەرێکی سیاسی لەسەر بنەمای دانوستاندن بۆ ئیدارەدان پەرەی پێبدرێت."
 
لە نێوجەرگەی کابوول شەقامەکان چۆڵیان پێوەدیارە و ترسێکی زۆر لەنێو بەشێکی زۆر خەڵکدا دروستبووە. سەرۆکی ئەفغانستان بۆ بەرزکردنەوەی ورەی هێزەکانی و رەواندنەوەی ترس لەنێو خەڵکیدا پەیامێکی تەلەڤزیۆنی بڵاوکردەوە.
 
ئەشرەف غەنی، سەرۆکی ئەفغانستان لە پەیامەکەدا رایگەیاند، "دەزانم کە ئێوە لە دۆخی ئێستا و داهاتوو نیگەرانن؛ من وەک سەرۆکتان دڵنیاتان دەکەمەوە کە ئامانجی من رێگریکردن دەبێت لە ناسەقامگیری و تووندوتیژی و ئاوارەبوونی زیاتری خەڵکەکەمان."