ترەمپ: گوللەیەک بەر بەشی سەرەوەی گوێی راستم کەوتووە

 
رووداو دیجیتاڵ 

دۆناڵد ترەمپ سوپاسی هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکەی دەکات لە بەرامبەر پاراستنی ژیانی و نیگەرانیشە لەوەی رووداوی لەو جۆرە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا روودەدات. 
 
نزیکەی دوو کاژێر و نیو دوای تەقەکردن لێی، دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری پارتی کۆماری بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا پەیامێکی لەبارەی رووداوەکە بڵاوکردەوە و تێیدا سوپاسی هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکەی کرد لە بەرامبەر ئەو کاردانەوەی خێرایەی دوای تەقەکردنەکە لێی هەیانبوو. 
 
ترەمپ لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا دەڵێت، جێگەی سەرسوڕمانە کە "کاری لەو جۆرە لە وڵاتەکەماندا روودەدات. تاوەکو ئێستا هیچ شتێک لەبارەی تەقەکەرەکە نازانرێت کە مردووە". 
 
بەربژێرەکەی پارتی کۆماری دەنووسێت، گوللەیەک بەر بەشی سەرەوەی گوێی راستی کەوتووە و خوێنێکی زۆری لێ رۆیشتووە. 
رۆژی شەممە دەوروبەری کاژێر 6:30ی ئێوارە بە کاتی پێنسلڤانیا (1:30ی بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە بە کاتی هەولێر) لە شاری بەتڵەری ویلایەتی پێنسلڤانیا تەقە لە دۆناڵد ترەمپ کرا، ئەوەش کاتێك سەرقاڵی بانگەشەی هەڵبژاردن بوو و برینداربوو.