پەناخوازێکی کورد لەسەر شەقامەکانی ئایرلاند دەمێنێتەوە: زۆر ساردە و نەخۆش کەوتووم


رووداو دیجیتاڵ 

خێوەتی ژمارەیەک پەناخوازە لەبەردەم ئۆفیسی نێودەوڵەتیی پاراستنی دەبڵنی ئایرلاند؛ حکومەت لە توانایدا نەماوە شوێنی مانەوەیان بۆ دابین بکات، بۆیە ناچارن لە شەقامەکان رۆژ بکەنەوە. یەکێک لەو پەناخوازانەش هاونیشتمانیی باشووری کوردستانە.
 
نیک هێندەرسن، سەرپەرشتیاری ئەنجوومەنی پەنابەرانی ئایرلاند رایدەگەیێنێت، "لە شوێنەکانی دیکەی ئەوروپاش ئەمە روودەدات. بۆ نموونە لە هۆڵەندا، بەلجیکا، فەرەنسا و شارێکی وەکو نیویۆرکیش. هۆکاری ئەوەی لە ئایرلاندیش روودەدات زۆریی ژمارەی پەناخوازانە." 
 
شەوان پلەی گەرما دادەبەزێت بۆ نزیکەی 10 پلەی سیلیزی و ناوە ناوە بارانیش دەبارێت. یەکێک لە پەناخوازەکان خەڵکی باشووری کوردستانە؛ نەخۆش کەوتووە و توانای وەرگرتنی چارەسەریشی نییە.
 
سەعید مەولوود؛ هاونیشتمانیی باشووری کوردستانە و دەڵێت: "ئێستا من نەخۆشم، بەڵێ، ئێستا زۆر نەخۆشم. دەمەوێت بڕۆم پزیشک ببینم، چونکە شەوان شەقامەکان زۆر ساردن و سەرمام دەبێت. کەش زۆر ساردە."
 
بە گوێرەی فەرمانگەی خانووبەرەی ئایرلاند، ئێستا 593 پەناخواز لەسەر شەقامەکان دەمێننەوە و بە گشتیش 11,754 کەس بێ ماڵوحاڵن.
 
لە چارەکی یەکەمی 2023دا، 19,874 پەناخواز لە ئایرلاند تۆمارکراون، بەراورد بە 2018، 266٪ زیادیکردووە، هۆکارەکەشی بۆ وەرنەگرتنی پەناخوازان لە بەریتانیا و چوونی ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی ئۆکراینی بۆ ئەو وڵاتە دەگەڕێتەوە.