مەکسیک.. گەورەترین فێستیڤاڵ بۆ وێنەی سێڵفی بەڕێوەچوو
رووداو- مەكسیكۆ
نزیکەی 2 هەزار کەس روویان لە پارکی مۆنیۆمێنتی مەکسیکۆی وڵاتی مەکسیک كرد، ئەوان دەیانویست ژمارەی پێوانەیی گرتنی زۆرترین وێنەی سێڵفی تۆماربکەن، بۆ تۆمارکردنی ئەو ژمارەیەش پێویستبوو هەموو وێنە سێڵفییەکان لە یەک شوێندا بگیرێن.
ڤیکتۆر رۆدریگز، رێکخەری مەراسیمەکە رایگەیاند" ئەو چالاکییەمان رێکخست، چونکە خەڵک بەیەک دەبەستێتەوە، پارە لە هیچ کەس وەرناگرین، پارەشیان پێنادەین، ئەوەی دێتە ئێرە با بۆخۆی چێژ لە چالاکییەکە وەربگرێت."
ئامانجی سەرەکی ئەو خەڵکانەی لەوێ کۆبوونەوە نەک تەنیا تۆمارکردنی ژمارەی پێوانەیی، بەڵکو شکاندنی ئەو ژمارەیەش بوو کە پێشتر لە لایەن ئەمریکاوە بە بەشداری 2 هەزار و 997 کەس تۆمارکرابوو.
بەرپرسێکی کتێبی گینس کە ئامادەی چالاکییەکە بوو لە چۆنییەتی بەڕێوەچوون و دابەشبوونی ژمارەی وێنەگرەکان رازینەبوو، بۆیە گەشبینیش نەبوو بەوەی کە ئەم مەراسیمە بتوانێت ژمارەییەکی پێوانەیی نوێ تۆماربکات.
لە ئێستاشەوە خەڵکی مەکسیک بەتایبەتی ئەم 2 هەزار کەسە، چاوەڕوانی ئاشکرابوونی ئەنجامی چالاکییەكەن ئاخۆ ژمارەیەکی پێوانەیی تۆماردەکات، یان ئەمریکا وەکو خاوەنی ئەم ژمارەیە دەمێنێتەوە.