سەرۆکی شارەوانیی ماریوپۆڵ: رووسیا چەکی کیمیایی بەکارهێناوە

 
رووداو دیجیتاڵ

ژمارەیەک سەرباز بە هەڵکردنی ئاڵای سپی و هەڵگرتنی هاوسەنگەرە بریندارەکانیان بەرەو سەربازانی رووسیا دەچن، وەزارەتی بەرگریی رووسیا دەڵێت، ئەوانە سەربازی ئۆکراینین و لە ناوچەی پیشەسازیی ماریوپۆڵ بە کۆمەڵ خۆیان بەدەستەوە دەدەن.
 
ئیگۆر کۆناشێنکۆڤ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، "لە شاری ماریوپۆڵ، لە ناوچەی کارگەی ئاسنیی ئیلیچ، لە ئەنجامی هێرشی سەرکەوتووی سەربازانی رووسیا و هێزەکانی کۆماری میللیی دۆنێتسک [ کۆماری دانپێدانەنراوی دۆنێتسک]، هەزار و 26 سەربازی ئۆکراینی لە لیوای ژمارە 36ی دەریایی، خۆویستانە چەکەکانیان دانا و خۆیان بەدەستەوەدا."
 
لەلایەکی دیکەوە سەربازە جوداخوازەکانی کۆماری دانپێدانەنراوی دۆنێتسک لە ماریوپۆڵ لە نزیک ئەو ناوچە پیشەسازییەی کە رووسیا دەڵێت، سەرباز ئۆکراینییەکان تێیدا خۆیان بەدەستەوەداوە. بە تانک و تۆپ هێرشەکانیان بۆ سەر ئەو ناوچەیە چڕکردووەتەوە. 
 
وەزارەتی بەرگریی رووسیا چەند دیمەنێکی شارەکەی بڵاوکردووەتەوە کە پێشانیدەدەن زۆربەی باڵەخانەکانی وێرانبوون. سەربازە جوداخوازەکان دەڵێن، ئەو باڵەخانە سڤیلنشینانە لە لایەن هێزەکانی ئۆکراینا وایان بەسەر هێناوە، بەڵام سەرۆکی شارەوانیی شارەکە تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە و دەڵێت، رووسیا "چەکی کیمیایی" لە شارەکەدا "بەکارهێناوە"، ئەگەرچی پێشتر مۆسکۆ هەموو تۆمەتێکی لەو جۆرەی رەتکردووەتەوە.
 
ڤادیم بۆیچێنکۆ، سەرۆکی شارەوانیی ماریوپۆڵ گوتی، "ژمارەیەک کەسی گوندەکانی دەوروبەری شارەکە شایەتییان داوە کە لە نێو دەمیاندا هەستیان بە تامێکی شیرین کردووە. هەندێ خەڵکی گوندەکانی ئەو ناوچانە ترساون. گەنجان و ژنانیش دەستیان بە جێهشتنی گوندەکانی نزیک لە شارەکە کردووە."
 
ماوەی زیاتر لە شەش هەفتەیە ماریوپۆڵ لەلایەن هێزەکانی رووسیاوە گەمارۆدراوە. بەرپرسانی ئۆکراینی دەڵێن، زیاتر لە 10 هەزار کەسی سڤیل لەو شارەدا کوژراون.