سعودیە 15 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە ژیریی دەستکرد دا دەکات

14-02-2025
کۆنفرانسی تەکنەلۆجیای ریاز.
کۆنفرانسی تەکنەلۆجیای ریاز.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە کۆنفرانس و پێشانگەی تەکنەلۆجیای ریاز، سەردانکەران لەگەڵ رۆبۆتەکان قسە دەکەن و تەنانەت تەوقەشیان لەگەڵ دەکەن.
 
کۆمپانیای (ناڤێر)ـی کۆریای باشوور چەندین خزمەتگوزاری لە بواری پەروەردە، تەندروستی و میدیا پێشانداوە کە هەموویان لەڕێگەی ژیریی دەستکردەوە دەکرێن.
 
یون جیم کیم، نوێنەری کۆمپانیای ( ناڤێر) دەڵێت: "کۆمپانیای ناڤێر لە بواری ژیریی دەستکرد، سێیەم کۆمپانیای گەورەی جیهانە. ئێمە خزمەتگوزاری زۆر لە شوێنی کارکردن دەخەینەڕوو کە هەموویان بە ژیریی دەستکردەوە بەستراونەتەوە."
 
کۆمپانیای درۆنامیکی ئەوروپی، فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ( بلاک سوان)ـی نمایشکردووە کە توانای هەیە 350 کیلۆگرام بار بە خێرایی 200 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا بگوازێتەوە و 2500 کیلۆمەتریش بفرێت.
 
درۆنامیک 10 ساڵە مۆڵەتی هەیە لە ئەورووپا بۆ گواستنەوەی کارگۆ لە رێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە.
 
کێڤین گۆمیز، نوێنەری کۆمپانیای درۆنامیکس دەڵێت: "ئەم تەکنەلۆژییە کە فرۆکەکەی لەسەر بنیاتنراوە، هەمان تەکنەلۆژیایە کە فڕۆکەی دیکەی پێ دروستدەکرێت. تەنیا جیاوازییەکەی ئەوەیە کە فڕۆکەوانی نییە. بە بەنزینیش کاردەکات. هەر ئەو بەنزینەی کە لە ئۆتۆمبێلدا بەکاردێت. بەڵام تواناکەی زیاترە و بۆ 100 کیلۆمەتر تەنیا 5.8 لیتر بەنزین دەسووتێنێت."
 
لە کۆنفرانسی تەکنەلۆجیای ریاز، حکومەتی ئەو وڵاتە 15 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی لە بواری ژیریی دەستکرددا راگەیاند.
 
پێشبینی کراوە لەم ساڵدا قەبارەی وەبەرهێنانەکان لە بواری ژیریی دەستکرد بە تەنیا لەلایەن کۆمپانیا تایبەتەکانەوە بەرزبێتەوە بۆ 200 ملیار دۆلار.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە