سەرمایەدارانی رووسیا روو لە دوبەی دەکەن

14-02-2023
لهۆن نەسرەدین
ئەمریکا نیگەرانە و پێیوایە ئەمە بەمەبەستی سپیکردنەوەی پارەیە
ئەمریکا نیگەرانە و پێیوایە ئەمە بەمەبەستی سپیکردنەوەی پارەیە
نیشانەکردن رووسیا دوبەی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

شاری دوبەی ئیمارات گەشەیەکی گەورە لە بواری خانووبەرە بەخۆیەوە دەبینێت. لە هەموو گۆشەیەک باڵەخانەی بازرگانی و نیشتەجێبوونە و باڵەخانەی تازەش دروست دەکرێن. ئامارە فەرمییەکان باس لەوە دەکەن لە ساڵی 2022 نزیکەی 87 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە دوبەی فرۆشراون ئامارە نافەرمییەکانیش ئاماژە بەوە دەدەن، زۆربەیان بە رووسەکان فرۆشراون.
 
ریچارد وەیند، وەبەرهێنەرێكی بەریتانی دانیشتووی دوبەیە، پێیوایە هۆکارە سەرەکییەکە، شەڕی ئۆکراینایە.
 
ریچارد وەیند سەبارەت بە کڕیارانی یەکەکانی نیشتەجێبوون لە دوبەی، ئەو کڕیارانەی خەڵکی ئیمارات نین دەڵێ "رووس، پاشان بەریتانییەکان و دواتر هیندییەکان. ساڵی رابردوو هیندییەکان لە پلەی یەکەمدا بوون، بەڵام دوای شەڕی ئۆکراینا و تێکچوونی بارودۆخی ئەوروپا، رووس بوونە یەکەم، هەم خێزان و هەم پارەکانیان دێننە ئێرە".
 
هیچ ئامارێكی فەرمی لەبارەی ژمارەی رووسەکان و قەبارەی پارەکانیان لە دوبەی نییە، بەڵام هەر چەندێک بێت، نیگەرانیی ئەمریکای لێکەوتووەتەوە کە پێیوایە بەشێكی زۆری ئەو پارانە بەمەبەستی سپیکردنەوە و دەربازبوون لە سزاکانی رۆژئاوا، براونەتە دوبەی و دواجار خزمەت بە سیستەمی دارایی رووسیا دەکەن و ئەمەش دەسەڵاتی پوتین بەهێزتر دەکات.
 
گاڤین هیل، بەریتانییەکە زیاتر لە چوار ساڵە نیشتەجێی دوبەیە و چەندین لێکۆڵینەوەی لەسەر بازاڕی دارایی شارەکە کردووە.
 
گاڤین باس لەوە دەکات "جیهانی دوبەی توانای هەیە بە خێرایی خەڵک قووت بدات و فڕێی بداتە دەرەوە. دەبینین ئێستا ژمارەیەکی زۆری رووسی بە پارەکانیانەوە هاتوونەتە ئێرە، بەشێکیان هەڵاتووی شەڕن، بەڵام بە دڵنیاییەوە بەشێکی دیکەیان تێکەڵ بە پرۆسەی سپیکردنەوەی پارە دەبن و لەوانەشە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ خزمەت بە دەسەڵاتی رووسیا بکەن".
 
لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، شاندێكی گەنجینەی ئەمریکا سەردانی دوبەی کردووە و نیگەرانی خۆی لە وەبەر‌هێنانی رووسەکان لەو شارەدا دەربڕیوە و گوتویەتی، رووسەکان رێگەی ئاڵۆز و ناڕوون بەکاردەهێنن و دوبەی وەک پردێك بۆ بەستنەوەی سیستەمی دارایی رووسیا بە ئەوروپا، بەکاردەهێنن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە