كودەتای سەربازی لە لیبیا روویدا
رووداو – ئاژانسەكان
ئەمڕۆ هەینی، یەكێك لە فەرماندە سەربازییەكانی پێشووی لیبیا كودەتایەكی سەربازی ئەنجامداو هەڵوەشاندنەوەی حكومەت و پەرلەمانی راگەیاند.
لیوا خەلیفە حەفتەر، سەرۆكی پێشوی هێزی وشكانی لیبیا لە بەیاننامەیەكی ڤیدیۆییدا سڕكردنی " كۆنفرانسی نیشتمانی و حكومەت و دەستوور"ی راگەیاند.
لە بەیاننامەكەدا جەختیكردەوە، كە ئەمە هەڵگەڕانەوە نییەو جووڵەی ئەو رێگەخۆشكەر نییە بۆ فەرمانڕەواییەكی سەربازی لە وڵاتەكەیدا، بەڵكو وەستانیەتی شان بە شانی گەلی لیبیا.
ئاماژە بۆ ئەوەشدەكات، هەیئەیەكی سەركردایەتی كە دادگای باڵا سەركردایەتی دەكات ئەركی بەڕێوەبردنی لیبیای پێدەسپێردرێت تاوەكو دەستوورێكی گونجا دروستدەبێت.
هاوكات چەند سەرچاوەیەك راگەیاندووە، رێگاكان و هێڵی ئینتەرنێت لە تەرابلوسی پایتەختی لیبیا داخراون و هێزەكانی حەفتەر دەستیان بەسەر بەندەرەكانی پایتەختدا گرتووە.
حەفتەر گرنگییەكی زۆری هەیە لەنێو ئەفسەرەكانی وڵاتەكەی و بەپێی زانیارییەكانیش، زۆربەی سەركردە سەربازییەكان كە لە ماوەی شۆڕشی لیبیا دەركەوتن، ئێستا پاڵپشتی ئەون.
لە بەرامبەر ئەمەشدا، فەزیل ئەمین، سەرۆكی هەیئەی ئامادەكاری و گفتوگۆی نیشتمانی دەڵێت "حەفتەر تەنیا بە ناوی خۆیەوە قسە دەكات".
عیزەدین عەقیل سەرۆكی ئیئتیلافی كۆماری لیبیاش دەڵێت "شەقام هەڵسوڕانێكی سەیری پێوە دیارنییە و هیچ شتێك ئاماژە بە بوونی ئینقیلابێكی سەربازی ناكات".
جەختیشدەكاتەوە، هیچ كەسێك ئێستا ناتوانێت لە هیچ دڵنیابێت.
عەلی زێدان، سەرۆكی حكومەتی لیبیاش راگەیاندووە، فرمانێك لە وەزارەتی ناوەخۆ دەرچووە بۆ دەستگیركردنی حەفتەر.