بەرپرسێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رووداو: عێراق بە دەردانی 0.5%ـی گازی کاربۆن لە جیهاندا بەشدارە

 
رووداو دیجیتاڵ 
   
یاریدەدەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەڕێوەبەری نووسینگەی هەرێمیی یو ئێن دی پی بۆ کاروباری وڵاتانی عەرەبی دەڵێت، "عێراق بە دەردانی 0.5%ـی گازی کاربۆن لە جیهاندا بەشدارە و پێنجەم دەردەری گازی کاربۆنە لەنێو وڵاتانی عەرەبی". 
 
رۆژی چوارشەممە، 13ی تشرینی دووەمی 2024، عەبدوڵڵا دەردەری، یاریدەدەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ وڵاتانی عەرەبی لە پڕۆگرامی پەرەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان ناسراو بە یو ئێن دی پی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "عێراق پێنجەم دەردەری گازی کاربۆنە لەنێو وڵاتانی عەرەبی. پێویستە عێراق بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو بەرەوپێش ببات. پێویستە کەرتی کشتوکاڵ، ئاسایشی خۆراک و کەرتی وزە بە گشتی باشتر بکرێت. ویست بۆ جێبەجێکردنی ئەو خاڵانە دەبینین، بەڵام کاری زۆر ماوە بکرێت".
 
عەبدوڵڵا دەردەری لەبارەی کارکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان قسەی کرد و گوتی، "لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و هاوبەشەکانمان لە هەولێر و هەموو هەرێمی کوردستان کار بۆ زیادکردنی تواناکان، بەرەوپێشبردنی دامەزراوەکان و جێبەجێکردنی پرۆژە و پلانەکان دەکەین".  
 
کۆنفرانسی رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا (COP29) تاوەکو 22 ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و سەرکردە، شاند و نوێنەری نزیکەی 200 وڵات، رێکخراو و هەرێم تێیدا بەشدارن.
 
دەقی گوتەکانی عەبدوڵڵا دەردەری، یاریدەدەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ وڵاتانی عەرەبی بۆ رووداو
 
رووداو: عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کەوتووەتە ژێر کاریگەری دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا. پێویستە حکومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ رێگریکردن لە زیادبوونی مەترسییەکان چی بکەن؟ 
 
عەبدوڵڵا دەردەری: عێراق بە دەردانی 0.5%ـی گازی کاربۆن لە جیهاندا بەشدارە و پێنجەم دەردەری گازی کاربۆنە لەنێو وڵاتانی عەرەبی. پێویستە عێراق بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو بەرەوپێش ببات. پێویستە کەرتی کشتوکاڵ، ئاسایشی خۆراک و کەرتی وزە بە گشتی باشتر بکرێت. ویست بۆ جێبەجێکردنی ئەو خاڵانە دەبینین، بەڵام کاری زۆر ماوە بکرێت.
 
پرۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان، هاوبەشی عێراقە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ وزە بە شێوەیەکی گونجاو بۆ ئەوەی دەردانی گازە زیانبەخشەکان کەمبکرێتەوە و وزەی پاکیش بۆ هەموو هاووڵاتییەکی عێراقی دابینبکرێت. ئاویش پرسێکی زۆر گرنگە. پرسەکانی وەک کەشوهەوا، بەبیابانبوون و خاک پەیوەندییان بە فرەسەرچاوەکردنی ئابوورییەوە هەیە. ئەمە ئەو رێگەیەیە کە عێراق گرتوویەتی و پێویستە لەسەری بەردەوام بێت و دووربکەوێتەوە لە پشتبەستن بە نەوت. ئەوەش بۆ ئەوەی بتواندرێت هەلی کاری پێویست بۆ هەموو گەنجانی عێراق دەستەبەربکرێت. 
 
رووداو: سەبارەت بە هاوئاهەنگی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عیراق، پێویستە چۆن هاوئاهەنگی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا بکەن؟
 
عەبدوڵڵا دەردەری: پێم وایە ئەمە پرسێکی نێوخۆییە و دەستوەردان ناکەین. تەنیا دەتوانین ئەوە بڵێین کە یو ئێن دی پی لە کارکردنی بەردەوامدایە لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمایەکی نیشتمانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا کە بە گوێرەی رێککەوتننامەی ئێن دی سی دیاریکراوە، ئەمە بۆ ئەوەی هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان، کە پار سەردانم کرد، بتوانن سوود لەو پرۆژانە وەربگرن.
 
 
رووداو: سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا چۆن دەبینیت؟ 
 
عەبدوڵڵا دەردەری: پێم وایە دەتوانین کاری زیاتر لە زیادکردنی توانا و یاساکاندا بکەین. ئەمە زۆر گرنگە. لە راستیدا، لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و هاوبەشەکانمان لە هەولێر و هەموو هەرێمی کوردستان کار بۆ زیادکردنی تواناکان، بەرەوپێشبردنی دامەزراوەکان و جێبەجێکردنی پرۆژە و پلانەکان دەکەین. 
 
رووداو: پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان چی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بکات سەبارەت بە رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا؟ 
 
عەبدوڵڵا دەردەری: نەتەوە یەکگرتووەکان و پرۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە تایبەتی، کارەکانیان لە پارەدارکردنی ئەو پرۆژانەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوان، فراوان دەکەن. پێویستمان بەوەیە ژمارەیەک پرۆژەی زۆر پارەدار بکەین بۆ ئەوەی دەردانی گازی زیانبەخش کەمبکەینەوە و توانای بەرهەمهێنان زیادبکەین. رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و پارەدارکردنی ئەو پرۆژانەی کەرتی تایبەت کە لەو بوارەدان، پێویستیان بە یاسا و رێسای گونجاوە بۆ وەبەرهێنان و شەفافیەت زۆر گرنگن، هەروەها رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی. بەردەوامین لە بەشداری و پێویستیشە سەرنجمان لەسەر ئەو شتانە بێت.