شووتی و فەلەستین

رووداو دیجیتاڵ 

شووتی، چ وەکو میوەیەک بەدەستەوە بگیرێت، لەشێوەی وێنەکێشان و کاری هونەری بکێشرێت یانیش وەکو ئیمۆجییەک لەسەر پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵمیدیا پۆست بکرێت، بە سیمبولێکی بەهێزی فەلەستینییەکان دادەنرێت. 
 
لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی ئەم جارەی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس کە 7ـی ئۆکتۆبەری ئەم ساڵ بە هێرشێکی لەناکاوی حەماس دەستیپێکرد و بووە هۆی کوژرانی 1200 ئیسرائیلی و لانیکەم 11 هەزار و 240 کەسیش لە غەززە گیانیان لەدەستداوە؛ ئەم میوەیە لە پۆستە بێشومارەکانی سۆشیاڵ میدیادا بڵاوبووەتەوە. 
 
ئیسرائیل بەشێوەیەکی پراکتیکی لە 30ـی ئۆکتۆبەرەوە لە پێنج بەرەوە هێرشی زەوینی دەستپێکردووە بۆسەر غەززە و گەمارۆی شارەکەیان داوە، بەڵام رەتیدەکاتەوە بەفەرمی هێرشی فراوانی زەوینی ئەنجامدابێت. 
 
ئێستا، چۆن ئەم میوە فێنککەرەوەیە بووە سیمبوولێکی "پۆڵایینی" سەروەری و خۆڕاگریی فەلەستینییەکان کە لەم رۆژگارەدا بۆ پاڵپشتیی فەلەستین و غەززە لە سەرتاسەری جیهان بەرزدەکرێتەوە؟ 
 
 
بۆچی شووتی؟
 
بەکارهێنانی شووتی وەک هێمایەکی فەلەستینی شتێکی نوێ نییە؛ بۆ یەکەم جار دوای جەنگی شەش رۆژە لە ساڵی 1967 سەریهەڵدا، کاتێک ئیسرائیل دەستی بەسەر کەناری رۆژئاوا، غەززە و قودسی رۆژهەڵاتدا گرت. لەو کاتەدا حکومەتی ئیسرائیل هەڵدانی ئاڵای فەلەستینی بە ئاشکرا لە غەززە و کەناری رۆژئاوا بە تاوان ناساندبوو. 
 

ئەوکات، بۆ دەربازبوون لە قەدەخەکردنەکە، فەلەستینییەکان دەستیان کرد بە بەکارهێنانی شووتی لە جیاتی ئاڵاکەیان، چونکە کاتێک میوەکە قاش دەکرێت، رەنگەکانی ئاڵای نیشتمانیی فەلەستین - سوور، رەش، سپی و سەوز لەخۆدەگرێت. 
 
حکومەتی ئیسرائیل بە قەدەخەکردنی ئاڵاکە نەوەستا؛ سلێمان مەنسوور، هونەرمەندی فەلەستینی، لە ساڵی 2021 بە رۆژنامەی زە ناشناڵی راگەیاند، بەرپرسانی ئیسرائیل لە ساڵی 1980 پێشانگەیەکیان لە شاری رامەڵڵا داخست کە کارەکانی ئەو و کەسانی دیکەیان تێدابووە، "پێیان گوتین نیگارکێشانی ئاڵای فەلەستین قەدەخەیە، نەک هەر ئەوە، بەڵکو رەنگەکانی ئاڵاکەش قەدەخەن."
 

عیسام بەدرل، هونەرمەندێکی دیکەی فەلەستینییە، ئەوکات بە بەرپرسانی ئیسرائیلی گوتووە، "ئەی ئەگەر وێنەی گوڵێک لە سوور و سەوز و رەش و سپی بکێشم چی؟" ئەفسەرەکە "بە تووڕەییەوە وەڵامی دایەوە: 'دەستی بەسەردا دەگیرێت. تەنانەت ئەگەر وێنەی شووتییەکیش بكێشیت، دەستی بەسەردا دەگیرێت'."
 
ئیسرائیل لە ساڵی 1993 قەدەخەکردنی سەر ئاڵای فەلەستینی هەڵگرت، ئەمەش لە چوارچێوەی رێککەوتننامەکانی ئۆسلۆ، کە دانپێدانانی یەکدی لەلایەن ئیسرائیل و رێکخراوی رزگاریخوازی فەلەستینی بەدوای خۆیدا هێنا و یەکەم رێککەوتنی فەرمی بوو بۆ هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی دەیان ساڵەی ئیسرائیل و فەلەستین. ئاڵاکە وەک نوێنەرایەتیکردن لە دەسەڵاتی فەلەستین پەسندکرا کە ئیدارەی غەززە و کەناری رۆژئاوای دەکرد.
 
لە دوای رێککەوتنەکانی ئۆسلۆ، رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی شووتیی وەکو هێمایەکی خۆڕاگریی لە کاتی قەدەخەکردنی ئاڵادا وەسفکرد. جۆن کیفنەر، رۆژنامەڤانی نیویۆرک تایمز نووسیویەتی: "لە کەرتی غەززە، کە سەردەمانێک گەنجان بەهۆی هەڵگرتنی شووتیی قاشکراوەوە دەستگیردەکران -بەجۆرێک کە رەنگی سوور، رەش و سەوزی فەلەستینییان پیشان دەدا- ئێستا سەربازەکان دەستەوەستان بەلایانەوە دەوەستن کاتێک ئاپۆڕای گەنجەکان بە بەرزکردنەوەی ئاڵا قەدەخەکراوەکە، رێپێوان دەکەن." 
 
لە ساڵی 2007 و لە دوای "ئینتیفازەی دووەم،" هونەرمەند خالید حورانی، چیرۆکی شووتیی کردە کتێبێک بە ناونیشانی Subjective Atlas of Palestine. لە ساڵی 2013 چاپێکی جیاکردەوە و ناوی لێنا "رەنگەکانی ئاڵای فەلەستین" کە لەو کاتەوە کەوتووەتە بەر چاوی خەڵکی لە سەرانسەری جیهان. 
 

بەکارهێنانی شووتی وەک هێمایەک لە ساڵی 2021 جارێکی دیکە سەریهەڵدایەوە؛ ئەمەش دوای بڕیارێکی دادگەی ئیسرائیل کە رایگەیاند، بنەماڵە فەلەستینییەکان کە لە گەڕەکی شێخ جەراحی قودسی رۆژهەڵات نیشتەجێن، لە ماڵەکانیان دەردەکرێن بۆ ئەوەی لە شوێنی ئەوان، جووەکان نیشتەجێ بکرێن.
 
شووتی وەکو سیمبولی خۆڕاگریی فەلەستین لە ئەمڕۆ دا
 
لە مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، ئیتامار بن گڤێر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل دەسەڵاتی دەستبەسەرداگرتنی ئاڵای فەلەستینی بە پۆلیس دا. دواتر لە مانگی حوزەیران دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای قەدەخەکردنی هەڵکردنی ئاڵای فەلەستین لەلایەن خەڵکەوە لە دامەزراوەکانی سەر بە ئیسرائیل، لەنێویاندا لە زانکۆکان، خرایەڕوو، (پڕۆژە یاساکە پەسندکردنی سەرەتایی بۆ کرا، بەڵام دواتر بەهۆی ناکۆکیی سیاسیی و گوشاری شەقامەوە، پەرلەمانی ئیسرائیل - کنێست هەڵوەشایەوە).
 
هەر لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا، زازم، کە رێکخراوێکی کۆمەڵایەتیی عەرەبی-ئیسرائیلییە، هەڵمەتێکی ناڕەزایەتی بەرامبەر دەستبەسەرداگرتنی ئاڵاکانی فەلەستینی دەستپێکرد. وێنەی شووتی لەسەر 16 تەکسی کە لە تەلئەڤیب کاردەکەن، و نووسینێکی هاوپێچ لەگەڵی هەڵواسرابوو، نووسرابوو: "ئەمە ئاڵای فەلەستین نییە."
 

رالوکا گانیا، بەڕێوەبەری رێکخراوی زازم دەڵێت، "پەیامەکەمان بۆ حکومەت روونە: هەمیشە رێگەیەک دەدۆزینەوە بۆ دەربازبوون لە هەر قەدەخەکردنێکی بێمانا و لە خەباتکردن بۆ ئازادیی رادەربڕین و دیموکراسی ناوەستین."
 
ئەمەل سەعەد، فەلەستینییەکی خەڵکی حەیفایە و کاری لەسەر کەمپینی زازم کردووە، بە کەناڵی جەزیرەی راگەیاندووە کە پەیامێکی روونیان هەیە: "ئەگەر بتانەوێت رێگریمان لێبکەن، رێگەیەکی دیکە دەدۆزینەوە بۆ دەربڕینی [شووناسی] خۆمان." 

 

 
ئێستاش کە خۆپێشاندان بۆ پاڵپشتی لە غەززە لە بەشێکی وڵاتانی ئەوروپا قەدەخەکراوە، لەنێویدا، فەرەنسا و ئەڵمانیا؛ ئەو کەسانەی پاڵپشتی لە غەززە و پرسی فەلەستین دەکەن، شووتی بەرزدەکەنەوە، ئەوەش دەکرێت لەڕێگەی میوە فرێشەکە خۆیەوە بێت، یاخود، نەخشاندنی شووتی لەسەر پەڕاوێک یانیش پۆستەرێک وەکو سیمبولێک بۆ ئاڵای فەلەستین و "خۆڕاگریی فەلەستینییەکان لە جەنگ لەگەڵ ئیسرائیلدا."