لە فێستیڤاڵێکی بۆلیڤیا کەللـەسەری مردووەکان دەردەهێنن و قاوەیان پێشکێش دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
لە شاری لاپاز لە بۆلیڤیا، مەسیحییەکان کەللـەسەری ئازیزانیان لە گۆڕەکان دەردەهێنن و جوان و خاوێن دەیانڕازێننەوە، لۆکە دەخەنە چاوەکانیان و کڵاویش دەخەنە سەریان.
ئەم نەریتە لە چوارچێوەی فێستیڤاڵێک بەناوی ناتیتاس بەڕێوەچوو، تێیدا نیسکافێ یان قاوە پێشکێش بە کەللـەسەری مردووەکان دەکرێت.
ئەوان پێیان وایە، ئەمە ئەوپەڕی رێزگرتنە لە کەسوکارە مردووەکانیان.
قەشەیەکی بۆلیڤی دەڵێت، "ئەمە رۆژی ئاهەنگگێرانە. ئەمانە کەسوکاری ئەو خەڵکانەن رۆژگارێک لە ئاو هەڵکێشراون، ئێستا لە بەهەشت لەگەڵ قەشەکانی دیکە چێژ لە نیعمەتەکانی خودا دەبینن. ئێمە کەللـەسەر ناپەرستین، بەڵکو ئەو رووحانە دەپەرستین کە ئێستا لە بەهەشت لەگەڵ مەسیحن."
ناتیتاس فێستیڤاڵێکی ئایینی بۆلیڤییە و رۆژی قەشەی کاسۆلیکیشی پێدەڵێن، هەموو ساڵێک لە مانگی تشرینی دووەم بەڕێوەدەچێت.
بەشداربووان باوەڕیان وایە ئەوان قەرزداری باب و باپیرانیانن، بۆیە پێویستە لە یاد بمێننەوە و ساڵانە رێزیان لێبگرن.
هاووڵاتییەکی بۆلیڤی دەڵێت، "رۆژێک کەسێک پێی گوتم ئەو کەللـەسەرانە رۆژی خۆیان هەیە و پێویستە تۆش رێزیان لێبگریت. ساڵێک هاتم و کەللـەسەرێکم لەگەڵ خۆم هێنا و نزام بۆ منداڵەکانم کرد، نزاکەم هاتە دی، بەمجۆرە باوەڕم کرد."
باوەڕێکی دیکە وایە کە بەم شێوەیە رێز لە باب و باپیرانیان دەگرن، تاوەکو ساڵێکی دیکە ئەم کاتانە لە دەرد و بەڵا پارێزراو دەبن بەو تێگەیشتنەی ئازیزانیان ئێستا لە بەهەشتن و کەوتوونەتە بەر ناز و نیعمەتی خودا.
ناتیتاس لقێکی ئایینی کاسۆلیکییە و لەلایەن دانیشتووانە رەسەنەکانی بۆلیڤیاوە بەتایبەتیش ئاماراس و کویچواس پەیڕەو دەکرێت.