ئیسپانیا تۆڕێکی بەقاچاخبردنی کۆچبەرانی سووریا "لەنێودەبات"
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی ئیسپانیا دەڵێت بە هاوکاریی پۆلیسی ئەوروپا و ئەڵمانیا تۆڕێکی قاچاچێتییان "لەنێوبردووە" کە دەستیان هەبووە لە بەقاچابردنی سەدان کۆچبەر لە وڵاتانی عەرەبی و ئەفریقی و ئاسیایی بۆ ئەوروپا و بە هەزاران دۆلاریان لە کۆچبەرەکان وەرگرتووە.
بەگوێرەی پۆلیسی ئیسپانیا، تۆڕەکە خەڵکییان لە سووریاوە بردوونەتە سوودان، لیبیا، جەزائیر و تونس، دواتر لە رێگەی بەلەمەوە پەڕاندوونیانەتەوە بۆ ئیسپانیا، لەوێشەوە بۆ ئەڵمانیا، نەرویج و وڵاتانی دیکە، لەبەرامبەر ئەو پرۆسەیەدا 22 هەزار دۆلاریان وەرگرتووە کە پۆلیس دەستی بەسەر ئەو بڕە پارەیەشدا گرتووە.
تۆڕەکە پێکهاتوون لە چەند قاچاخچیێکی شارەزا کە سووریشیان تێدابووە، "زۆر بە سیستەماتیک" وڵات بە وڵات کۆچبەرانیان بەقاچاخبردوون و سیستەمی بانکی "حەوالە"یان بەکارهێناوە، تەنانەت لە لیبیا لەگەڵ بەرپرسانیش رێککەوتوون تاوەکو بپەڕێندرێنەوە جەزائیر و لەوێشەوە بۆ ئیسپانیا.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی یۆرۆپۆل کە لە حوزەیرانی 2022ـەوە رایانگەیاندووە، ئەو تۆڕە 68 پەڕینەوەی نایاساییان ئەنجامداوە و 550 کۆچبەریان پەڕاندوونەتەوە کە زۆربەیان هاووڵاتی سووریایی بوون.
لەگەڵ دەستگیرکردنی قاچاخچییەکان، دەستبەسەر ژمارەیەک ئۆتۆمبێل، مۆبایل، کۆمپیوتەر و مێمۆری و بەڵگەنامەی جیاوازدا گیراوە.
لە هەر پرۆسەیەکی بەقاچاخبردندا، قاچاخچییەکان 22 هەزار دۆلاریان دەستکەوتووە کە بەشێکی هەنگاوەکان بەمشێوەیەن: 4400 دۆلار لە بەیرووتەوە بۆ میسر بە فرۆکە، 3850 دۆلار لە میسرەوە بۆ جەزائیر، لیبیا و تونس، 11 هەزار دۆلاریش بۆ ئیسپانیا. لە ئیسپانیا کۆچبەرەکان لە مورسیاوە وەرگیراون، بە چەندین شار تێپەڕێندراون تاوەکو پەڕێندراونەتەوە ئەڵمانیا و نەرویج. لەگەڵ 2750 دۆلاریش لە وردەکاریی دیکە رۆیشتووە.
یۆرۆپۆل ئەم بەقاچاخبردنە بە "خزمەتگوزاری VIP" ناودەبات، چونکە لەدوای گەیشتنیان بە ئیسپانیا پێشوازییان لێکراوە و شوێنی مانەوە و ئامرازی هاتووچۆی گرانبەهایان بۆ دابینکراوە.
ئاژانسی یۆرۆپۆل دەڵێت، " تۆڕە تاوانکارییەکە رێوشوێنی ئەمنیی توندیان گرتووەتە بەر تاوەکو دڵنیابنەوە بە سەرکەوتوویی دەگەنە شوێنی مەبەست."
مانگی رابردوو لە ئۆپەراسیۆنێکی پۆلیسدا 15 کەس دەستگیرکران کە گومانیان لێدەکرا بەشێکبن لە گرووپێکی گەورەی قاچاخچیان کە هاووڵاتیانی سووریاییان پەڕاندووەتەوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی یەکێتیی ئەوروپا، لە حەوت مانگی ئەمساڵدا 133 هەزار و 836 کۆچبەری نایاسایی گەیشتوونەتە ئەوروپا، 2,420 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە یاخود بێسەروشوێنبوون.