تاڵیبان هیراتی کۆنترۆڵکرد و چارەنووسی ئیسماعیل خان و 'شێرەکانی هیرات' دیار نییە
رووداو دیجیتاڵ
بزووتنەوەی تاڵیبانی 13 پایتەختی ویلایەتەکانی ئەفغانستانی کۆنترۆڵکردووە، یەکێک لەوانەش ویلایەتی هیرات بوو، کە ئێوارەی پێنجشەممە کۆنتڕۆڵکرا.
شاری هیرات واتە پایتەختی ویلایەتەکە، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی سەر بە ئیسماعیل خانەوە ماوەی مانگێکە بەرگری لێدەکرێت، بەڵام لە رۆژی پێنجشەممەوە شارەکەیان چۆڵکردووە و چوونەتە دەرەوەی شارەکە.
ئیسماعیل خان، خاوەنی هێزێکی چەکداری گەورەیە. لە رابردوودا وەک هێزێکی چەکداری نزیک لە حکومەت بەردەوام کاری کردووە و لە زۆربەی شەڕەکاندا دژ بە بزووتنەوەی تاڵیبان بەشداری کردووە، لە ساڵی 2001یش یەکێک بووە لەو هێزە کاریگەرانەی هاوکاری هێزەکانی ئەمریکای کردووە لە شەڕی دژ بە تاڵیبان و قاعیدەدا.
لە مانگی ئایاری ئەمساڵیشدا دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی تاڵیبان، ئیسماعیل خان جارێکی دیکە هێزەکەی کۆکردەوە، ماوەی زیاتر لە مانگێکیشە بەرگری لە شاری هیرات دەکات.. ئێستا دوای کۆنترۆڵکردنی شارەکە چارەنووسیان دیار نییە.
ئیسماعیل خان، تەمەن 75 ساڵ سەرکردەیەکی پێشووی سەربازی و خاوەنی ناوبانگێکی عەشایرییە و نزیکە لە بەرپرسانی حکومەت و پێشتریش وەزیری ئەفغانستان بووە. ماوەیەکە هێزەکانی کۆکردووەتەوە بۆ بەرگریکردن لە هیرات، واتە سێیەم گەورەترین شاری ئەفغانستان دوای کابول و قەندەهار.
ئاژانسی فرانس پرێس، سەبارەت بە ئیسماعیل خان و هێزەکەی بەناوی "شێرەکانی هیرات" ئاشکرای کردووە کە ئێوارەی پێنجشەممە، چەکدارەکان بارەگاکانیان لە شارەکە چۆڵ کردووە، بە ئۆتۆمبیل و ماتۆڕ و هەندێكشیان بە پیادە چوونەتە دەرەوەی شارەکە و ناوچەکەیان رادەست کردووە.
ئەو هێزە مانگێک زیاترە شەڕ دەکەن، بەهۆی گرتنی رێگاکانەوە لەلایەن تاڵیبانەوە حکومەتی ئەفغانستان و سوپا نەیاندەتوانی هێزی پشتیوانی بۆ شارەکە بنێرن.
ئیسماعیل خان کێیە؟
ئیسماعیل خان، ساڵی 1946 لە قەزای شنداندی سەر بە ویلایەتی هیراتی ئەفغانستان لە دایک بووە. لە کۆتایی حەفتاکان ئەفسەر بووە لە سوپای کۆمۆنیستی ئەفغانستان. لە هیرات لەلایەن راوێژکارانی سوپای سۆڤیەت هاوکاری کراوە، کە ئەوکات هاوپەیمانی حکومەتی ئەفغانستان بووە.
لە ئاداری 1979 حکومەتی ئەفغانستان لە شاری هیرات چەند کەسێک دەستبەسەر دەکات، ئەمەش خۆپیشاندانی دانیشتووانی شارەکەی لێدەکەوێتەوە. سەرهەڵدانەکە فراوان دەبێت و زۆربەی سوپای ئەفغانستان لە هیرات دەچنە پاڵ خۆپێشاندەران و بەو هۆیەوە خۆپیشاندەران دەست بەسەر چەند بنکەیێکی سەربازی ئەو شارەدا دەگرن.
ئیسماعیل خان، یەکێک بووە لەو ئەفسەرانەی سوپا کە دەچنە پاڵ خۆپێشاندەران. لە کاتی هەڵکوتانە سەر بنکە سەربازییەکان ژمارەیەک راوێژکاری سەربازی یەکێتیی سۆڤیەت و خێزانەکانیان دەستگیر دەکرێن و هەموویان دەکوژرێن.
لە وەڵامدا حکومەتی ئەفغانستان بە چەکی سۆڤیەت شاری هیرات بۆردوومان دەکات و دەگوترێت نزیکەی 24 هەزار کەس بەهۆی بۆردوومانەکەوە کوژران. ئەمە دەبێتە دەستپێکی دەستوەردانی یەکێتیی سۆڤیەت لە ئەفغانستان.
ئیسماعیل خان دواتر دەبێتە بەشێک لە شەڕی موجاهیدان دژی سۆڤیەت. ماوەیەک لەگەڵ بورهانەددین رەبانی، پارتی جەماعەتی ئیسلامی بوو، کە لەلایەن پاکستانەوە هاوکاری دەکرا.
لەدوای دەرکردنی سوپای سۆڤیەت لە ئەفغانستان و سەرکەوتنی موجاهیدان، ساڵی 1992 ئیسماعیل خان دەبێتە والی هیرات. بە گەشەکردنی بزووتنەوەی تاڵیبان ئیسماعیل خان دژی ئەو گرووپە شەڕ دەکات.
ساڵی 1995 بە هاوکاری ئەحمەد شا مەسعود, سەرکردەی بەناوبانگی ئەفغانستان، هێرشی تاڵیبان بۆ ویلایەتی هیرات تێکدەشکێنێت. بەڵام دواتر تاڵیبان بە هاوکاری ژەنەڕاڵ عەبدولڕەشید دۆستەم، کە ئەویش وەک ئیسماعیل خان لە کەمینەی ئۆزبەکە، شاری هیرات دەگرێت و ئیسماعیل خانیش بەرەو ئێران هەڵدێت.
لە دوای هێرشی هاوپەیمانان لە ساڵی 2001 بۆ سەر بزووتنەوەی تاڵیبان، ئیسماعیل خان، هاوکاری هێزەکانی ئەمریکا دەکات بۆ وەدەرنانی تاڵیبان لە هیرات. دواتر دەسەڵاتی کەسی خۆی لە ویلایەتی هیرات فراوان دەکات.
ساڵی 2005، ئیسماعیل خان دەبێتە وەزیری ئاو و وزە لە حکومەتی حەمید کارزای.
تۆمەتی زۆری دەخرێتە پاڵ ئیسماعیل خان، کە ویلایەتی هیرات وەک مۆڵکی شەخسی خۆی بەکاردێنێت. بەڵام تائێستاش بە کەسایەتیێکی کاریگەر لە ئەفغانستان دادەنرێت.
ئیسماعیل خان، کە بە کەسێکی نزیک لە ئێران ناوبانگی دەرکردووە، لەلایەن رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ وەک هیومەن رایتس وۆچ و پەیامنێرانی بێسنوور بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و مافی رۆژنامەڤانان تۆمەتبار دەکرێت.
لە چەند مانگی رابردوودا ئیسماعیل خان جارێکی دیکە هەزاران چەکداری کۆکردەوە و چوونە بەرەی جەنگی دژی تاڵیبانەوە..
ئێستا خان و هێزەکەی چوونەتە دەرەوەی هیرات، نازانرێت بۆ کوێ رۆیشتوون، بەڵام بەهۆی نزیکی لە ئێرانەوە گومان دەکرێت خان و هێزەکەی هاوشێوەی 1995 پەنا ببەنە بەر ئێران.