کامالا هاریس گڕ لە کەمپەینەکانی هەڵبژاردنی ئەمریکا بەردەدات

رووداو دیجیتاڵ

دەستنیشانکردنی کامالا هاریس وەک جێگری جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی ئەمریکادا، رکابەرییەکانی ئەو هەڵبژاردنەی گەرمتر کرد.

لە ماوەی 24 کاژێردا دۆناڵد ترەمپ سێ جار قسەی لەسەر کامالا کرد. لە هەر سێ جارەکەشدا، گوتی کامالا هاریس شکستێکی گەورەیە بۆ دیموکراتەکان، بایدن و هاریس خۆیان کێشەیان لەگەڵ یەک هەیە، بۆیە ناتوانن سەرکوتوو بن.

بایدن و هاریس لە یەکەم دەرکەوتنیاندا پێکەوە هێرشی قسەیان بۆ سەر دۆناڵد ترەمپ دەستپێکرد و بە سەرۆکێکی بەرژەوەندخواز وەسفیانکرد.

هاریس پێشتر رەخنەی تووندی لە جۆ بایدن گرتبوو، بەڵام بایدن کردی بە جێگری خۆی.
ئەمەش وایکرد ترەمپ بڵێت بایدن بڕیاری هەڵەی داوە و کامالاش شکستێکی گەورەیە بۆ دیموکراتەکان.

لە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی بەربژێربوونی هاریس، ترەمپ تائێستا سێ جار قسەی لەسەر کردووە و لە هەموو جارەکانیشدا رەخنەی تووندی لە هاریس گرتووە. ترەمپ لەو باوەڕەدایە کە مایک پێنسی جێگری، دەتوانێت شکست بە هاریس بهێنێت. 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "من ئەمڕۆ خوێندمەوە کە ئەو ژنە لە راستییەکان نازانێت. پێموایە دەبێتە شکستێکی گەورە، من چاوەڕێی دیبەیتی نێوان مایک پێنس و ئەو دەکەم، چونکە دەزانم پێنس زۆر باشتر لە سیناتۆر جۆن مەککەین دەتوانێت شكستی پێبهێنیت. با ببینین بزانین چی دەکات"

بەڵام کامالا لە یەکەم دەرکەوتنیدا لەگەڵ بایدن بەرەیەکی تووندیان دژی دۆناڵد ترەمپ کردەوە، کامالا لە یەکەم لێدوانیدا وەک بەربژێری جێگری سەرۆکی ئەمریکا هێرشی تووندی کردە سەر ترەمپ.

 ئەو گوتی، ئەمریکا بەدەست نەبوونی سەرکردایەتییەوە دەناڵێنیت. ترەمپ هێندەی گرنگی بە خۆی دەدات گرنگی بەوانە نادات کە هەڵیانبژاردووە.

کامالا هاریس، گوتی: "خراپ بەڕێوەبردنی سەرۆک سەبارەت بە پەتای کۆرۆنا وایکرد ئێمە بچینە خراپترین قەیرانی ئابوورییەوە. ئێمە ئێستا لەبەردەم بەرپرسیارێتی ئەخلاقیداین لەڕووی رەگەزپەرستی و نادادپەروەری سیستەمەوە کە هۆشیارییەکی داوە بە شەقام  و داوای گۆڕانکاری دەکەن. ئەمریکا گیرۆدەی بێ سەرکردەییە، ئێمە ئێستا سەرۆکێکمان هەیە کە زیاتر بایەخ بەخۆی دەدات نەک ئەو خەڵکەی کە ئەویان هەڵبژاردووە".

بایدن و هاریس تەرکیزیان خستووەتە سەر سێ خاڵی لاوازی ترەمپ کە شەقام و ناوەندەکانی ئەمریکای تووڕە کردووە، ئەوانیش بریتین لە مامەڵەی ترەمپ لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا، وەڵامدانەوەی شەقامی ئەمریکا و خۆپیشاندانەکان دوای کوژرانی رەشپێستێک لە ویلایەتی مینیسۆتا و هەروەها فەرامۆشکردنی پرسی گۆڕانی کەشوهەوا.

بایدن بەرگری لە کامالا کرد لە بەرامبەر هێرشەکانی ترەمپدا. ئەو پێیوایە بەربژێرکردنی کامالا هەستانەوەی هێزی ژنانە لە ئەمریکا.

جۆ بایدن بەربژێر دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا گوتی: "ئەم بەیانییە، لە هەموو وڵات، کچان بە ئاگا هاتوون، بەتایبەت کچانی رەشپێست کە پێشووتر هەستیان بە پەراوێزخستن دەکرد، بەڵام ئەمجارەیان ئەوان دەتوانن خۆیان ببینن، کە بۆ یەکەمینجار یەکێک لەوان دەبێتە ستافی سەرۆکایەتی و دەبێتە جێگری سەرۆک".

میدیاکانی ئەمریکاش دەڵێن، لەگەڵ کامالا،  ئەمریکا چووە ناو کەشوهەوای کێبڕکێی تووندی هەڵبژاردنەوە و بایدنیش کە پێشووتر نموونەکانی ئیدارەی ئۆباما- بایدنی بەکاردەهێنا، ئێستا بادین- هاریس بووەتە کۆدی کامپەینەکەی. 

بڕیارە رۆژی 3ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەڕێوەبچێت کە دیارترین و بەهێزترین بەربژێرەکان بۆ بەدەستهێنانی پۆستەکە جۆ بایدن و دۆناڵد ترەمپن.
 
کامالا رەخنەگرێکی تووندی دۆناڵد ترەمپە، کاتێک ترەمپ لە رۆژئاڤای کوردستان کشایەوە، هاریس لە توویتێکدا نووسیبووی: "دۆناڵد ترەمپ لە سووریا کوردی فرۆشت". لە 2010 بووە بە داواکاری گشتیی کالیفۆڕنیا، لە 2014 هەمان پۆستی وەرگرتووەتەوە.
 
کامالا هاریس ساڵی 1964 لە کالیفۆڕنیا لەدایکبووە و تەمەنی 55 ساڵە، پارێزەرە و لە ساڵی 2017وە سیناتۆرە، ئەندامی پارتی دیموکراتی ئەمریکایە، دووەم ئافرەتی ئەفریقی ئەمریکی و یەکەم ئافرەتی باشووری ئاسیایە کە لە سیناتی ئەمریکا خزمەتی کردووە.

هەر لە سەرەتاوە، هاریس بەیەکێک لە دیارترین بەربژێرەکانی جێگری سەرۆککۆمار دادەنرا. پرۆفایلەکەی دەریدەخات کە ئەندامی ئەنجوومەنی پیران بووە، وەک داواکاری گشتی لە ویلایەتی کالیفۆرنیا کاریکردووە، لە ناوچە جیاوازەکانی شاری سان فرانسیسکۆ، کاری پارێزەریی کردووە. لە رووی بنەچەوە تێکەڵە، دایکی هیندییە و باوکی جامایکییە. تاقیکردنەوەکانی دەزگاکانی راگەیاندنی ئەمریکای تێپەڕاند، کاتێک بەشداری لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی پارتی دیموکراتدا کرد لە ساڵی رابردوودا، ماوەیەک وەک بەربژێری یەکەم تەماشا دەکرا.
 
لە کاتی مێزگردە ناوخۆییەکانی پارتەکەدا لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوودا، پێکداهەڵشاخانی لەگەڵ بایدندا هەبوو، کاتێک گوتی هەست بە ئازار دەکەم و دژی بڕیارێکی بایدن وەستایەوە، بە لابردنی جیاکارییە رەگەزییەکان لە نێو پاسی قوتابخانەکاندا، بەڵام ئەو پێکداهەڵشاخانە لەسەر رووداوێک بوو کە لە حەفتاکانی سەدەی رابردوودا روویانداوە و ئێستا ئەو بابەتە جێگەی مشتومڕ نییە.
 
هاریس لە هەفتەکانی رابردوودا لە رێگەی ئینتەرنێتەوە، پارەیەکی زۆری لە کالیفۆرنیادا کۆکردەوە بۆ هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی بایدن کە دەگاتە 2 ملیۆن دۆلار. ئەو بەکەسایەتی پتەو ناسراوە و بۆ ئەوانە گونجاوە کە داوا لە بایدن دەکەن، خانمێکی رەشپێست بۆ جێگری خۆی لە سەرۆکایەتی وڵاتدا دەستنیشان بکات.
 
هاریس پەسنی زۆرینەی دیموکراتەکانی بەدەستهێنا، لەبەرئەوەی داکۆکیکاری راشکاوی چاکسازییەکانی ناو پۆلیس بوو لە کاتی خۆپیشاندانە گەورەکانی ماوەی رابرووی وڵاتدا. راپرسییەکانی بەر لە ساڵێک دەریاندەخست کە بایدن و هاریس دەبنە رکابەری گەورە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ترەمپ لە پێشبڕکێکانی هەڵبژاردندا.