ئەمریکا؛ دۆخی تەندروستیی بایدن مشتومڕی دروستکردووە


رووداو دیجیتاڵ 

دوای رۆژێک لە دواخستنی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سکرتێری گشتیی ناتۆ بەهۆی ئازاری ددانەوە، لە کۆنفرانسەکەی کۆشکی سپی بووە قاقاو پێکەنین دوای ئەوەی رۆژنامەڤانێک پرسیارێکی لە بارەی ددانەکانی بایدنەوە کرد.
 
رۆژنامەڤانەکە پرسی، دەتوانی زانیاریی زیاترمان پێبدەی بۆچی پێویستی بە چارەسەری رەگی ددان بوو؟ ئایا ددانەکانی بە باشی ناشوات؟
 
کارین ژین پیەر، گوتەبێژی کۆشکی سپی وەڵامی دایەوە، "رووی دەمت ئاراستەی ملیۆنان ئەمریکی سەرتاسەری وڵات دەکەی؟ ئەو پرسیارە لەوانیش دەکەی؟
 
رۆژنامەڤان: ئەم بەیانییە بەدوایدا گەڕام.
 
کارین ژین پیەر: "سەیرکە، من پزیشکی ددان نیم، بۆیە نازانم چی بووەتە هۆی کێشەی رەگی ددان."
 
کێشەی ددان دیاردەیەکی سرووشتییە و لە هەموو تەمەنێک روودەدات، بەڵام نیشانەی پیری بە روونی بە بایدنەوە دیارە کە پرسیاری لای ئەمریکییەکان دروستکردووە ئاخۆ پیاوە سەرسپییە تەمەن 80 ساڵەکە ئامادەیە 4 ساڵی دیکە ببێتەوە سەرۆکی ئەمریکا؟
 
رووداو و بەسەرهاتەکانی بایدن زۆرن، دوایینیان کەوتنی بوو لە ئاهەنگی دەرچوونی ئەکادیمیای هێزی ئاسمانیی ئەمریکا.
 
گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، "لەوێ پێویستی بەوە نەبوو پزیشک بۆ بابەتی کەوتنەکەی بیبینێت و تەندروستیشی باشە."
 
هەرچەندە بەگوێرەی 'فاکت-چێک' یاخود کتێبی پشتڕاستکردنەوەی گوتەکان، ترەمپ لە ماوەی چوار ساڵی سەرۆکایەتیدا 30573 لێدوانی ناڕاستی دا، بەڵام بەو بارە لارەیشەوە زۆر جار جۆ بایدن دەکاتە گاڵتەجاری کامپەینەکانی.
 
ترەمپ لە ئایۆوا لە 1ـی حوزەیرانی 2023 رایگەیاند: "لە ئاهەنگی دەرچوونی هێزی ئاسمانی؟ بەڕاست کەوتەخوارەوە؟ هیوادارم ئازاری نەخواردبێت، بەڵام ئەمە کێشە گەورەکەیە، ئەمە بێ سەروبەرییەکەیە."
 
جۆ بایدن لە لوتکەی جی 7 لە هیرۆشیما ساتمەیەکی کرد و خەریک بوو بە دەمدا بکەوێت، هەر لەوێ لەکاتی وێنەی خێزانی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن و خانمەکەی چەند چرکەیەک داما تاوەکو دڵنیابێتەوە بە هەڵە ناوەستێت.
 
بایدن پێشتر چەند جارێک لەکاتی سەرکەوتنی فڕۆکە کەوتووە یاخود ساتمەی کردووە، لەیەک کاتدا دووجار دەستی بۆ تەوقە بردووە و دەرگەی کۆنفرانسەکانی ونکردووە و لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیشدا وشەی تێکەڵ و پێکەڵ کردووە وەک ئەوەی لە 10ی تشرینی دووەمی 2022 هێرشی ئۆکراینا و شەڕی عێراقی تێکەڵکرد، گوتی، "ئێوە دەبێ ئەو پرسیارە بکەن ئاخۆ ئەو هێزانە لە فەللوجە دەکشێنەوە.... مەبەستم خێرسۆنە."
 
تەندروستیی بایدن پرسێکی جیدیی دیموکراتەکانە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا و بەگوێرەی راپرسیێکی یوگۆڤ، 48٪ی دەنگدەرە سەربەخۆکان بە کێشەی دەزانن و 8٪یان بە ئاسایی، هاوکات 77٪ی کۆمارییەکان بەلایانەوە کێشەیە و 13٪ی دیموکراتەکانیش.
 
رێژەی پەسندکردنی بایدن لەنێو ئەمریکییەکان 40٪ە، ئەمەش کەمترین رێژەیە لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتی لە 70 ساڵی رابردوودا.