ئەمریکا: بەرگرییمان لە ناوچەی کەنداو بەهێز دەکەین


رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، پێگەی سەربازییان لە ناوچەی کەنداو بەهێزتر دەکەن، ئەوەش دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا ئێران لە ئاوی کەنداو دەستی بەسەر چەند کەشتییەکی گواستنەوەی نەوتدا گرت. 

رۆژی هەینی، 12ـی ئایاری 2023، جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە پرێس کۆنفرانسێکدا رایگەیاند، "وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا چەند جووڵەیەک بۆ بەهیزکردنی دۆخی بەرگرییمان" لە ناوچەی کەنداو دەکات. 
 
جۆن کێربی گوتیشی، "لە چەند هەفتەی داهاتوودا هەوڵدەدەین هاوئاهەنگی و کارکردنی هاوبەشمان لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان لە گەرووی هورمز زیاتر بکەین."
 
هاوکات براد کووپەر، جێگری فەرماندەی پێنجەمین کەشتیگەلی دەریایی ئەمریکا کە بنکەکەی لە بەحرێنە لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "دەبێت دەستبەسەرداگرتن و هەراسانکردنی کەشتییە بازرگانییەکان کە ئێران نابەرپرسیارانە و نایاساییانە و بێ پاساو دەیانکات، بووەستێندرێت."
 
هاوکات گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا رایگەیاند، ئەمریکا لەگەڵ هاوبەشە ناوچەییەکان بژاردەکانی تاوتوێ کردووە و گوتیشی، "هەر بڕیارێک سەبارەت بە دۆخی هێزەکانمان، دوای راوێژکردن لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان دەدرێت، یەکدەنگ و یەکهەڵوێست دەبین بۆ ئەوەی سەلامەتی و ئازادی بۆ هەموو کەشتییەکانی ناوچەکە فەراهەم بکەین." 
 
ئەوە لەکاتێکدایە، لە نیسانی ئەمساڵدا ئێران لە ئاوی کەنداو دەستی بەسەر دوو کەشتیی گواستنەوەی نەوتدا گرت و ئەمریکاش بەپەلە داوای ئازادکردنی کردن و رایگەیاند کە "رێگە بە هێزە بیانییەکان نادەن رێڕەوە ئاوییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بخەنە مەترسییەوە". 
 
بەگوێرەی ئامارەکانی پێگەی Vortex، نزیکەی ئەک لەسەر پێنجی نەوتی خاوی جیهان و بەهەمەکانی نەوت بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕێت.