کۆریای باکوور مووشەکێکی بە ئاراستەی دەریا تاقیکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
کۆریای باکوور مووشەکێکی بالیستیی نوێی بە ئاراستەی دەریا تاقیکردەوە؛ بەو هۆیەشەوە لە ژاپۆن ترس و دڵەڕاوکێی زۆر دروستبوو و داوا لە خەڵک کرا ناوچە کەناراوییەکانی نزیک دوورگەی هۆکایدۆ چۆڵ بکەن و کۆریای باشووریش ئەو تاقیکردنەوەیەی بە "هەراسانکردنێکی گەورە" ناوبرد.
کۆریای باشوور دەڵێت، مووشەکەکەی کۆریای باکوور کەمتر لە 3000 کیلۆمەتر رۆیشتووە، ئەو مەودایەش کورتترە لەو مووشەکەی ساڵی پار کۆریای باکوور تەقاندی و زیاتر لە 6000 کیلۆمەتر رۆیشت.
سیئۆل ئاماژە بەوە دەکات، لە ئامادەباشیدان و لە نزیکیشەوە لەگەڵ ژاپۆن و ئەمریکا لەسەر هێڵن بۆ هەر ئەگەرێکی چاوەڕوان نەکراو. هەروەها کۆشكی سپی لە راگەیێندراوێکدا بە تووندی تاقیکردنەوەکەی پیۆنگیانگی سەرکۆنە کردووە.
بەرپرسانی سەربازیی کۆریای باشوور دەڵێن، کۆریای باکوور جۆرێکی نوێی مووشەکی تاقیکردووەتەوە، کە بە مادەی خاوی رەق کار دەکات و لە نمایشە سەربازییەکانی ئەم دواییە پیشانی داون.
ئەو مووشەکانەی بە مادەی خاوی رەق کار دەکەن گواستنەوە و تەقاندنیان ئاسانە و پێویستی بە ئاگادارکردنەوە یاخود ئامادەکارییەکی ئەوتۆ نییە. سیئۆل دەڵێت، پیۆنگیانگ بەمدواییانە دەستیکردووە بە بەرهەمێنانی ئەو جۆرە مووشەکانە.
لە ژاپۆن ترسێکی زۆر لەو تاقیکردنەوە مووشەکییەی کۆریای باکوور دروستبووە، مووشەکەکە کەوتووەتە ئەو دەریایەی دەکەوێتە رۆژهەڵاتی کۆریای باکوور، بەڵام ئەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە کە ئاخۆ مووشەکەکە بە ئاسمانی زۆنی ئابووریی ژاپۆندا رۆشتووە یاخود نا.
لەکاتی تاقیکردنەوەکەدا خەڵك لە دوورگەی هۆکایدۆی سەر بە ژاپۆن ئاگادار کراونەتەوە کە ناوچە کەناراوییەکان چۆڵ بکەن، تاوەکو دوایی دەرکەوتووە تاقیکردنەوەکە مەترسیی نییە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی.
ئەم تاقیکردنەوەیە چەند رۆژێک دوای ئەوە دێت، کە کیم جۆنگ ئوون، سەرۆکی کۆریای باکوور هێزەکانی خۆی بە شێوەیەکی "کردەیی" خستە باری بەرپەرچدانەوە، ئەمەش بۆ وەڵامدانەوەی جووڵەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، کە پیۆنگیانگ بە "دووژمنکارانە" ناوی دەبات.
سەرەڕای سەرکۆنەکردن، ئەمریکا ئۆفەرێکی دیکەی دانوستاندنی پێشکێش بە کۆریای باکوور کردووە.
ئادرین واتسن، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا رایاگەیاند، "دەرگەی دیپلۆماسییان دانەخستووە، بەڵام پێشوەختە دەبێت پیۆنگیانگ ئەم کردەوە وێرانکاریانە رابگرێت و رێگەی دیپلۆماسی هەڵبژێرێت."
کۆریای باکوور سەرکۆنەی هەر مەشقێکی سەربازیی هاوبەشی نێوان ئەمریکا و کۆریای باشووری کردووە و بە "هەراسانکەری" ناوبردووە، لە بەرامبەر ئەو مەشقانەدا بەردەوامە لە بەرەوپێشبردنی چەکە قورسەکانی.