لە ئەلفەوە بۆ یائی سیستمی پەروەردەی چین؛ قوتابییان رۆژانە 10 کاژێر لە قوتابخانە دەمێننەوە

13-03-2025
مەهدی فەرەج
مەهدی فەرەج
تیمی رووداو لە چین لە سیستمی پەروەردەی ئەو وڵاتە دەکۆڵێتەوە
تیمی رووداو لە چین لە سیستمی پەروەردەی ئەو وڵاتە دەکۆڵێتەوە
A+ A-
رووداو - پەکین 

سیستمی پەروەردەی چین فراوان و ئاڵۆزە، خاوەنی گەورەترین ژمارەی خوێندکارانی جیهانە. لە ماوەی دەیەکانی رابردوودا، حکومەت وەبەرهێنانی زۆری لە بواری پەروەردەدا کردووە و کەرتەکە گەشەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. 
 
2500 ساڵ لەمەوبەر، کۆنفووشیۆز، فەیلەسووفی گەورەی چینی داوای لە خەڵک کرد بخوێنن و پراکتیزەی خوێندن بکەن تاوەکو دڵخۆش بن، بۆیە چینییەکان، حیزبی شیوعیی چینی و حکومەتی وڵاتەکەش گرنگیێکی وا بە خوێندن دەدەن، کە کردوویانەتە سەنتەر.
 
چین، بەردەوام خەرجییەکانی پەروەردەی لە پێشینەی کارەکانی داناوە، ئامانجی ئەوەیە خەرجییەکانی پەروەردە لە 4%ـی بەرهەمی ناوخۆیی خۆیدا زیاتریش بکات، کە دەکاتە زیاتر لە 851.793 ملیار دۆلار و ساڵ لە دوای ساڵ ئەم ژمارەیە لەزیادبووندایە. ئەم پارەدانە پشتگیریی لە مووچەی پەروەردەکاران، پەرەپێدانی ژێرخان، سەرچاوە دیجیتاڵییەکان، پەروەردەی پیشەیی و باشترکردنی پەروەردەی گوندەکان دەکات.
 
شێن لی فێنگ، مامۆستای زمانی ئینگلیزی دەڵێ "لەژێر رێنمایی حکومەتەکان و سەرکردەکان لە هەموو ئاستەکاندا، تەواوی قوتابخانەکان زۆر لە خەمی گەشەسەندنی تەندروستانەی گەنجانن. هەروەها قوتابخانەکەمان پەرە بە پەرەپێدانی هەمەلایەنەی رەوشت، زیرەکی، لەشجوانی و تواناکانی کارکردنی خوێندکاران دەدات."
 
باسی ئەوەش دەکات لە قوتابخانەکەیاندا دا قوتابیان کاتێکی زۆریان بۆ چالاکیی وەرزشی هەیە "بۆ نموونە کاتێک زوو دەگەنە قوتابخانە، دەتوانن بەیانیان بچن بۆ راکردنی لە گۆڕەپان دا. پاشان، ئێمە 15 خولەکمان لە نێوان وانەکاندا هەیە و منداڵان دەتوانن بێنە گۆڕەپانی یارییەکە بۆ چالاکییەکان. جگە لەوەش هەموو بەیانیێک وانەیێكی 30 خولەکیمان هەیە، منداڵانیش دێنە گۆڕەپانی یارییەکە بۆ راکردن. هەروەها هەموو رۆژێک وانەی وەرزشیمان هەیە، ئێستا پۆلێکی وەرزشیم هەیە. هەروەها لە نیوەڕۆدا منداڵەکانمان 40 خولەک چالاکیی دەرەوەیان لە گۆڕەپانی یارییەکەدا هەیە."
 
چین، جەخت لە پەروەردەی منداڵانی سەرەتایی دەکاتەوە. رێژەی ناونووسکردنی منداڵان لە باخچەی ساوایاندا گەیشتووەتە نزیکەی 85%. لە چین ئەوەندە گرنگی بە پەروەردەی منداڵ دەدرێ، کە لەنێو نێوەندکانی خوێندن و پۆلەکان، زۆر کەرەستەی خۆشگوزەرانیان بۆ دابینکراوە. لەنێوان هەر دوو وانەیەکیشدا 15 خولەک پشوویان هەیە، لێدان و ئازاردانی منداڵیش بەهەموو شێوەیێک قەدەخەیە.
 
وانگ کای، شارەزای پەروەردەییە لە سەنتەری توێژینەوە بۆ پەرەپێدانی پرۆگرامی پەروەردەی بنەڕەتی و کتێبی خوێندن، لە ئەکادیمیای زانستە پەروەردەییەکانی پەکین. لەبارەی سیستمی پەروەردەی چین قسە بۆ رووداو دەکات.
 
وانگ کای دەڵێ "لە سیستمی پەروەردەی ئێمەدا، منداڵان پێویستە فێر بن بۆ ئەوەی خۆیان لەگەڵ داهاتوو بگونجێنن، بەشداری لە کاروباری کۆمەڵایەتی بکەن، بەشداری لە کاروباری نێودەوڵەتیدا بکەن. ئێمە پێی دەڵێین سیستمی مەنهەج، کە هەڵگر و ناوەڕۆکی گەشەی منداڵانە. بۆیە چین هەمیشە چاکسازی لە مەنهەجدا دەکات. چاکسازی لە پرۆگرامی خوێندن لە هەر 10 ساڵ جارێک، ئێمە بە شێوەیەکی گشتگیر بەڵگەنامەکانی سیاسەتی مەنهەجەکە رێکدەخەین و پێداچوونەوەیان بۆ دەکەین، لەوانەش پلان، ستانداردەکانی مەنهەجی بابەتەکان و کتێبەکانی خوێندن."
 
شارەزا پەروەردەییەکە باسی ئەوە دەکات لە ستانداردەکانی مەنهەجی ئامادەیی ساڵی 2017ـی چین، "چەند بابەتێکمان هەن، وەک ئینگلیزی، ژاپۆنی، رووسی، فەرەنسی و ئیسپانی، لە ستانداردەکانی مەنهەجەکەماندا، ستانداردی مەنهەجمان بۆ 20 بابەت داناوە، کە زۆربەیان زمانی بیانین. لە رێگەی زمانە بیانییەکانەوە دەتوانین منداڵەکانمان وەک پردێک بەکاربهێنن بۆ پەیوەندیکردن، تێگەیشتن لە گۆڕانکارییەکان و بەشداریکردن لە کاروبارەکانی جیهان دا. ئەمە یەکێکە لە لایەنەکان. جگە لەوەش لە خوێندنی ناچاریدا، زمانی ئینگلیزی، ژاپۆنی، رووسی و سێ بابەتیشمان هەن لە پۆلەکانی 7 بۆ 9."
 
تیمی رووداو دەچێتە یەکێک لە قوتابخانە بنەڕەتییەکانی پەکین، کە زیاتر لە 5 هەزار قوتابی تێیدا دەخوێنن و 7 بەڕێوەبەری هەیە.
 
پۆل و قوتابخانەکانی چین لە هەموو ئاستێکی خوێندن و هەموو ناوچە و هەرێمەکانی وڵات تێکەڵن. زیرەکیی دەستکرد (AI) و تەکنەلۆژیای سەردەم تێکهەڵکێشی نەریتی کۆنی چینی کراون و وەکو ئامرازی گرنگ دەناسرێن کە پەروەردەکارانی چین پێیان وایە بەم شێوەیە نەوەی داهاتوو ئامادە دەکەن بۆ ئەو ئاڵنگارییانەی دێنە پێش چین.
 
مامۆستا یوان ری شێ، مامۆستای چینی لە قوتابخانەی فوو شوێ هوتۆنگی بنەڕەتی بە رووداوی گوت "ئێمە بە هەموو توانامانەوە هەوڵدەدەین لە وانەگوتنەوەماندا شێوازی فێرکاریی نوێتر بەکاربهێنین، تێکەڵیان بکەین لەگەڵ کولتوور و نەریتیمان، بۆ نموونە ئێمە نوێترین تەکنەلۆژیای AIـمان لەگەڵ پەروەردەی شیعری کۆندا تێکەڵ کردووە. منداڵان دەتوانن گفتوگۆ لەگەڵ AI بکەن و هەوڵبدەن وێنە لە شیعری کۆنەوە دروست بکەن کە ئێمە خەیاڵی دەکەین. لەڕێگەی ئەوانەوە دەتوانین باشتر تێگەیشتنی منداڵان لە کولتووری نەریتیی خۆمان بەرەوپێشەوە ببەین و نووسینی تەکنەلۆژی وەک ئامرازێک بۆ پێشخستنی وانەگوتنەوەکەمان بەکاربهێنین."
 
خوێندنی بنەڕەتی و ناوەندی 9 ساڵ خوێندنی ناچاری لەخۆدەگرێت. رێژەی ناونووسکردنی بۆ خوێندنی سەرەتایی  99.9٪ـیە، رێژەی ئەو قوتابییانەی خوێندنی ناوەندی تەواو دەکەن 94٪ زیاترە. بۆ خێزانی چینی، سەرکەوتنی منداڵەکەی لە خوێندن، گرنگترین شتێکە بۆیان و یەکێک لە گرنگترین ئەرکی دایک و باوک ئەوەیە؛ منداڵەکەیان بخەنە بەر خوێندن.
 
خوێندنی ناوەندیی باڵا یان ئامادەیی لە چین کە لە تەمەنی 15 بۆ 18 ساڵ دەگرێتەوە، ناچاری نییە، بەڵام رێژەی ناونووسکردن نزیکەی 89٪ـیە. ئەم ئاستە هەردوو بەرنامەی ئەکادیمیی وێژەیی و زانستی لەخۆدەگرێت لەگەڵ خوێندنی پیشەیی. رێژەی خوێندەواری لە چین گەیشتووەتە  99.8٪.
 
گو وێن، قوتابییە لە پۆلی شەش باسی خوێندنی بیرکاری دەکات لە قوتابخانەکەی و دەڵێ "بەزۆری فێری زانیاریی زۆری بیرکاری دەبین. مامۆستا بۆ بەشداریکردن لە چەندین چالاکیی بیرکاری سەرنجڕاکێش ئامادەمان دەکات، وەک نۆ لینک، لاساییکردن، سوودۆکو و هتد... لە هەمان کاتدا مامۆستا چەندین رێگەی سەرنجڕاکێشیش بەکاردەهێنێت بۆ رێنماییکردنمان لە فێربوونی بیرکاریدا، وەک چالاکیی وتاردەر لە ئەکادیمیای ئێریا."
 
باسی ئەوەش دەکات ئەو لە پۆلی یەکەمەوە خەریکی وانەگوتنەوەی هاوکێشە و پەزڵەکانە، دەڵێ "پێشتر زیاتر لە 1600 هاوکێشەم لەسەر پلاتفۆرمی کورتەڤیدیۆیی روون کردووەتەوە. هەفتانە نزیکەی 5 بۆ 6 وانەی بیرکاریمان هەیە. لە کاتی وانەگوتنەوەدا ئێمە مەڵتیمیدیا بەکاردەهێنین، هەروەها مامۆستایان پڕۆجێکتەر و ئامێرەکانی دیکە بەکاردەهێنن، بۆ ئەوەی بتوانین بە روونتر ببینین."
 
وەرگرتن لە زانکۆکان بە پلەی یەکەم لەسەر بنەمای تاقیکردنەوەی گاوکاوە، کە تاقیکردنەوەیەکی نیشتمانییە بۆ وەرگرتن لە کۆلێژ و زانکۆکانی چین؛ تاقیکردنەوەکە کێبڕکێیەکی زۆری لەسەرە. لە ساڵی 2023ـدا نزیکەی 12.91 ملیۆن خوێندکار ناویان تۆمارکردووە بۆ ئەزموونی گاوکاو.
 
خوێندنی باڵا لە چین بەشێوەیەکی بەرچاو فراوانکراوە، کە زیاتر لە 2700 زانکۆ و کۆلێژی هەیە. زانکۆی باش راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر برەودان بە کارامەیی و دەستخستنی چانسی زیاتری هەلی کار دەبێت. 
 
زیاتر لە 18 ملیۆن پەروەردەکار و مامۆستا لە هەموو ئاستەکاندا هەن. راهێنانی مامۆستایان و مووچە، خاڵە سەرەکییە گرنگەکانن بۆ باشترکردنی کەرتی پەروەردە، بەتایبەتی لە ناوچە گوندنشینەکاندا بۆ ئەوەی زیاتر مامۆستایانی شارەزا و چالاک رابکێشن. 
 
مامۆستا کیان جی 18 ساڵە مامۆستایە و باسی گرنگیی پەیوەندیی مامۆستا بە خێزانی قوتابی و کۆبوونەوەی سەمیانی قوتابیان دەکات، جگە لە بانگهێشتکردنی سەمیان، ئەوان خۆیان دەچنە ماڵی قوتابیش بۆ دڵنیابوون لە دۆخ و کەشی خوێندکارەکان لە ماڵەوە.
 
مامۆستا کیان جی مامۆستای چینی لە قوتابخانەی فوو شوێ هوتۆنگی سەرەتایی بە رووداوی گوت "منداڵان رۆژانە ژەمێکی بەتامی نیوەڕۆ لە قوتابخانە دەخۆن، کە هەموویان زۆریان حەزلێیە. دوای تەواوکردنی خوێندن، زۆر بیری وانەکان، چالاکییەکان و ژەمی نیوەڕۆی بە تام دەکەن لە قوتابخانە. لە هەمان کاتدا من پێموایە گەشەی منداڵیش پشت بە هەوڵی دایک و باوکیان دەبەستێت. قوتابخانەکەمان بە بەردەوامی کۆنفرانسی دایک و باوک و مامۆستا سازدەکات بۆ ئەوەی دایک و باوکەکان ئاگاداری فێربوون و بارودۆخی ژیانی خوێندکارەکەیان بن لە قوتابخانە، هەروەها بەشداریکردنیان لە چالاکییەکان دا هاوکات مامۆستایان بە بەردەوامی سەردانی ماڵی قوتابیانیش دەکەن بۆ ئەوەی لە بارودۆخی ژیانی منداڵەکانیان تێبگەن و پەیوەندیی قووڵتریان لەگەڵ دایک و باوکیان دا هەبێت."
 
جگە لەوە لە قوتابخانەکەی مامۆستا کیان رۆژێک دیاری کراوە، کە تێیدا دایک و باوکان، "دەتوانن بچنە نێو کەمپەکەمان و پۆلەکانمان و لەگەڵ منداڵەکانیان بەشداری وانەکان بکەن و گوێ لە وانەکانی مامۆستا بگرن و فیدباکێکی بنیاتنەر بۆ مامۆستا بنووسن."
 
مووچەی مامۆستا لە چین هاوتایە بە مووچەی خزمەتگوزاری مەدەنی کە بەپێی یاساکانی حیزبی شیوعی چین بڕێکی جێگیرە و کەمترە لە 1500 دۆلار، لە شارە گەورەکان لەنێوان 1100 بۆ 1500 دۆلارە و لە ناوچە گوندنشینەکانیش لەنێوان 400 بۆ 800 دۆلارە، هەندێ جار بەخشش یان دیاری بە مامۆستاکان دەدرێ بەرامبەر هەوڵ و چالاکی زۆریان.
 
لە نێوەندەکانی خوێندن لە چین مامۆستا سەنتەرە، بە یەک چەپڵەلێدان هەموو قوتابییەکان هێمنی پۆلەکە دەپارێزن، چین بەوە دەناسرێ لەنێو قوتابخانە و پۆلەکان دا ژمارەی قوتابییان زۆرە، بەڵام کارکردنی بەگرووپ و فێربوون، هەروەها رێزگرتنی زۆر لە مامۆستا، کاتێکی زۆر دەگەڕێنێتەوە، لە هەمان کاتدا کاتی زۆریش هەیە بۆ ئەوەی قوتابییەکان فێری وانەکان بن.
 
لە چین قوتابی 5 رۆژ لە هەفتەیێکدا لە کاژێر 07:30ـی بەیانی تاوەکو 05:30ـی ئێوارە لە قوتابخانە دەبێت، زیاترە لە 8 کاژێر لە رۆژێکدا، ئەمە درێژترین مەودای مانەوەیە لە قوتابخانە لە جیهان، قوتابی لەبەرامبەر بڕە پارەیێکی کەم، رۆژانە لەلایەن قوتابخانەوە ژەمی خواردنی نیوەڕۆیان پێشکێش دەکرێت. کە بۆ هەر ژەمێک کەمترە لە دوو دۆلار و لە ناوچە گوندنشینەکانیش دا ئەم ژەمە بێ بەرامبەر بە قوتابیان دەدرێت.
 
یانگ های تۆنگ قوتابیی پۆلی شەشەمی بنەڕەتییە و دەڵێ "من زۆر حەزم لە قوتابخانەکەمانە، چونکە قوتابخانەکەمان مێژوویێکی دێرینی هەیە. لە ساڵی 1368 لە پارکەکەدا دامەزراوە و مێژووەکەی زیاتر لە 650 ساڵە."
 
قوتابییەکە باسی ئەوە دەکات مامۆستاکانیان هەندێک خولیان لەبارەی کولتوور بۆ دەکەنەوە "هەروەها چالاکیی یانەکان، خولی مۆزەخانە، خولی خوێندنی چینی، یانەکانی نیگارکێشانی چینی و یانەکانی خۆشنووسیمان هەیە. خۆشترین وانەی من خوێندنی چینییە. لە خوێندنی چینیدا دەتوانین مێژوویێکی زۆر فێربین، لەنێویاندا چەندین گوتەی باشی کۆنفۆشیۆس و لاوزی، کە ئێمە حەزمان لێیە."
 
وانەگوتنەوەی تایبەت بۆ بابەتەکانی قوتابخانە سەرەکییەکان لە چین بەهەموو شێوەیێک قەدەخەیە. قوتابیان لە چین خاوەن زۆرترین ئەرکی ماڵەوەن و زۆر جار پێویست دەکات زیاتر لە 5 کاژێر سەرقاڵی وانەکانیان بن، بۆیە لە ساڵی 2021، چین سیاسەتی "دوو هێندە کەمکردنەوە"ـی خستەڕوو، کە ئامانجی کەمکردنەوەی فشاری ئەکادیمی بوو لەسەر خوێندکاران.
 
شو خوان، مامۆستای زانستە لە چین، دەڵێ "ئێمە چەندین تەکنەلۆژیا بەکاردەهێنین بۆ ئەوەی یارمەتی منداڵان بدەین باشتر فێری زانست بن، وەک بەکارهێنانی مایکرۆسکۆپ و ئامێری پڕۆجێکشن. ئەم ئامێرانە دەتوانن یارمەتیی منداڵان بدەن نموونەی ژیانی راستەقینە لە کاتی راستەقینەدا بخەنەڕوو بۆ ئەوەی بتوانن لە یەکترەوە فێربن. بۆ هاوکاریی گرووپ، هەر پۆلێک بەسەر 10 بۆ 11 گرووپی بچووکدا دابەش دەکرێت، هەر گرووپێک کەسێکی هەیە کە بەرپرسیارە لە هەماهەنگیکردنی چالاکییەکانی فێربوون یان ئەزموونی خۆئاڕاستەکراوی هەموو کەسێک. کەسی بەرپرسیار دیاری دەکات کە کێ بەرپرسیارە لە تۆمارکردنی کتێبی رێنمایی چالاکییەکان، دابەشکردنی کەرەستەی تاقیکاری، یان کۆکردنەوەی ماددە تاقیکارییەکان بە پشتبەستن بە تایبەتمەندییەکانی هەر منداڵێک لە کاتی تاقیکردنەوەکەدا. منداڵان دەتوانن باشتر ئەرکە تاقیکارییەکان لە چالاکییەکانی گرووپدا تەواو بکەن."
 
لە نێو پۆلەکاندا قوتابییان دەتوانن سوود لە تەکنەلۆژیای سەردەم وەربگرن؛ کە وەزارەتی پەروەردە سەرچاوە دیجیتاڵییەکانی یەکخستووە، بەتایبەتی بۆ ناوچە دوورەکان و گوندنشینەکان، کە زیاتر لە 90%ـی خوێندکاران دەتوانن ئینتەرنێتی خێرایان دەستبکەوێت. 
 
تەکنەلۆژیای زیرەکیی دەستکرد لە ئاستی تاقیکاری لە زۆربەی قوتابخانەکانی چین بەردەستە. دەستپێشخەرییەکانی وەک "ئینتەرنێت + پەروەردە" ئامانجیان پڕکردنەوەی بۆشاییەکانە و ملیۆنان خوێندکار لە سەرچاوە ئۆنلایینەکان سوودمەند دەبن، بەتایبەتی لەو ناوچانەی سەرچاوەی پەروەردەیی کەمتریان هەیە.
 
ئیدارەدان و رەنگدانەوەی حیزبی شیوعی چین و حکومەتی چین، تەنانەت بە تۆخی لەسەر پۆلی قوتابخانەکانیش دا دیارە، لەنێو پۆلی قوتابخانەکانیشدا قوتابییەکان بە پۆل و گرووپ کاردەکەن،دەخوێنن، بەشداریی چالاکییەکان دەکەن و فێردەبن.
 
سیاسەتی "دووهێندە کەمکردنەوە" رێسای تووندی لەبارەی وانەگوتنەوە تایبەتەکانیش لەخۆگرتبوو، بەتایبەتی بۆ بابەتەکانی نێو مەنهەجی نیشتمانی کە بە STEM دەناسرێ و بابەتەکانی بیرکاری، چینناسی، زانست و ئینگلیزی دەگرێتەوە. ئەمە لەکاتێکدایە ئەمانە گرنگترین بابەتن کە لە پەروەردەی چین گرنگیان پێدەدرێت و قوتابیان دەبێت نمرەی بەرز لەم بابەتانە بەدەستبهێنن.
 
وەرزش و راهێنانی بە کۆمەڵ بەشێكی دیار و گرنگە لە سیستمی پەروەردەیی چین، کە زۆر جار ئەوەندە تووندوتۆڵ رێکخراون، لە کەمپێکی راهێنانی سەربازی دەچێت.
 
لە قوتابخانەکانی چین رۆژانە کاژێرێک زیاتر تەرخانکراوە بۆ قوتابییەکان تاوەکو جموجۆڵ و یاریی وەرزشی لەنێو گۆرەپانەکانی قوتابخانەکان دا بکەن تاوەکو دەروونێکی دروست و جێگیرتر، هەروەها ئامادەییان هەبێت وانەکان بە گوڕوتینی زیاتر بخوێنن. 
 
یەکێک لەو وانانەی لە چین گرنگیی زۆری پێدەدرێت؛ وانەی نیشتیمانپەروەرییە، تێیدا قوتابییان ئاشنای مێژوو و شووناسی چین دەکرێن لە نێو کامپەسی قوتابخانەکان دا وێنەی سەرکردە، سیاسەتڤانانی حیزبی شیوعی هەڵواسراون تاوەکو لە ئەوانە فێری خزمەتکردنی نیشتمان بن. 
 
بەردەرگەی قوتابخانەکان لە کاتی تەواو بوون، جمەی دێت و پۆلیسی تایبەت دانراوە بۆ ئاسایش و رێکخستنیان، ئەگەر خێزان نەتوانن پاسی تایبەت بۆ منداڵەکەیان تەرخان بکەن، دەبێت سەمیان خۆی هاتووچۆ بە منداڵەکەی بکات و نابێت منداڵ بێ سەرپەرشت هاتووچۆی قوتابخانە بکات.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە