رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رووسیا دەڵێت، وڵاتەکەی بە پێشنیازی ئەمریکا بۆ ئاگربەستی جەنگی ئۆکراینا رازیبووە، بەڵام پێویستە "هۆکارە بنەڕەتییەکانی ئەم قەیرانە" چارەسەر بکرێن و وردەکارییەکانیش بخرێنەڕوو.
رۆژی پێنجشەممە 13-03-2025، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا گوتی: "ئێمە بە پێشنیازەکەی ئەمریکا بۆ ئاگربەست رازین، بەڵام پێویستە ئەم ئاگربەستە ببێتە هۆی ئاشتیی بەردەوام و لابردنی هۆکارە بنەڕەتییەکانی ئەم قەیرانە."
سەرۆکی رووسیا سوپاسی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای کرد کە هەوڵدەدات جەنگەکە رابگرێت.
پووتین لەبارەی پێشنیازی ئاگربەستەکە گوتی: "بیرۆکەکە تەواوە و بێگومان پشتگیریی دەکەین، بەڵام چەند پرسێک هەن کە دەبێت باسیان بکەین، پێموایە دەبێت لەگەڵ هاوکارە ئەمریکییەکانیشمان قسە بکەین."
سەرۆکی رووسیا گوتی، لەوانەیە ئەو لەسەر ئەو پرسە تەلەفۆن بۆ ترەمپ بکات و گوتیشی: "ئێمە پشتگیری لە راگرتنی جەنگ لە رێگەی ئاشتییەوە دەکەین."
دۆناڵد ترەمپ دوای قسەکانی سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، ئەو ئامادەیە قسە لەگەڵ پووتین بکات.
لە شوباتی 2022 پووتین دەیان هەزار سەربازی ناردە نێو ئۆکراینا، ئەمەش بووە هۆی گەورەترین رووبەڕووبوونەوەی نێوان رووسیا و رۆژئاوا، لەوکاتەوەی جەنگی سارد کۆتایی هاتووە.
هێزەکانی رووسیا نزیکەی پێنجیەکی خاکی ئۆکراینایان داگیرکردووە. دۆناڵد ترەمپیش لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی 2024ـدا بەڵێنی راگرتنی جەنگەکەی دا.
ئابی رابردوو، ئۆکراینا هێرشێکی لەناکاوی کردە سەر هەرێمی کورسک لە رۆژئاوای رووسیا کە هاوسنووری وڵاتەکەیە، لەوکاتەوە رووسیا هەوڵی چڕ بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی دەدات.
ئەمڕۆ پووتین دۆخی کورسکی بە ئاگربەست بەستەوە و گوتی: "لەسەر بنەمای بەرەوپێشچوونی دۆخەکە بڕیار لەسەر هەنگاوەکانی دیکەی ئاگربەست دەدەین، هەوڵدەدەین بگەینە جۆرە رێککەوتنێک کە بۆ هەمووان مایەی قبووڵکردن بێت."
دوێنێ چوارشەممە ترەمپ لە کۆشکی سپیدا گوتی، هیوادارە کرێملین بە پێشنیازەکەی ئەمریکا بۆ ئاگربەستی 30 رۆژە رازیبێت، پێشتریش ئۆکراینا رایگەیاندبوو پشتگیریی دەکەن. ترەمپ جەنگەکەی بە "گۆمی خوێن" وەسفکرد و هیوای خواست بوەستێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ