ئەمریکا سزا بەسەر وەزیری نەوتی ئێران دا دەسەپێنێت

13-03-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، وەزارەتی گەنجینەی وڵاتەکە سزا بەسەر موحسین پاکنەژاد، وەزیری نەوتی ئێران و ژمارەیەک لایەنی پەیوەندیدار دەسەپێنێت لەبەر هەناردەکرنی نەوتی ئێران بۆ چین. 
 
رۆژی پێنجشەممە 13-03-2025، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، سزایان بەسەر سێ دامەزراوەدا سەپاندووە و سێ کەشتییان وەکو "موڵکی بلۆککراو" ناساندووە، ئەمەش وەک هەوڵێکە بۆ "راگرتنی ئێران لە بەکارهێنانی قازانجی نەوت بۆ چالاکیی ناسەقامگیرکەر."
 
تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئێران "بە نایاسایی" نەوت بۆ باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا دەگوازێتەوە.
 
هەر بە گوتەی برووس، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا موحسین پاکنەژاد، وەزیری نەوتی ئێران و چەند دامەزراوەیەکی خستووەتە لیستی سزاکانەوە، "کە نەوتی ئێرانیان هەناردەی چین کردووە." دەشڵێت، "حکومەتی ئێران قازانجی نەوت خراپ بەکاردەهێنێت."
 
برووس گوتی، ئەمە بەشێکە لە سیاسەتی "ئەوپەڕی گوشار"ـی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەسەر ئێران، ئەمەش بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران، راگرتنی گەشەی مووشەکی و "بڕینی پاڵپشتی بۆ گرووپە تیرۆریستییەکان. ئامانجی ئەمریکا بریتییە لە نەهێشتنی هەناردەی نەوتی ئێران بەتایبەت بۆ چین."
 
دۆناڵد ترەمپ هەینی رابردوو رایگەیاند، نامەیەکی بۆ عەلی خامنەیی نووسیوە و تێیدا داوای لێکردووە دانوستاندن بکەن.
 
رۆژی چوارشەممە، 12ـی ئاداری 2025، ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەنوەر قەرقاش، راوێژکاری سەرۆکی ئیمارات بۆ کاروباری دیپلۆماسی لە تاران نامەکەی گەیاندە وەزیری دەرەوەی ئێران.
 
بەپێی هەواڵی میدیای ئێران، رۆژی سێشەممە نامەی ترەمپ گەیشتووەتە دەست بەرپرسانی ئیمارات تاوەکو بیگەیێننە ئێران.
 
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، تاران ئامادەیە بۆ دانوستاندن لەسەر پرسی ئەتۆمی و لەو چوارچێوەیەدا تاوەکو ئێستا چوار گەڕی دانوستاندن لەنێوان ئێران و وڵاتانی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا بەڕێوەچووە و رۆژی هەینیش 14-03-2025 کۆبوونەوەی سێ قۆڵیی ئێران، رووسیا و چین لەبارەی پرسی ئەتۆمی بەڕێوەدەچێت.
 
لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، ترەمپ سیاسەتی، "ئەوپەڕی گوشار"ـی لە دژی ئێران نوێکردەوە کە لە خولی یەکەم لە دژی بەکاریهێنابوو. 
 
لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتەدا، ئەمریکا لە ساڵی 2018 لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە. 
 
رێککەوتنەکە لە ساڵی 2015 لە نێوان تاران و وڵاتانی رۆژئاوادا واژۆکرابوو. بە پێی ئەو رێککەوتنە، سزا ئابوورییەکانی سەر ئێران هەڵوەشێنرابوونەوە و تارانیش بەرنامە ئەتۆمییەکەی سنووردار کردبوو. 
 
لەم چەند مانگەی دواییدا، تاران دەستی بە هەوڵی دیپلۆماسی کردووە لەگەڵ سێ وڵاتە ئەورووپییەکە، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا بۆ ئەوەی کێشە ئەتۆمییەکان چارەسەر بکەن. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە