وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بۆ رووداو: پێشوازى لە رێککەوتنى هەسەدە و سەرۆککۆمارى سووریا دەکەین

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا پێشوازى لە پەیامى عەبدوڵڵا ئۆجەلان و بڕیارى ئاگربەستى پەکەکە دەکات و دەڵێت، "هیوادارین ئەم رووداوانە خزمەتی ئاشتی، ئارامی و ئاسایش بکەن." لەبارەى رەوشى سووریاشەوە پێشوازى لە رێککەوتنى نێوان هەسەدە و سەرۆککۆمارى سووریا کرد و گوتى، "لەگەڵ ئەوەین کە دەبێت هاووڵاتییانی سووریا خۆیان لە چوارچێوەی دیالۆگێکی بەرفراواندا چارەنووسی وڵاتەکەیان دیاری بکەن".
 
ئەو گوتانەى ماریا زاخارۆڤا، لە وەڵامى پرسیارى کامێز شەدادى، پەیامنێرى رووداو بوو لەو وڵاتە. 
 
لەبارەى پەیامى عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆکى بەندکراوى پەکەکە بۆ چەک دانان و  ئاگربەست گوتى: "بە بۆچوونی ئێمە، هەموو هەنگاو و هەوڵەکان کە ئامانجیان کەمکردنەوەی تووندوتیژییە لەو وڵاتە و لە ناوچەکە بە گشتی و دروستکردنی کەشێکی متمانەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەنووکەییەکان بە رێگەی ئاشتییانە، تەنیا شایەنی پێشوازی لێکردنە".
 
رۆژی 27ى شوباتى 2025، شاندی دەم پارتی لە ئیستەنبووڵ پەیامی ئاشتیی عەبدوڵڵا ئۆجەلانیان راگەیاند کە تێیدا داواى لە پەکەکە کرد چەک دابنێت و خۆى هەڵبوەشێنێتەوە، پەکەکە لەیەکى ئادار ئاگربەستى راگەیاند و گوتى "تاوەکو ئەو کاتەی هێرش نەکرێتە سەرمان، هیچ هێزێکی ئێمە کردەوەی چەکداری ئەنجام نادات"
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا گوتى:" هیوادارین ئەم رووداوانە خزمەتی ئاشتی و ئارامی و ئاسایش بکەن."
 
لە وەڵامى پرسیارێکى دیکەى  پەیامنێرى رووداو لە بارەى رێککەوتنى نێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆمارى سووریا بۆ قۆناخى راگوزەر، ماریا زاخارۆڤا گوتى "وەکو رێزگرتن لە یەکپارچەیی و سەروەری و یەکێتیی سووریا، رووسیا پێشوازی لە واژۆکردنی پەیمانی گەڕانەوەی رۆژهەڵاتی فورات بۆ باوەشی دەوڵەتی سووریا دەکات، کە لە هەمان کاتدا ماف و بەرژەوەندییە یاساییەکانی هەموو گرووپە نەتەوەیی و مەزهەبییەکانی کە لەو ناوچەیە دەژین، دەستەبەر دەکات".
 
 ئەو رێککەوتنە هەشت خاڵە و لە  10ـی ئاداری 2025 لە دیمەشقى پایتەخى سووریا واژۆ کرا. گرنگترین بڕگەکانى گەرەنتی کردنی مافی هەموو سووریاییەکان لە نوێنەرایەتی و بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسی، ئاماژە کردن بە کۆمەڵگەی کوردی وەکو کۆمەڵگەیەکی رەسەن.
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا گوتى، "ئێمە لەگەڵ ئەوەین کە دەبێت هاووڵاتییانی سووریا خۆیان لە چوارچێوەی دیالۆگێکی بەرفراواندا چارەنووسی وڵاتەکەیان دیاری بکەن، بەبێ دەستێوەردانی دەرەکی. ئەم پەیمانە کە لە نێوان دەسەڵاتی سووریا و بەڕێوەبەرایەتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات واژۆ کراوە، لە رێگەی دابینکردنی یەکێتیی سووریا و بەهێزکردنی ئاسایش و ئارامی ئەودا، ئێمە وەک هەنگاوێکی گرنگ هەڵیدەسەنگێنین."
 
بەگوێرەى رێککەوتنەکە، لیژنە جێبەجێکارەکان هەوڵدەدەن بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە بە شێوەیەک کە لە کۆتایی ئەم ساڵ تێنەپەڕێت.
 
ماریا زاخارۆڤا گوتى، "ئێمە تێدەگەین کە جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنانە لە پراکتیکدا، بێگومان، دووچاری گەلێک دژواری، هەڕەشە و کێشەی جۆراوجۆر دەبنەوە، بۆ تێپەڕبوون لەم دژوارییانە، دەبێت هەوڵی بنیاتنەر بەردەوام بێت و بێگومان، دەبێت ئامادە بن بۆ رێککەوتن".
 
 دەقى پرسیارەکانى پەیامنێرى روودا و وەڵامى گوتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى رووسیا 
 
رووداو: پەکەکە کە 40 ساڵە شەڕی چەکداری دەکات بۆ مافەکانی کورد لە تورکیا، لە رۆژی یەکی مارس ئاگربەستی یەکلایەنەی راگەیاند. ئەمە دوای ئەوە هات کە رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە عەبدوڵڵا ئۆجەلان داوای لە ئەندامانی رێکخراوەکە کرد کە چەک دابنێن و کۆتایی بە شەڕی چەکداری بێنن. ئۆجەلان هەروەها داوای کرد کە پێویستە پەکەکە خۆی هەڵوەشێنێتەوە. ئایا مۆسکۆ ئەم هەنگاوە چۆن هەڵدەسەنگێنێت و بە بۆچوونی ئێوە، ئەم هەنگاوە چ کاریگەرییەکی لەسەر تورکیا و ناوچەکە هەیە؟
 
ماریا زاخارۆڤا: بە بۆچوونی ئێمە، هەموو هەنگاو و هەوڵدانەکان کە ئامانجیان کەمکردنەوەی تووندوتیژییە لەو وڵاتە و لە ناوچەکە بە گشتی و، دروستکردنی کەشێکی متمانەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەنووکەییەکان بە رێگەی ئاشتییانە، تەنیا شایەنی پێشوازی لێکردنە. ئێمە هیوادارین کە ئەم رووداوانە خزمەتی ئاشتی و ئارامی و ئاسایش بکات.
 
رووداو: 10ـی مارس سەرۆکی حکومەتی راگوزەری سووریا و فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات پەیمانێکیان واژۆ کرد کە مافە دەستوورییەکانی کورد لە دەوڵەتی سووریا نیشان دەکات، هەروەها بەشداریکردنی دامەزراوە سەربازی و ئیدارییەکانی خۆبەڕێوەبەری کورد لە ناو دامودەزگای دەوڵەت دەستەبەر دەکات. بە بۆچوونی ئێوە، ئایا پەیمانی نوێ یەکپارچەیی سووریا دەستەبەر دەکات و ئارامی درێژخایەن بۆ ئەو وڵاتە دەهێنێت، ئەگەر رووداوە تراژیدییەکانی رۆژئاوای سووریا لەبەرچاو بگرین؟
 
ماریا زاخارۆڤا: لەسەر بنەمای پرەنسیپەکانی ئێمە کە چەندینجار رامانگەیاندووە، وەکو: رێزگرتن لە یەکپارچەیی و سەروەری و یەکێتیی سووریا، رووسیا بەڕستی پێشوازی لە واژۆکردنی پەیمانی گەڕانەوەی رۆژهەڵاتی فورات بۆ باوەشی دەوڵەتی سووریا دەکات، کە لە هەمان کاتدا ماف و بەرژەوەندییە یاساییەکانی هەموو گرووپە نەتەوەیی و مەزهەبییەکانی کە لەو ناوچەیە دەژین، دەستەبەر دەکات. بە گشتی ئێمە لەگەڵ ئەوەین کە دەبێت هاووڵاتییانی سووریا خۆیان لە چوارچێوەی دیالۆگێکی بەرفراواندا چارەنووسی وڵاتەکەیان دیاری بکەن، بەبێ دەستێوەردانی دەرەکی. ئەم پەیمانە کە لە نێوان دەسەڵاتی سووریا و بەڕێوەبەرایەتی هێزەکانی سووریای دیموکرات واژۆ کراوە، لە رێگەی دابینکردنی یەکێتیی سووریا و بەهێزکردنی ئاسایش و ئارامی ئەودا، ئێمە وەک هەنگاوێکی گرنگ هەڵیدەسەنگێنین. ئێمە تێدەگەین کە جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنانە لە پراکتیکدا، بێگومان، دووچاری گەلێک دژواری، هەڕەشە و کێشەی جۆراوجۆر دەبنەوە، بۆ تێپەڕبوون لەم دژوارییانە، دەبێت هەوڵی بنیاتنەر بەردەوام بێت و بێگومان، دەبێت ئامادە بن بۆ رێککەوتن. ئێمە هیوادارین هەردوولا بتوانن.