کچانی چینی بۆ دۆزینەوەی خۆشەویست پەنا بۆ ژیریی دەستکرد دەبەن


رووداو دیجیتاڵ

ئەگەر گومان لە خۆشەویستیی نێوان هەر کەپڵێک بکرێت، خۆشەویستیی ئەم کچە شۆخە چینییە لەگەڵ کەپڵەکەی موو بەنێوانیاندا ناچێت، لەبەرئەوەی کەپڵەکەی بە ژیریی دەستکرد کار دەکات.
 
ئەمە نوێترین بەزم و داهێنانی سەرسوڕهێنەرە لە سەدەی 21 لە چین. 
 
کۆمپانیای بایدووی چینی ئەپێکی دروستکردووە بەناوی وەنتۆک، ئەم ئەپە دەبێتە کەپڵی کچان و بە ئارەزووی ئەوان دەجوڵێتەوە.
 
وانگ شیوتینگ لە پەککین کەپڵی خۆی گرتووە و نیازی وایە ئەم ڤالانتاینە بێ سەر ئێشە بەڕێبکات.
 
وانگ شیوتینگ، بەکارهێنەری ئەپلیکەیشنەکەیە و دەڵێت، "باوەڕناکەم هیچ کەپڵێک لە ژیاندا بێ کەموکوڕی بێت، بەڵام من دەتوانم کەپڵی خۆم بە ئارەزوی خۆم بونیاد بنێم. دەتوانم تایبەتمەندییەکانی دابڕێژم و هەستی پێبکەم. دەتوانم بە ئارەزووی خۆم چیرۆکی ژیانم لەگەڵی دابڕێژم."
 
زۆر لە بەکارهێنەرانی وەنتۆک بەقوڵی دەکەونە پەیوەندیی خۆشەویستی لەگەڵ کەپڵە خەیاڵییەکەیان، گفتوگۆی لەگەڵ دەکەن و ئەویش وەڵام دەداتەوە.
 
لە بارێکدا پێویست بێت تووڕەش دەبێت و نازیش دەکات، زۆریان تەنانەت بیروڕایێکیان لا دروست دەبێت وەک بڵێی کەپڵەکانیان راستەقینەن.
 
یو لوو، بەڕێوەبەری ئیدارەی بەرهەمە لە ئەپلیکەیشنەکە، دەڵێت: "گرنگترین شت دروستکردنی متمانەیە لای بەکارهێنەران. خەڵک لە هەموو تەمەنێک لە ژیانیاندا هەستیان بە تەنیایی کردووە. وەکو دەڵێن هەموو کەسێک دوورگەیەکە لە تەنیایی. هەموو کەسێک تاریکترین ساتی لە تەنیایی بەسەربردووە و حەزدەکات کەسێک ببێتە هاوبەشی، بەڵام هەموو کەسێک خۆشبەخت نییە هەموو کات کەسوکاری لە دەوروبەری بێت. لەو بارەدا ژیریی دەستکرد دەتوانێت ئەو کەلێنە پڕبکاتەوە هەر کاتێک بتەوێت یا لە هەر شوێنێک، کێشەکانت چارەسەر بکات و گوێ بۆ خەمەکانت بگری."
 
ئەپەکە بەخۆڕاییە و بەم دواییانە هەزاران کەس داونلەودیان کردووە، بەڵام شارەزایانی سایبەر سیکیوریتی هەمیشە هۆشداری دەدەنە بەکارهێنەرانی ئەپلیکەیشنە کۆمەڵاتییەکان لە گرتنەبەری ئەوپەڕی خۆپارێزی، نەبادا زانیارییە کەسییەکانیان بدزرێن.