فەرەنسا دوو هۆڵی نەشتەرگەریی گەڕۆک دەنێرێتە دیلۆک
رووداو دیجیتاڵ
فەرەنسییەکان 50 تۆن هاوکاریی مرۆییان بۆ باکووری کوردستان و تورکیا دەنێرن، هاوکارییەکان راستەوخۆ لە دیلۆک دادەگیرێن، ئەو شوێنەی نزیکە لە چەقی بوومەلەرزە بەهێزەکەوە.
هاوکارییەکان لە کەرەستەی خۆگەرمکردنەوە و پاککردنەوە تاوەکو کەرەستەی پزیشکی دەگرێتەوە. دامین دینیزۆ، گوتەبێژی دامەزراوەی CGM دەڵێت، "لەنێو هاوکارییەکاندا هەموو شتێک کە لە نەخۆشخانەیەکی کلاسیکی دەبێت هەبن، بەردەستن. رایەخ هەیە، کەرەستەی پاککردنەوە هەیە، کەرەستەی پزیشکی و فریاگوزاری هەیە؛ دوو ژووری نەشتەرگەریش لەخۆدەگرێت و هەموو ئەو کەرەستانە رەوانە دەکەین."
هاوکاریی مرۆیی لەم کاتەدا کە ژمارەی برینداران بۆ سەرووی 80 هەزار کەس بەرزبووەتەوە، زۆر پێویستە.
پاتریک بریناک، فەرماندە لە ئاگرکوژێنەوەی باشووری فەرەنسا دەڵێت، "دوو هۆڵی نەشتەرگەری دەنێرین کە دەتوانرێت هەموو جۆرە نەشتەرگەرییەکی لێ ئەنجام بدرێت، پزیشکی گشتی و پزیشکی نەشتەرگەری و دەرمانساز و پەرستار و کەسانی لۆجیستی و هەموو شتێک کە لە نەخۆشخانەدا هەن لەخۆدەگرێت."
بەشێک لەو وڵاتە ئەوروپییانەی هاوکارییان بۆ باکووری کوردستان و تورکیا ناردووە بەم شێوەیەن:
نەمسا: 84 سەرباز و 3 ملیۆن یۆرۆ
دانیمارک: 30 ملیۆن یۆرۆ
فەرەنسا: 139 ئەندامی بەرگریی شارستانی، 50 تۆن هاوکاریی مرۆیی و 12 ملیۆن یۆرۆ
ئەڵمانیا: 50 ئەندامی تیمی رزگارکردن، 7 سەگی راهێنراو بۆ دۆزینەوەی مرۆڤ و 26 ملیۆن یۆرۆ
یۆنان: 40 تۆن هاوکاریی مرۆیی
ئیتاڵیا: ملیۆنێک و 750 هەزار یۆرۆ
سوێد: سێ ملیۆن و 299 هەزار و 598 یۆرۆ
فینلاند: یەک ملیۆن یۆرۆ
بەریتانیا: 77 ئەندامی تیمی فریاگوزاری و 7.8 ملیۆن پاوەن
تێکڕا، لانیکەم 105 وڵات و 16 رێکخراوی نێودەوڵەتی هاریکاریی مرۆییان بۆ تورکیا و سووریا ناردووە، 11 وڵات تیمی گەڕۆکیان لەگەڵ سەگی راهێنراو بۆ ناوچە زیانبەرکەوتووەکان ناردووە.