ناسا: 2022 یەکێک بووە لە ساڵە گەرمەکانی مێژوو
رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی بۆشایی ئاسمانیی ئەمریکا، ناسراو بە ناسا ئاشکرای کرد، ساڵی 2022، یەکێک بووە لە گەرمترین ساڵەکان لە مێژوودا، لەو کاتەوەی پلەی گەرمی لە جیهاندا بە فەرمی تۆمار دەکرێت.
رۆژی پێنجشەممە 12ی کانوونی دووەمی 2023، بەڕێوەبەرایەتیی نیشتمانیی کەشوهەوای ئەمریکا (NOAA) و ئاژانسی بۆشایی ئاسمانیی ئەمریکا، ناسراو بە ناسا ئاشکرایان کردووە، ساڵی رابردوو پێنجەم گەرمترین ساڵ بووە لە مێژوودا و بە بەراورد بە پلەی گەرمی سەدەی 20ـەم، 1.6 پلە گەرمتر بووە.
هەروەها هەردوو ئاژانسە ئەمریکییەکە، هۆشدارییان داوە لەوەی کە گۆڕانی کەشوهەوا و گەرمبوونی گۆی زەوی لە ساڵانی داهاتوودا فراوانتر و خراپتر دەبێت.
گێڤن شیمدت، بەڕێوەبەری پەیمانگای گۆدارد لە ئاژانسی ناسا رایگەیاند: "هەردوو راپۆرتی ناسا و ئاژانسی چاودێری کەشوهەوا ئەوەیان دۆزیوەتەوە کە نۆ ساڵی رابردوو، نۆ گەرمترین ساڵ بوون لە مێژوودا لە ساڵی 1880وە، ئەوکاتەی بۆ یەکەمجار تۆمارکردنی پلەی گەرمی تۆمار کرا."
زانایان ئاماژەیان بەوە کردووە، لە ساڵانی 1880کانەوە، گۆی زەوی بە 1.1 پلە گەرمتر بووە، هەر بۆیە لە ساڵی 2015 وڵاتانی جیهان رێککەوتنی پاریسیان واژۆ کرد، وەکو هەنگاوێک بۆ رێگریکردن لە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.
هەروەها لە راپۆرتەکەی ناسا هاتووە، ساڵی رابردوو چەندین کارەساتی سرووشتی لە جیهاندا روویانداوە، کە ئاماژەن بۆ کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە جیهاندا، وەکو لافاوە بەهێزەکەی پاکستان و هەروەها شەپۆلی گەرمای وڵاتانی ئەوروپا و ئاسیا کە لە چەندین وڵاتی ئەوروپی وشکەساڵی راگەیێندرا.
هەروەها لە درێژەی راپۆرتەکەی ناسادا هۆشداری لەبارەی داهاتووی دەریاکان داوە، کە ساڵ لە دوای ساڵ ئاستیان دادەبەزێت.
بەگوتەی شارەزایان بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە ساڵی رابردوودا، کاریگەریی لەسەر سەهۆڵبەندەکانی جەمسەری باکوور هەبووە، هۆشداریشیان داوە کە ئاگری دارستانەکان زۆرتر دەبن و رووبەری وشکەساڵیش فراوانتر دەبێت، بەمەش زیانێکی گەورە بە کەرتی کشتوکاڵ و سەوزایی لەسەر گۆی زەوی دەکەوێت.