بلینکن دەڵێت، پێویستە هەسەدە بتوانێت لە شەڕی دژی داعش بەردەوامبێت
رووداو دیجیتاڵ
لە بارەی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، واشنتن نایەوێت هیچ شەڕێکی دیکە لە نێو سووریا رووبدات و جەخت لە گرنگیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە شەڕی دژی داعش دەکاتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12-12-2024، دوای ئەوەی لەگەڵ شا عەبدوڵڵای دووەمی ئوردن کۆبووەوە و پێش ئەوەی بەرەو تورکیا بەڕێبکەوێت، ئەنتۆنی بلینکن لە فڕۆکەخانەی شاری عەقەبە قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد.
لەبارەی هێرشی ئەو گرووپە چەکدارانەی کە تورکیا پشتیوانییان لێدەکات بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە، بلینکن گوتی: "تورکیا بەرژەوەندیی روون و راستەقینەی هەیە، بە تایبەتی پەیوەست بە بابەتی پەکەکە و تیرۆر، کە هەڕەشەیەکی بەردەوامە بۆ سەر تورکیا".
بەڵام بلینکن روونیشیکردەوە کە واشنتن دەیەوێت لە هەمان کاتدا رێگری لە هەڵگیرسانی هەر ململانێیەکی دیکە لەنێو سووریا بکات.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوە کرد، بۆ ئەوەی حکومەتی کاتیی سووریا بتوانێت رێگەیەکی باش بۆ داهاتووی سووریاییەکان بگرێتەبەر، "دەبێت دڵنیابینەوە لەوەی جارێکی دیکە داعش سەرە قێزەونەکەی هەڵناداتەوە". گوتیشی: "لایەنێکی زۆر گرنگیش بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ئەوە روونادات، ئەوەیە کە بە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ناودەبرێت کە ئێمە پشتیوانیمان لێکردوون".
بلینکن جەختیکردەوە کە هەسەدە "لە دوورخستنەوەی مەترسیی داعش زۆر گرنگ بووە، هەروەها لە پاسەوانیکردنی ناوەندەکانی دەستبەسەرداگرتن کە ماوەی چەندین ساڵە هەزاران چەکداری تیرۆرستی بیانیی داعشیان تێدا بەندکراون زۆر گرنگ بووە، بۆ ئەوەی نەتوانن بگەڕێنەوە گۆڕەپانی جەنگ و نەتوانن بگەڕێنەوە نێو داعش. ئەوە ئەرکێکی گرنگە و پێویستمان بەوەیە بەردەوامبێت".
دوای ئەوەی کە دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆن؛ رژێمی ئەسەدیان رووخاند، گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری تورکیا دەستیان بە هێرشکردنە سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی شەڕڤانان کرد.
هەسەدە لە بەشێکی دێرەزوور و منبج لە رۆژئاوای رووباری فورات کشانەوەی خۆی راگەیاند و ئەو ناوچانە کەوتنە ژێر کۆنترۆڵی گرووپە چەکدارەکان.
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە رۆژی دووشەممە 10-12-2024، رایگەیاند، بە نێوەندگیریی ئەمریکا لە منبج ئاگربەست کراوە، "لەپێناو سەلامەتیی هاووڵاتیان و داهاتووی وڵات" شەڕڤانان لە شارەکە دەبەنە دەرەوە.
مەزڵووم عەبدی لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا گوتی: "لەکاتیکدا شەڕڤانانمان لە منبج بەردەوامن لە بەرگریکردن بۆ وەستاندنی ئەو هێرشانەی لە رۆژئاوای فوراتەوە دەکرێن، ئێمە بە نێوەندگیریی ئەمریکا گەیشتینە رێککەوتنێک بۆ ئاگربەست لە منبج، لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سەلامەتیی هاووڵاتیان".