پیاوێک لە ئەمریکا زۆرترین نوقڵ بە ریشی هەڵدەگرێت
رووداو دیجیتاڵ
پیاوێک لە شاری بۆیز لە ویلایەتی ئایدەهۆی ئەمریکا دەیەوێت ژمارەی پێوانەیی بشکێنێت بۆ هەڵگرتنی زۆرترین نوقڵ بە ریشە درێژەکەی. چاودێرانی کتێبی گینسیش رۆیشتوونەتە شارەکە و لە نزیکەوە سەیری جۆوڵ ستراسەر دەکەن کاتێک یەک یەک نوقڵی درێژ و باریک دەخاتە نێو ریشییەوە.
هەر نوقڵێک درێژییەکەی 35 سانتیمەترە و دوای دانانی هەر چەند دانەیەک، پێویستی بە پشووێک هەیە.
جۆوڵ ستراسەر ئەو پیاوەیە کە کێبڕکێ دەکات ناوی بچێتە کتێبی گینسەوە، دەڵێت: "پێویستم بەوەبوو خولەکێک بوەستم، خۆم یەکخەمەوە و هەناسەیەکی قووڵ هەڵمژم، ئینجا دەستبکەمەوە بە دانانەوەی نوقڵەکان، هەر کات ئەوەکرا، گوشارەکە دەستپێدەکاتەوە."
ریشی جۆوڵ ستراسەر قورس بووە، بەڵام هەوڵەکەی لەپێناو بەدەستهێنانی 15مین ژمارەی پێوانەیی جیهانییە.
لەکۆتاییدا جۆوڵ توانی 187 نوقڵی باریک بە ریشەکەی هەڵگرێت و ریکۆردی پێشتر بشکێنێت کە کەسێک 100 نوقڵی بە ریشی هەڵگرتبوو.
جۆوڵ ستراسەر کەسێکی پێداگرە لەسەر خەونەکانی، ئامانجی ئەوەبوو 200 نوقڵ بخاتە نێو ریشییەوە، بەڵام لە 187 هەمووی کەوتنە خوارەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ریکۆردەکە بە جیاوازیێکی زۆرەوە هەر لای خۆیەتی.
ئەو ریشەی ستراسەر بووەتە گەنجینەیەکی بەهادار بۆ جۆوڵ، پێشتر بەو ریشە چەندین ریکۆردی دیکەی شکاندووە. لەنێویاندا هەڵگرتنی 710 کەرەستەی رازاندنەوەی کریسمس و ئاهەنگەکانی سەری ساڵ.