لە سوێد ژنێکی عێراقی بە تۆمەتی ئەندامبوون لە داعش دادگایی دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە سوێد ژنێکی تەمەن 52 ساڵ بەناوی لینا لەینا عیشاق دادگایی دەکرێ. تۆمەتەکەی ئەوەیە کە لەنێوان ساڵانی 2014 تاوەکو 2016 لە شاری رەققەی سووریا بازرگانیی بە ژنانی رفێندراوی ئێزدی کردووە و ئەشکەنجەی داون. 
 
سەلام کوردە، بەرپرسی رەوەندی کوردستانی-سوێد، وردەکاریی ئەو دۆسیەیەی بۆ دیاسپۆرا روونکردەوە و گوتی: "ژنێکی عێراقی کە خاوەنی وڵاتینامەی سوێدییە ناوی لینا لەینایە و خاوەنی پێنج منداڵە، لە ساڵی 2013 بە دوای مێردەکەی چووەتە سووریا، ئەو ژنە لە دادگەیەکی سوێد بە تۆمەتی ئازاردان و کڕین و فرۆشتنی ژنانی کوردی ئێزدی لە سووریا، دادگایی دەکرێت".
 
سەلام کوردە گوتیشی: "ئەو ژنە دوای گەڕانەوەی لە سووریا بۆ سوێد دادگایی کرا بە تۆمەتی بردنی منداڵەکانی بۆ نێو داعش و هەروەها بەشوودانی کچێکی کە ئەوکات تەمەنی 14 ساڵان بوو و دادگە سزای زیندانیی پێنج ساڵی بەسەردا سەپاند، ئێستا ماوەی دوو مانگە بە تۆمەتی کڕین و فرۆشتنی ژنانی کوردی ئێزدی دەستگیرکراوە و چاوەڕوان دەکرێت تۆمەتەکانی بەسەردا ساخبنەوە و سزا بدرێت".
 
سەلام کوردە دەڵێت: "دادگاییکردنی ئەو ژنە بەشێوەی نهێنی بەڕێوەدەچێت و یەکەمجارە حکومەتی سوێد کەسێک لەسەر کەیسی کڕین و فرۆشتنی ژنانی کوردی ئێزدی لە وڵاتەکەی دادگایی بکات".
 
سەلام کوردە ئاماژەی بەوەکرد کە خۆی و هەروەها کۆمەڵە و رێکخراوە کوردییەکان گوشارەکانیان بۆ سەر حکومەتی سوێد زیاد دەکەن بۆ ئەوەی ئەو ژنە بە سزای خۆی بگات.