لە دوبەی درۆنێکی تاکسی تاقیدەکرێتەوە

12-10-2022
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
درۆنی تاکسی لە دوبەی
درۆنی تاکسی لە دوبەی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رۆژی سێشەممە لە شاری دوبەی درۆنێکی تاکسی کە لەسەر شێوەی ئۆتۆمبێلە، تاقیکرایەوە. ناوی درۆنەکە ئێکس پینگ ئێکس 2ـە. دەکرێ ئامرازێک بێت بۆئەوەی لە رێگەیەوە لە داهاتوودا خەڵک لە ئاسمانەوە بچنە شوێنی مەبەست و دووچاری قەرەباڵخیی نێوشار نەبنەوە.
 
درۆنەکە لە لایەن کۆمپانیای ئێکس پینگی چینییەوە دروستکراوە. مینگ کواو کیو، بەڕێوەبەری گشتیی ئێكس پینگ دەڵێت، "ئێستا لە لێکۆڵینەوەداین؛ هەنگاو بە هەنگاو دەچینە نێو بازاڕی جیهان و سەرەتا دوبەیمان هەڵبژارد، چونکە نوێگەرترین شاری جیهانە. ئەمە یەکەمین گەشت و هەنگاومانە بەرەو بەجیهانیبوون".
 
کێشی درۆنە تاکسییەکە 700 کیلۆگرامە، توانای گەشتکردنی لە هەر کاژێرێکدا 130 کیلۆمەترە. توانای هەڵگرتنی دوو کەسی هەیە و لە رێگەی هەشت پەروانەوە کاردەکات.
 
بەرپرسانی دوبەی دڵخۆشن بەوەی شارەکەیان بۆ تاقیکردنەوەکە هەڵبژێردراوە، دەشڵێن، کار بۆ داڕشتنی چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ ئۆتۆمبێلە ئاسمانییەکان دەکەن.
 
عومەر خان، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دوبەی گوتی، "پێشبینی دەکەین لە ساڵی 2024ـدا نەوەیەکی نوێی ئەو ئۆتۆمبێلانە ئامادەبن و لە ساڵی 2026ـیشدا تاقیکردنەوەی زیاتری فڕین بەجێ دەگەیێنین. ئەم ئۆتۆمبێلە 700 کیلۆیە، بەڵام کە دەفڕێت هەستناکەی کێشەکەی ئەوەندەیە و شێوەی لە درۆن دەچێت. ئەمە یەکەمین هەنگاوە لە بەدیهێنانی ئەم خەونە".
 
سەرەڕای پێشڤەچوونەکان، ئۆتۆمبێلی ئاسمانی چەند ئاڵنگارییەکی لەبەردەمدا ماوە، لەوانە تەمەنی پاتری، کۆنترۆڵی هاتووچۆی ئاسمانی و کێشەکانی سەلامەتی.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە