بەڤیدیۆ: بۆ یەکەمجار و بەشێوەی گەشتیاری مرۆڤ لە بۆشایی ئاسمان پیاسە دەکات

رووداو دیجیتاڵ 
 
ئەمڕۆ رۆژێکی لەبیرنەکراوە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا؛ ملیاردێرێک و ئەندازیارێک بەشێوەی گەشتیاری لەو دیو زەوییەوە لەنێو کەپسولەکەیاندا دەچنە دەرەوە و پیاسە دەکەن.
 
ئەم چالاکییە لە لایەن کۆمپانیای سپەیس ئێکسی ئیلۆن مەسکەوە رێکخراوە.
 
مەبەست لە "بەشێوەی گەشتیاری" ئەوەیە کە پێشتر رووینەداوە کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت لە بۆشایی ئاسماندا پیاسە بە مرۆڤ بکات، بەڵکو تەنیا ئەندازیارانی دامەزراوەکانی وەکو ناسا و وێستگەی نێودەوڵەتیی بۆشایی چوونەتە دەرەوەی کەپسولەکانیان.
 
کەپسولە ئاسمانییەکەی سپەیس ئێکس ناوی دراگۆنە و چوار کەسی هەڵگرتووە کە بریتین لە جەیرد ئیساکمان، ملیاردێری ئەمریکی و خاوەن کۆمپانیای تەکنەلۆجی، سارا گیڵیس، ئەندازیاری سپەیس ئێکس، سکۆت پۆتیت و ئانا مینۆن کارمەند و ئەندازیارانی سپەیس ئێکس.
 
لەو چوار کەسە، تەنیا جەیرد ئیساکمان و سارا گیڵیس دەچنە دەرەوەی کەپسولەکە بۆ ماوەی چەند خولەکێکی کەم.