فوئاد حوسێن: گرنگە چارەسەرێکى خێرا بۆ پارە بلۆککراوەکانى ئێران لە عێراق بدۆزرێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیرى دەرەوەى عێراق لە کۆبوونەوەى لەگەڵ یاریدەدەرێکى وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا رایگەیاند، گرنگە چارەسەرێکى "خێرا" بۆ پرسی پارە بلۆککراوەکانى ئێران لە عێراق بدۆزرێتەوە، کە لە بەرژەوەندیى هەردوولا بێت.
 
فوئاد حوسێن، وەزیرى دەرەوەى عێراق لە واشنتن لەگەڵ جۆن باس، یاریدەدەرى وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا بۆ کاروبارى کارگێڕى و سیاسى کۆبووەوە.
 
بەگوێرەى وەزارەتى دەرەوەى عێراق، لەو کۆبوونەوەیەدا باس لە پرسی پارە بلۆککراوەکانى ئێران لە عێراق کراوە.
 
فوئاد حوسێن رایگەیاندووە، گرنگە چارەسەرێکى خێرا و دادوەرانە بۆ ئەو پرسە بدۆزرێتەوە، بە شێوەیەک کە لە بەرژەوەندیى هەردوولا بێت و سەقامگیریى دارایی لە ناوچەکە بەهێز بکات.
 
نزیکەى 11 ملیار دۆلارى ئێران لە عێراق بلۆک کراوە، ئەوەش بەهۆى ئەو سزا ئابوورییانەى واشنتن بەسەر تارانیدا داوە.
 
فوئاد حوسێن رایگەیاندووە، "پێویستە پاڵپشتیى کەرتى دارایی و بانکى عێراق بکرێت و گرنگى بە ئاڵنگارییەکانى پەیوەندیدار بە بەکارهێنانى دۆلار لە مامەڵە داراییەکاندا بکرێت."
 
ئەو پارە بلۆککراوانەى ئێران، پارەی کڕینى کارەبا و گاز بووە لە کۆمارى ئیسلامیى ئێران، لە ساڵى 2023 بەگوێرەى رێککەوتنێک، زیاتر لە 10 ملیار دۆلار لەو قەرزانە بە مەرج درانەوە.