چوار کۆچبەر لە نۆکەندی ئینگلیز دا خنکان
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی فەرەنسا دەڵێن، شەوی رابردوو چوار کۆچبەر لە کەناراوەکانی باکووری وڵاتەکە لەکاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە لە نۆکەندی ئینگلیز خنکاون.
کۆچبەرەکان بەڕێگەوە بوونە بۆ ئەوەی بچنە بەریتانیا کاتێک بەلەمەکەیان وەرگەڕاوە؛ تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی ناسنامەی کۆچبەرەکان ئاشکرا نەکراوە و نازانرێت خەڵکی کوێن.
بەرپرسانی کەناراوەکانی فەرەنسا باس لەوە دەکەن، لە هەڵمەتێکی گەڕاندا کە هێلیکۆپتەر و بەلەمی بچووکیش بەشدارییان تێدا کردووە، 63 کۆچبەری دیکە کە لەنێو بەلەمێکدا بوونە و رزگارکراون.
ئێڤێت کووپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا رووداوەکەی بە "زۆر ناخۆش" وەسف کرد.
پاسەوانی کەناراوییەکانی فەرەنسا رایانگەیاند، بەلەمەکە چووپ بووە و لەدوای ئەوەی پەنچەر بووە، نقوم بووە.
سەرەتا کاژێر 4:30 خولەکی بەرەبەیان بەکاتی نێوخۆی فەرەنسا [5:30 بەکاتی هەولێر] هەواڵی ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکە گەیشتووەتە پاسەوانی کەناراوییەکانی وڵاتەکە. دوای 30 خولەک کۆچبەرەکان بە هێلیکۆپتەر دۆزراونەتەوە: "بەشێکیان لەنێو ئاودا پەڵەقاژێیان بووە، و بەشێکی دیکەشیان خۆیان بە پارچەی پلاستیکی بەلەمەکەیانەوە گرتووە."
پاسەوانی کەناراوەکانی فەرەنسا دەڵێت، 14 کەس لەرێگەی بەلەمە بچووکەکانەوە رزگارکراون و 49 کەسی دیکەش بە کەشتیی هێزی دەریاوانیی وڵاتەکە رزگارکراون. دواتر هەموویان براونەتە شاری بولۆینی باشووری کالێ کە دەکەوێتە سەر کەناڵی ئینگلیز.
لای خۆیەوە، پاسەوانی کەناراوییەکانی بەریتانیا دەڵێت، دوو بەلەمی بەهاناوەچوونیان ناردووەتە دۆڤەر لەسەر نۆکەندی ئینگلیز بۆ ئەوەی بەهانای کۆچبەرانەوە بچن، بەڵام داوایان لێنەکراوە لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەکە بەشدار بن.
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا دەڵێت، تەنیا رۆژانی دووشەممە و سێشەممەی رابردوو 484 کۆچبەر لە نۆکەندی ئینگلیز پەڕیونەتەوە.
رۆژی 18ـی حوزەیران 882 کەس بە 15 بەلەمی بچووکەوە لە نۆکەندی ئینگلیز پەڕینەوە؛ ئەوەش زۆرترین ژمارەی کۆچبەران بوو لە تەنیا رۆژێکدا بپەڕنەوە، دوای ئۆکتۆبەری 2022.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە، سەرووی 13 هەزار کەس لە نۆکەندی ئینگلیزەوە خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا.