هەڵەی نوێی بایدن؛ زیلینسکی و پووتین تێکەڵ دەکات
رووداو دیجیتاڵ
هەموو چاوەکان لەسەر کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەی سەرۆکی ئەمریکا بوون لە دوایین رۆژی لووتکەی ناتۆ، بەڵام بایدن جارێکی دیکە چەندین هەڵەی زەق و گەورەی بەسەردا تێپەڕین و دەنگی ناڕەزایەتیی نێو دیموکراتەکانیشی زیاتر کرد.
سەرەڕای ئەو هەڵە و ناڕەزاییانە، جۆ بایدن دووپاتیکردەوە کە بەردەوام دەبێت و درێژە بە کێبڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەدات.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لووتکە سێ رۆژییەکەی ناتۆ کە لە واشنتن لەلایەن بایدنەوە سەرۆکایەتی دەکرا، کۆتاییهات.
لەو کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەدا، بایدنی تەمەن 81 ساڵ، ڤۆلۆدمێیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینای بە "ڤلادمێیر پووتین"ی سەرۆکی رووسیا ناساند و گوتی، "بەڕێزان، سەرۆک پووتینتان پێ دەناسێنم"، دوای ئەوە خۆی راستدەکاتەوە و دەڵێ "سەرۆک پووتین؟ لە سەرۆک پووتین دەبەمەوە، سەرۆک زیلینسکی، ئەوە زۆر سەرنجم لەسەر ئەوەیە پووتین ببەزێنم."
دواتر لە وەرگرتنی چەند پرسیارێک لە رۆژنامەڤانان، بایدن، کامالا هاریسی جێگری لەگەڵ ترەمپ دا تێکەڵاو کرد.
کاتێک پرسیاری لەبارەی هاریسەوە لێکرا کە ئایا هیچ گومانی لە توانا و ئاستی جێگرەکەی هەیە، ئەگەر بێت و شوێنی ئەو بگرێتەوە، بایدن لە وەڵامدا گوتی "بڕیارم نەدەدا ترەمپ بکەمە جێگری سەرۆک، ئەگەر بڕوام نەبووایە ئەو [هاریس] شیاوی ئەوە نییە ببێتە سەرۆک."
هەر لەگەڵ ئەو هەڵەیە، ترەمپ لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییە تایبەتییەکەیەوە بەناوی Truth، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکە نووسیویەتی "ئیشێکی باشت کرد جۆ!"
سەرەڕای ئەو هەڵانە، بایدن بەڵێنیدا لە ئەرکەکەی بەردەوام بێت و گوتی "من لەپێناو ناوبانگی خۆم لێرە نامێنمەوە و لەپێناو کۆتاییهێنان بەو ئەرکەی دەستپێکرد، لێرەم."
هەروەها گوتیشی "خشتەی کارەکانم پڕن، بۆیە ئەگەر جووڵەکانم خاوبوونەتەوە و ئەرکەکانم رانەپەڕێنم، ئەوە ئاماژەن کە نابێت ئەم کارە بکەم و بەردەوام بم، بەڵام هیچ ئاماژەیەکی لەوجۆرە نییە."
نیگەرانیی دیموکراتەکان
رۆژ لەدوای رۆژ ژمارەی ئەو بەرپرسانەی نێو پارتی دیموکرات زیاتر دەبن کە داوا دەکەن بایدن لە بەربژێربوونی بکشێتەوە.
هەر لەدوای تەواوبوونی کۆنفرانسەکە، یەکێک لە کۆنگرێسمانەکانی پارتەکەی بایدن، جیم هایمس، کە هاوکات سەرۆکی لیژنەی هەواڵگریی کۆنگرێسیشە، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند "هەڵبژاردنەکان پێناسەی دیموکراسی ئەمریکا دەکات، بۆیە دەبێت بەربژێرێکی بەهێزمان هەبێت، هەر بۆیە لەو بڕوایەدانیم چیدیکە ئەو بەربژێرە جۆ بایدن بێت."
جۆ بایدن هەڵە دەکات و بە ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت پووتین. pic.twitter.com/78ohSCS3hh
— Rudaw (@Rudawkurdish) July 12, 2024
کۆنگرێسمانەکە دەڵێت، "هیواداریشم هەروەکو بەڵێنیدا بایدن بەرژەوەندیی وڵاتەکەمان بخاتە پێش بەرژەوەندییەکانی خۆی و رێگە بە سەرکردەکانی دیکە بدات بێنە پێشەوە."
ئەمەش لەدوای ئەوەی رۆژی پێنجشەممە، ئەکتەری ناسراوی ئەمریکی جۆرج کلوونی، راگرتنی پشتگریی خۆی بۆ بایدن لە هەڵبژاردنەکان راگەیاند و لە گوتارێکدا لە رۆژنامەی نیویۆرک تایمز رایگەیاند، "من بڕوای تەواوم بە سەرۆک بایدن هەیە و وەکو هاوڕێ تەماشای دەکەم، و لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا، توانیویەتی زۆربەی شەڕەکان بباتەوە، بەڵام ئەمجارە بایدن ناتوانێت لە کات بباتەوە و کەسمان لە کات نابەینەوە."
دوا بە دوای کۆنفرانسەکەی بایدن، میدیای ئەمریکا بڵاویکردەوە، تیمی هەڵمەتی هەڵبژاردنەوەی بایدن راپرسییەکی کردووە وەکو تاقیکردنەوە لەنێوان کامالا هاریس و دۆناڵد ترەمپ، لە ئەگەری کشانەوەی بایدن و جێگرتنەوەی بە هاریس، بەگوێرەی ئەو راپرسییە، لەنێو کەسانی بەتەمەن، هاریس بە بەدەستهێنانی 49٪ـی دەنگەکان لەپێش ترمپ بووە بە بەدەستهێنانی 46٪ـی دەنگەکان.
هەرچی لەنێو ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە و بەگوێرەی ئەو راپرسییە، هاریس بە 49٪ بەرامبەر 47٪ لەپێش ترەمپ بووە.