لە لووتکەی ناتۆ وڵاتانی ئەندام پشتگیریی خۆیان بۆ ئۆکراینا دووپاتکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە لووتکەی ناتۆ وڵاتانی ئەندام پشتگیری خۆیان بۆ بە ئەندامبوونی ئۆکراینا لە هاوپەیمانێتییەکە دووپاتکردەوە. سەرۆکوەزیرانی یۆنان بە رووداوی راگەیاند، ئێمە هاوکاری هەمەلایەنەی ئۆکراینا دەکەین، چونکە ئێستا ئۆکراینا بووەتە قوربانیی هێرشێکی دڕندانە.
چوارشەممە، 12-7-2023 دوایین رۆژی لووتکەی ناتۆ بوو لە ڤیلنیۆسی پایتەختی لیتوانیا. سەرکردەکانی ناتۆ دڵخۆشیی خۆیان بەرامبەر ئەو بەڵێنانە دەربڕی کە بۆ پشتیوانیکردنی ئۆکراینا دران.
سەرۆکی ئەو وڵاتەی میوانداریی لووتکەی ناتۆی کرد، پەیامی ناتۆی بۆ ئۆکراینا بە روون دەناسێنێت.
گیتاناس ناوسێدا، سەرۆککۆماری لیتوانیا گوتی "پێموایە، ئەوە یەکەمجارە ئێمە بەڕوونی ئاراستەی بەرەو ناتۆمان پێشانی ئۆکراینا دا. ئێمە چەند پێشمەرجێکی روونمان داوەتە ئۆکراینا، ئەنجوومەنی ئۆکراینا-ناتۆمان هەیە کە چوارچێوەیەکی دامەزراوەییە و کاتێکیش کە مەرجەکان جێبەجێدەکرێن، ئۆکراینا بانگهێشتی (ناتۆ) دەکرێت".
هاتنی سەرۆکە گەنجەکەی ئۆکراینا بۆ لووتکەکە، پەیامێکی کردارییە بۆ مۆسکۆ، کە ناتۆ بەردەوامە لە پشتیوانیکردنی کیێڤ و ئەو پشتیوانییەش ئەگەرچی بەدڵی زیلینسکیش نەبن، ئەوان بە باشی دەزانن.
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئوکراینا لە لووتکەی ناتۆ گوتی "ئێمە گەرەنتییەکی راستەقینەی ئاسایشمان لەلایەن هاوبەشەکانمانەوە پێنەدراوە. مەبەستم ئەوەیە، کە بەشێوەیەکی یاسایی ئێمە گەرەنتی ئاسایشی راستەقینەمان هەیە و گەرەنتی ئابووری، هاوئاهەنگی و پشتگیری بەرگریمان هەیە، ئەوەش دەکرێت وەکو هێمایەک سەیربکرێت بۆ ئەو راستییەی؛ ئێمە جۆرێک لە چەتری ئاسایشمان هەیە".
لە دەرەوەی کۆبوونەوەکان، سەرۆکوەزیرانی یۆنان لێدوانی بۆ رووداو دا، کیریاکوس میتسوتاکیس، سەرۆکوەزیرانی یۆنان گوتی "ئێمە، هاوکاریی هەمەلایەنەی ئۆکراینا دەکەین. پێموایە پێشتر هیچ هاوکارییەکی بەو رادەیە بۆ پشتگیریکرنی وڵاتێک نەبووە، کە شایەنی ئەوەیە بەتەواوەتی پشتگیریی بکرێت، چونکە ئێستا (ئۆکراینا) بووەتە قوربانیی هێرشێکی دڕندانە. پێموایە کە ئۆکرایینییەکان رازین بەو پشتگیرییانەی ئێمە پێشکەشیان دەکەین و، ئێمە وەکو یۆنان ئەوەی لەسەرمانە کردوومانە و باری ئۆکراینامان سووکتر کردووە و لە شەڕەکەدا سەرکەوتوو دەبین، ئەوەش پەیامێکی گرنگە کە ئێمە دەبێت لە ڤیلنیۆسەوە بینێرین".
سەرۆکی وڵاتان و حکومەتەکانی هەر حەوت وڵاتی گەورەی پیشەسازی لەسەر رێبازی رۆژئاوا، پشتیوانیی ئۆکراینا دەکەن لە مەشکپێکردنی هێزە دەریایی و ئاسمانییەکانیان.