خاڵی وەرچەرخان لە بۆشایی ئاسمان.. یەکەمین وێنەی گەردوون بە کوالێتیی بەرز بڵاوکرایەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

یەکەمین وێنەی تەلیسکۆپی جەیمس وێب لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە بڵاوکرایەوە. وێنەکە گەلە ئەستێرەیەک بە  کوالێتییەکی ئێجگار بەرز و سەرنجڕاکێش پێشاندەدات، هاوکات ئەو ئەستێرانەی لە وێنەکەدا دەبیندرێن، ملیۆنان ساڵە رووناکییان بەڕێکەوتووە و ئێستا دەگەنە مرۆڤ.
 
جۆ بایدن لە کۆشکی سپی دەستپێشخەریی کرد بۆ بڵاوکردنەوەی یەکەمین وێنەی تەلیسکۆپی جەیمس وێب، کە وێنەیەکی رەنگاوڕەنگی کوالێتی بەرزە، قوڵایی گەلە ئەستێرەکە پێشاندەدات.
 
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی راگەیاند، "ئەم وێنانە دەرخەری ئەوەن کە ئەمریکا توانای کاری گەورەی هەیە و بیری ئەمریکییەکان و بەتایبەتی منداڵان دەهێنینەوە کە هیچ شتێک لە سەرووی توانای ئێمەدا نییە."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکی ئەمریکا گوتی، "دەتوانین ئەگەری وا ببینین هیچ کەسێک پێشتر نەیبینیوە، دەتوانین بڕۆین بۆ شوێنی وا هیچ کەسێک پێشتر بۆی نەچووە."
 
تەلیسکۆپە 10 ملیار دۆلارییەکەی جەیمس وێب لە ساڵی 1996ـەوە دروستکراوە، دوای 25 ساڵ، لە 25ی مانگی کانوونی یەکەمدا رەوانەی بۆشایی ئاسمان کرا. دوای مانگێک لە هەڵدانی، جەیمس وێب گەیشتە خولگەکەی بە دەوری زەویدا. خولگەکەش چوار جار دوورترە لە دووریی مانگ بۆ زەوی.
 
روونترین وێنەی گەردوون لە مێژوودا
 
وێنەی تەلیسکۆپی جەیمس وێب 100 جار لە وێنەی تەلیسکۆپی هەبڵ جوانتر و روونترە، بەڵام تواناکانی لێرەوە کۆتایی نایەت، جەیمس وێب دەتوانێت 13.8 ملیار ساڵ رابردوو پێشانبدات، ئەم وێنەیەی شەوی رابردوو جۆ بایدن بڵاویکردەوە، 4.6 ملیار ساڵ پێش ئیستایە. هەبڵ دەیتوانی کۆنترینی گەلەئەستێرەکان ببینێت، بەڵام ئەوەی جەیمس وێب کردی خاڵی وەرچەرخان بوو لە توانای بینینی گەردوون لە قوڵایی و کوالێتیی بەرز و هەروەها یەکەمین گەلە ئەستێرەمان پێ بناسێنێت.
 
تواناکانی جەیمس وێب
 
توانای تێلیسکۆپەکە سەرسووڕهێنەرە؛ دەتوانێت گەشت بەنێو کاتدا بکات و بۆ پێش 13.8 ملیار ساڵ بگەڕێتەوە، واتە دوای روودانی تەقینەوەی بیگ بانگ.
 
جیاوازیی ئەم تەلیسکۆپە لەگەڵ تەلیسکۆپی هەبڵ ئەوەیە کە، هەرچی هەبڵە لە خولگەی زەویدا دەسووڕێتەوە؛ بەڵام جەیمس وێب بە دەوری خۆردا دەسووڕێتەوە.
 
تەلیسکۆپەکە بە دووریی یەک ملیۆن و 500 هەزار کیلۆمەتر لە زەوی دوورکەوتووەتەوە. یەکەم وێنەی تەلیسکۆپەکە دیمەنی ئەستێرەیەکی گازییە بەناوی کارینا نێبولا، کە 7 هەزار و 600 ساڵی رووناکی لە زەوییەوە دوورە، ئەوەش بە یارمەتیی هاوێنەی سەرەکی، کە تیرەکەی 6.5 مەتر دەبێت، ئەوەش لە کاتێکدایە کە تیرەکەی هەبڵ تەنیا 2.4 مەترە.
 
تێچووی پڕۆژەی جەیمس وێب 10 ملیار دۆلارە. ئەوەش دەبێتە یەكێک لە بە بەهاترین پڕۆژەی زانستی. ناساش دەڵێت، بەهۆی سووتەمەنییەکەیەوە، تەلیسکۆپەکە دەتوانێت بۆ ماوەی 20 ساڵ بەبێ گەڕانەوە گەشت بەنێو بۆشایی ئاسماندا بکات و مێژووی گەردوونمان پێشانبدات.