نیویۆرک..تابلۆیەکی پیکاسۆ بە 179 ملیۆن دۆلار فرۆشرا
رووداو - نیویۆرک
لە مەزادێکی ئاشکرادا لە ئەمریکا، تابلۆیەکی پابلۆ بیکاسۆی هونەرمەندی بەناوبانگی ئیسپانی ژمارەی پێوانەیی شکاند ، کاتێک بە 179 ملیۆن دۆلار فرۆشرا، هەروەها پەیکەرێکی پەیکەرتاشی ئیتاڵی ئەلبێرتۆ گیاکۆمێتی وەک گرانبەهاترین کاری دەستی و پەیکەرتاشی بە ١٤١ ملیۆن دۆلار فرۆشرا.
درەنگانی شەو لە نمایشێکدا لە شاری نیویۆرک لە مەزادێکی کراوەدا چەندین کەلوپەلی هونەرمەندە بەناوبانگەکانی جیهان نمایشکرا، ئەو تابلۆ و پەیکەرانەی لەو شوێنە نمایشکران مێژوویی بوون و تەمەنیان زیاتر لە نیو سەدە دەبوو.
لە مەزادەکەدا تابلۆی "ژنەکانی جەزائیر"ی هونەرمەند پیکاسۆ بە نرخی ١٧٩ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار دۆلار فرۆشرا، هەروەها پەیکەری " پیاوی دەستنیشانکراو"ی پەیکەرتاش ئەلبێرتۆ گیاکۆمێتی بە ١٤١ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار دۆلار فرۆشرا.
هەرچەندە مەزادەکە کراوەبوو، بەڵام کڕیارانی تابلۆ و پەیکەرەکە داوایانکرد ناویان ئاشکرانەکرێت، پێشتریش تابلۆی "خانمەکانی جەزائیر" موڵکی دوو ئەمریکی بەناوەکانی ڤیکتۆر و سالی گانز بوو، کە ئەوانیش ئارەزوویان لە شتە گرانبەهاکانە.
لەو مەزادەدا لە کۆی ٣٥ پارچە ٣٤یان فرۆشران و لەیەک شەودا ٧٠٦ ملیۆن دۆلار خەرجکرا.
فرۆشتنی کەلوپەلە گرانبەهاکان شتێکی باوە و ژمارەی ئەوانەشی کە ئارەزووی کۆکردنەوەی ئەو پارچانە دەدەن رۆژ دوای رۆژ زیاد دەکات.