ئەمریکا رەوا مەجید و تۆڕەکەی دەخاتە لیستی سزاکانییەوە

رەوا مەجید، ئەو کوردەی ئەمریکا خستوویەتییە لیستی سزاکانییەوە.
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتەکانی دەرەوە و گەنجینەی ئەمریکا بە هاوبەشی، تۆڕێکی تاوانکاری و مافیایی سوێدی بە ناوی تۆڕی (فۆکستۆرت) دەخەنە نێو لیستی سزاکانییەوە، کە سەرپەرشتیارەکەی کوردێکی باشووری کوردستانە.
 
رۆژی چوارشەممە، 12ی ئاداری 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا، رایگەیاند: "بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی گەنجینە، تۆڕێکی مافیایی سوێدیان خستە نێو لیستی سزاکانیان، بەتۆمەتی ئەوەی دەستیان لە چەندین تاوانی کوشتن و بازرگانی بە مادەی هۆشبەر و چەکەوە هەبووە. ئەمە جگە لەوەی تۆمەتبار کراون بەوەی ئێران ئەو تۆڕەی بەکارهێناوە بۆ هێرشکردنە سەر شوێنی دیپلۆماسیی ئیسرائیلی و جووەکانی ئەورووپا."
 
بە گوێرەی بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، "سەرپەرشتیاری ئەو تۆڕە کەسێکە بە ناوی رەوا مەجید و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە "تاوانبارێکی هەڵهاتوو" ناوی دەهێنێت."
 
تۆڕەکە لەلایەن رەواوە سەرپەرشتی دەکرێت و ئەو بە گەورەترین مافیای سوێد و داواکراوی ئەو وڵاتە ناسراوە و لە بنەڕەتدا خەڵکی شاری سلێمانییە. 
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، رایگەیاندووە "رەوانە مەجید یەکێکە لە داواکراوەکان و ئێران ئەو تۆڕە و سەرپەرشتیاری تۆڕەکەی بەکارهێناوە بۆ هێرشکردنەوە ئیسرائیل و جووەکان لە ئەورووپا. لەوانە لە کانوونی دووەمی 2024 هێرشیان کردووەتە سەر باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە سوێد."
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، "رەوا مەجید هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران هەبووە و تۆڕەکەش بەرپرسیارە لە بازرگانی بە چەک و دیاردەی تووندوتیژی لە باکووری ئەورووپا."
 
رەوا مەجید تەمەنی 37 ساڵە و لە سوێد بە "رێوییە کوردەکە" ناودەبرێت و هەموو پۆلیسی سوێد بەدوایەوە بوو، لە کاتێکدا رەوا و تۆڕەکەی، بە شەڕە تەقە و تەقینەوەی خوێناوی، سوێدیان بەگیرهێنابوو. 
 
بە گوێرەی میدیای سوێد، رەوا مەجید لە سەرەتای مانگی نۆڤێمبەری 2023 لەسەر سنووری باشوور و رۆژ‌هەڵاتی کوردستان دەستگیرکراوە.